د. سامان بەرزنجی
راچڵەكین ـ
وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێم تۆمار نەكراوە.
د.سامان بەرزنجی، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی كوردستان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند:" هاوكاری هاوڵاتیان زۆر گرنگە، داوایان لێدەكەین هەر حاڵەتێكی گوماناوی هەبوو ئاگادارمان بكەنەوە، هێڵێكی گەرمیش تایبەت بە نەخۆشخانەی كۆرۆنا دادەنێین".
وتیشی:"حكومەتی هەرێم سیاسەت و رێكاری پێویستی بۆ رێگری لە ڤایرۆسی كۆرۆنا گرتووەتەبەر، بوودجەی پێویستیشی بۆ دابینكراوە".
لەلایەكی ترەوە، وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاندووە، 1400 هاووڵاتی هەرێم كە لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە لەژێر چاودێری پزیشكیدان.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاندووە، تیمی خێرای وەڵامدانەوەیان پێكهێناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لەوبارەیەوە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عیراق لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
لەماوەی چەند رۆژی رابردودا، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران، حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێوشوێنێكی توندی لەخاڵە سنورییەكان گرتووەتە بەر بۆ رێگریكردن لە گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە، هاوكات هاتوچۆی گەشتیاری لەنێوان هەرێم و ئێراندا قەدەغەكراوەو ئەو گەشتیارانەش كەلەو وڵاتەوە دەگەڕێنەوە دەخرێنە ژێر چاودێری تەندروستی.