ئاڤان فارس جاف
- سەرەتایی كاری میدیاییم لە دەزگا و دامەزراوەی تایبەت بە پرسی ژن بووە، بۆ هەریەك لە گۆڤاری وارڤین& رێوان بووە، كە زیاتر تایبەتمەندانە كاریان بۆ پرسی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ژن كردووە، دەتوانم بڵێم 20 ساڵ بۆ 15 ساڵ بەر لە ئێستا بوو، بەرپرسی بەشی فایلی كۆمەڵایەتی بووم لە گۆڤاری وارڤین، مانگانە رووماڵی كوشتن و تووندوتیژی چەندین دۆسیەمان دەكرد، وردەكاری چیرۆكی كوشتنیشمان دەگێرایەوە، لە پێناو نیشاندانی تاوان و كارەساتەكە، بۆ ئەوكات راگەیاندن سەكۆییەكی زۆر گرنگ بوو بۆ خستنەڕووی تاوانەكانی دەرهەق بە ژن، بە تایبەت كوشتن و خۆسووتاندن، بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم زۆركات لاپەرەی گۆڤار و رۆژنامەكان دەچوونە هۆڵی دادگا، دەرۆشتە ناو وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، ئاژانسەكان، هەر ئەم لاپەڕانە بوونەهۆی دەركردنی زۆر یاسا و بڕیار لە كوردستان، هیچ زیادەرۆیی نیە بڵێم كە رووماڵكردنی پرسی ژن لە رێگەی گۆڤارو رۆژنامەكانی تایبەتمەند زۆر شتی لە كوردستان گۆڕی.
ئێستا ساڵی 2025 ماوەی چەند ساڵێكە بە بیانو و هۆكاری جیاواز لایەنی پەیوەندیدار بە تایبەتی(ئاماری كوشتنی ژن بڵاوناكاتەوە)، رێكخراوەكان& میدیا، لە كوێ دەستیدەكەوێت لە سەكۆی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان لە راگەیاندن، تكایە با هۆشیارانە كار لەسەر بڵاوكردنەوەی روداوی كوشتن و تووندوتیژی بكەین، هاوكات لەگەڵ ئەو بارودۆخەی ئێستا نیم، مایك بردنەناو ژووری خەو، راكردن بە دوای تەرم، چوونە بەردەم پزیشكی داد و خستنەڕووی زانیاری نادروستی گوێم لێبووە.
- چی بكەین؟
- پەلەنەكردن لە گواستنەوەی هەواڵ و رودای كوشتن، هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر بڵاوكردنەوەی زانیاری سەرەتایی.
- دۆزینەوەی میكانیزمی پێشكەوتوو بۆ چۆنیەتی روومالكردن.
- چاودێریكردن و بەدواداچوون، تێپەڕبوون بە فلتەری دەروونی و كۆمەڵایەتی و یاسایی.
- داڕشتنی ئاكاری رەفتار و رێگەی دروست بۆ روومالكردن(رێبەری رووماڵكردنی روداوی كوشتن& تووندوتیژی....هتد).
- راهێنانی رۆژنامەنووس لەسەر شێوازی رومالكردنی سەردەمیانە و سەلامەت.
- رۆژنامەنووسانیش پێویستیان بە راهێنانی گرنگیدان بەخوود هەیە ئەوانیش ماندوون، پێویستە هاوكاریان بین نەوەك ماندووتریان بكەین بە وشە زبر و بۆچوونەكانمان.