راچڵەکین-
شاندێکی باڵا لە عێراقەوە، بەسەرۆکایەتی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر نرخی دەرھێنانی نەوت و دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوت سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
دوای کۆبوونەوەكهی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق و هەرێمی كوردستان کە لە هەولێر بەرێوەچوو، بڕیاردرا شاندێکی وەزارەتی نەوت سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
بڕیارە شاندەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم کۆبێتەوە.
هۆکاری سەرەکی سەردانکردنی شاندەکە، گفتوگۆکردنە لەسەر نرخی دەرھێنانی نەوت و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لە رێگەی بەندەری جیھانی تورکیەوە.
رۆژی 12ی ئەم مانگەش وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا وتی، پێویستە ھەولێر و بەغداد ئیرادەی بەھێزیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ھەبێت و وڵاتەکەشی ئامادەیە نێوەندگیری ھەولێر و بەغداد بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.