چین- كۆرۆنا ژیان لە 170 كەس دەسێنێت
راچڵەكین-
سەرچاوە تەندروستییەكان لەوڵاتی چین بڵایانكردەوە، تا كۆتایی دوێنێ چوارشەممە، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە 7700 كەس.
لیژنەی تەندروستی نیشتمانی چین، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویكردووەتەوە، لەسەرەتا سەرهەڵدانی ئەو ڤایرۆسە تا رۆژی 29ی ئەم مانگە، 170 كەس گیانیان لەدەستداوە.
هاوكات تائێستا لە 15 وڵاتی تر حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون، نوێترینیان دەستنیشانكردنی حاڵەتێكە لە فنلاند.
ڤایرۆسی كۆرۆنا گرووپێكی فراوانی ڤایرۆسەكانە، ساڵی 1965 لە مرۆڤ دەستنیشانكرا، ساڵی 2002 لە چین بڵاوبووەوە و لە مرۆڤ دەستنیشانكرا، گوازرایەوە بۆ 25 وڵات، 8000 كەسی نەخۆش خست و زیاتر لە 700 كەسی كوشت.
ڤایرۆسەكە جارێكی دیكە لە ساڵی 2012 سەری هەڵدا، لە سعودیە و ئوردون بڵاوبووەەوە و هەمان ساڵ لە 25 وڵات تۆماركرا، نزیكەی 800 كەسی كوشت.
هۆكارەكانی تووشبوون جیاوازن، دەگوترێت لە ئاژەڵەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، بەڵام لە نوێترین زانیارییەكان لەبارەی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە، مەترسیی هەیە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە بگوازرێتەوە.
نیشانەكانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوشێوەی سەرمابوونن، كە پێكدێن لە سەرئێشە، ئاو لە لووت هاتن، كۆكە، تا، هەناسەتەنگی، ئازاری جەستە و لەرز، كە هەموو كات بەم شێوەیە سادە نییە، هەندێكجار هۆكاردەبێت بۆ هەوكردنی سییەكان و لوولەكانی هەوا، رەنگە تووشبووەكە بكوژێت.
رێگەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەكەش ئەمانەن: خۆدوورگرتن لە تووشبووان یان ئەوانەی نیشانەكانیان تێدا دەركەوتووە، دەستشۆردن بە سابوون و ئاو بە بەردەوامی، بەستنی دەمامك، خۆدوورگرتن لە ئاژەڵان و بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەستیان لێنەدرێت.