لافاو چەند وڵاتێكی ئەوروپا دەگرێتەوە

جیهان

4 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 157

راچڵەكین -

بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینە بەخوڕەی كە ناوچەكانی ناوەڕاستی ئەوروپای گرتووەتەوە، لافاو لەچەند وڵاتێك دروستبووەو چەندین كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

لافاوەكان هەریەك لە وڵاتانی نەمسا، پۆڵەندا، چیك و رۆمانیای گرتووەتەوە، لە نەمسا لافاوەكان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەك و راگەیاندنی باری نائاسایی لە ویلایەتی نەمسای خواروو، كە زۆرترین زیانی بەهۆی لافاوەوە لێكەوتووە.

لە پۆڵەنداش بارانبارینی بەخوڕ، بوەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەكان، تیمەكانی فریاگوزاریش ناچاربوون نزیكەی هەزارو 600 كەس لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە بگوازنەوە.

دۆناڵد توسك، سەرۆكوەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند: بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەكان لەناوچەی كلودسكۆ لە باشووری رۆژئاوای وڵات، مەترسی كارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوەو ئەم لافاوە مەترسیدارترە لە لافاوەكەی ساڵی 1997، كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 56 كەس.

لافاوەكە بەشێك لە كۆماری چیك-یشی گرتەوەو تیمەكانی ئەو وڵاتە ناچار بوون نزیكەی دوو هەزار كەس لە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی لافاوی لێ هەستاوە، رزگاربكەن و بۆ ناوچەی دیكە بیانگوازنەوە.

هاوكات، لە رۆمانیاش بەهۆی لافاوەوە پێنج كەس گیانیان لەدەستدا، دەزگای كەشناسیی ئەو وڵاتەش پَشبینی دەكات، بارانبارینی بەخوڕ تا دوو رۆژی دیكەش بەردەوام بێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن