وا نزیک دەبینەوە لەوەی شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕێت، بێئەوەی هیچ هەنگاوێکی کرداری نرابێت بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەم دامەزراوە ئیفلیجکراوەی کە بڕیار بوو ئومێدی گەلی کوردستان بێت.
لەبەرئەوەی کورد خاوەنی هیچ قەوارە و دەسەڵاتێکی دیکەی خۆبەڕێوەبەری نەبوو، کاتێک 33 ساڵ لەمەوبەر یەکەم بناخەی حوکمڕانیی کوردی دانرا، بڕیار درا وەک گەلانی خۆخاوەن، کوردیش ببێتە خاوەن حوکمڕانییەکی خۆماڵی. نەک هەر لە باشووری کوردستان، بەڵکو بۆ کوردی هەموو بەشە داگیرکراوەکان و کوردانی تاراوگەش، بونیاتنانی پەرلەمانی کوردستان وەک بەدیهاتنی خەونێکی گەورە وا بوو، بەڵام جێی داخ و نیگەرانییەکی قووڵە لە یەکەم دەستپێکی هەنگاوەکانی بناخەی دروستکردنی ئەم دامەزراوەیەدا بەرژەوەندیی باڵای حیزب خرایە پێش بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستانەوە و پەرلەمانێکی پشکپشکێنەی حیزبی لەنێوان پارتی و یەکێتی، شوێنی پەرلەمانی گەلی کوردستانی گرتەوە.
ماجەرای 33 ساڵی رابردووی تەمەن و رووداوەکانی پەیوەست بەم دامەزراوەیە، ئاڵۆز و تەمومژاوین، سەرباری هاتنەئارای هێز و بزووتنەوەی سیاسی و جەماوەریی دیکە بۆ ناو پەرلەمان، بەڵام هەر نەتواندرا پەرلەمان لە پشکپشکێنەی حیزبی و ئەو وابەستەیەی بەسەر دوو جەمسەری (ململانێی سیاسیی لەمێژینەی کوردستان)، رزگار بکرێت. وەک زۆر جومگەی دیکەی ناو حوکمڕانیی کوردستان کە پێویست بوو لە دەستکەلای حیزبەکان دەربهێندرێن و بکرێن بە موڵکی گەل، پەرلەمانیش هاوشێوەی ئەوانی دیکە نەتواندرا لە ئامراز و دەسکەلایەکی حیزبییەوە بکرێتە دامەزراوەیەکی نیشتمانی.
سەرباری ئەو وێنە چەسپاوە بەسەر ئەم دامەزراوە گرنگەدا، بەڵام لەبەر نەخەمڵین و دەڵەمەیی دەستکەوتەکانی کورد و بەهۆی ئەوەی هێشتا کوردستان نەیتوانیوە وەک کیانێکی سەربەخۆ بەپێوە رابوەستێت، بۆیە مانەوەی ئەم دامەزراوەیە بۆ کوردستان وەک جۆرێک لە ناسنامە و دڵنیایی مانەوەی قەوارەکەی دادەنرێت.
دوو ساڵ لەمەوبەر بەهۆی خۆدزینەوەی کوردستان لە هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی بێپاساوی تەمەنی پەرلەمان، کاتێک دادگای فیدراڵی درێژکردنەوەی تەمەنی بە نادەستووری لە قەڵەم دا و بەهۆیەوە پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشایەوە، وەک جۆرێک لە مەترسیی نەهێشتنی قەوارەی هەرێم کەوتەوە. زۆربەمان ترسی ئەوەمان هەبوو بەدوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەماندا، دادگای فیدراڵی شەرعیەتی دامەزراوەکانی دیکەی وەک سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتیش نەهێڵێت، بۆیە سەرەڕای ئەوەی ئومێدی ئەوەش لاواز بوو بتواندرێت پەرلەمانێکی جیاوازتر بونیات بنرێتەوە، بەڵام هەموو ئەوانەی لە خەمی داهاتووی کورد و مانەوەی ئەو بستە خاکە ئازادەی جوگرافیای کوردستانین، لە خەمی ئەوەدا بووین کوردستان بە خێرایی بتوانێت بڕیار لەسەر هەڵبژاردن بدات. چونکە ئەگەر بۆ حیزبەکان پرۆسەی هەڵبژاردن بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمان بێت، بۆ گەلی کوردستان، دروستکردنەوەی دامەزراوەی پەرلەمان و وەرگرتنەوەی شەرعیەتی مانەوەی قەوارەکەی بوو کە بەغدا دەیویست هەڵیبوەشێنێتەوە.
پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام درا، شەرعیەتی دامەزراوەکە و دڵنیایی بە سەرپێکەوتنەوەی قەوارەی هەرێم، لە دەستی بەغدا دەرهێندرا و کەوتەوە دەستی هەرێمی کوردستان. دەبوو هێزە سیاسییە بەشدارەکانی پەرلەمانی کوردستانیش وەک تەحەدایەکی گەورە لەم قۆناخی دروستبوونەوەیەی پەرلەمانی کوردستانیان بڕوانیایە و بە خێرایی پەرلەمانیان بخستایەتەوە سەر راستەڕێی خۆی، بەڵام جارێکی دیکەش لە لایەک بەرژەوەندخوازیی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی)، لە لایەکی دیکەشەوە وابەستەییان بە بەرژەوەندیی هێزە هەرێمایەتییەکانەوە، خەریکە دەمانباتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم.
شەش مانگە نەیانتوانیوە پەرلەمان بەگەڕبخەنەوە، هیچ ئاسۆیەکی روون و ئومێدێکیش نییە بتوانن بە شەش مانگی دیکەش بەسەر جیاوازییەکانیدا زاڵ بن و پەرلەمان نەکەنەوە قوربانیی ناکۆکیی و ململانێ ناپێویستەکانی خۆیان و بەرژەوەندیی دەوڵەتانی دراوسێ. ئەو قسانەی لە میدیاکانەوە دەیڵێن و وەک موژدە بەسەر خەڵکیدا دەیبەخشنەوە کە ئەمڕۆ و سبەی پەرلەمان دەست بە کارەکانی دەکات، ناڕاستە و ناتوانن بەربەستەکان تێک بشکێنن.
وەک چۆن لە رابردوودا هەڵە بوو کە خەڵک و هێزە سیاسییەکانی دیکە، هەموو پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکانی کوردستانیان بۆ پارتی و یەکێتی بەجێدەهێشت و ئەوانیش بەو جۆرە مامەڵەیان لەگەڵ کرد، ئەمڕۆ دەرئەنجامەکەی دەبینین. ئێستاش هەڵەیە قەدەری کورد بۆ ئەوان جێ بهێڵدرێت، ناکرێت و نابێت پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانیی کوردستان هەر بەو جۆرە بەردەوام بێت و هەر لەناو بازنەی ململانێی ئەم دوو هێزە سیاسییەدا بخولێتەوە، بەتایبەتی کە ئێستا ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەردەم سەرلەنوێ خۆداڕشتنەوەدایە، زلهێزەکانی جیهان سەرقاڵی دیزاینکردنەوەی نەخشەی ناوچەکەی ئێمەن. وا پێویست بوو کورد لەم کاتەدا لە هەموو سەردەمەکان زیاتر ساز و ئامادەی قۆستنەوەی هەل و دەرفەتەکان بێت. هیچ گومان لەوەدا نییە قۆستنەوەی دەرفەت و بەپیرەوەچوونی هەر پێشهاتێکیش پەیوەستە بە دۆخی ناوخۆی کوردستانەوە.
راستە پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت بەم دیزاینەی ئێستایەوە بکرێتە چەقی کۆکەرەوە و ناوەندی بڕیاری داهاتووی کوردستان، بەڵام بەگەڕنەخستنەوەی پەرلەمان دەتوانێت ببێتە گرفت و لەمپەری گەورەی بەردەم هەر پێشهاتێکی باش. بۆیە وا پێویست دەکات هێزە سیاسییەکان و ئەوانەی پەرۆشییەکیان هەیە بۆ نەتەوەکەیان، هەڵوێست وەربگرن و پێکەوە گوشار بخەنە سەر پارتی و یەکێتی تاوەکو هەرچی زووترە پەرلەمانی کوردستان بخەنەوە کار.
لەم چرکەساتە هەستیارەی جیهان و ناوچەکەدا کە ئەگەری گۆڕانکاریی خێرا هەیە، کوردستان تووشی پاشەکشێی گەورە دەبێت ئەگەر خۆی بۆ ئامادە نەکات. هیچ گومان و دوودڵییەکیش لەوەدا نییە کە داگیرکەرانی کوردستان ئەوەیان دەوێت کە بارودۆخی کورد بەم شێوەیە بمێنێتەوە. وابەستەیی هێزە سەرەکییەکانی باشووری کوردستان بە تورکیا و ئێرانەوە، چاوەڕوانیی ئەوەی لێ دەکرێت لەناو ئەم بازنەی ململانێ ناوخۆییەدا بمانهێڵنەوە. بە دووری نازانم ئەوان رۆڵی گەورەیان هەبێت لەوەی ئەم دوو هێزە ناتوانن رێک بکەون. بۆیە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەر کەس و هێزێکی دیکەی سیاسییە کار بکات بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چەقبەستووە تێپەڕێنین. بەرپرسیارێتییەکە هەمەلایەنەیە، پارتی و یەکێتی چەند ئۆباڵیان بەر دەکەوێت کە کوردستانیان گیرۆدەی ئەم بارودۆخە کردووە، بەرپرسیارێتیی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی دیکەش لەوە کەمتر نییە، ئەگەر لێ گەڕێن دۆخەکە بەو شێوەیە بمێنێتەوە.