سالار مەحمود
6 رۆژ پێش ئێستا
ساڵانێكە گروپ و ئێڵی جیا، دەكۆشن نەورۆز لە خاوەنە ڕەسەنەكەی خۆی زەوت بكەنك بەشێك لەوانە خۆیان لە داگیركەرانی كوردستاندا بەرجەستە دەكەن، دەستەیەكی تریش جەخار خۆیین و نا ئاگا؛ یان بەمەبەست نەورۆز دەدەنە پاڵ كوفرو ئاگرپەرەستی.
جیا لە سەد ساڵی رابردوو، كە داگیركەرانی كوردستان ڕقئەستوور بوونە بەم ڕۆژەو، كورد بەهۆی ئەم ناوو بۆنەیەوە قوربانی داوەو جەوری بەرامبەر كراوە.
لە چارەكی یەكەمی ئەم سەدەیەوە كورد ئاخێز لە هەموو گۆشەیەكی كوردستانەوە بە یەك تاو و جۆش ئیقلیم گیر خاوەندارێتی لە نەورۆز كردەوەو، بە دیلان بەرسڤی هەموو دەنگێكی نەشازی دایەوە.
بە مێزەیەك لە رووداوە خێراكانی ئەو وڵاتانەی خاكی كوردستانی بەسەردا لەتكراوە، ڕووندەبێتەوە ئەنگێزەی ئەو خرۆشان و هەژانەی كورد لەو ئاستەدا، بۆ كارلێكی ڕووداوەكان لەسەر یەكتر دەگەڕێتەوە. چیتر جوڵەیەك لێرە دابڕاو نییە لەسەر ئەوێ.
چ جوڵەی كورد خۆی بێ یا جوڵەی داگیركەرانی كوردستان.
نەورۆز لە كۆنەستی ئێمەدا ڕۆژی گۆڕانكارییەك لەهەمان كاتدا گوزارەیە لە هەبوون و مانەوە.
وەك چۆن كۆتایی بەستەڵەك و سەرەتای بەهارە، وەك چۆن نوێ بونەوەیە، ئاواش بۆ كورد پەیامی تیایە، زاڵبون بەسەر سەختی و ستەم و كۆتایی شەڕەنگێزیی و پەیامی دەست لەناو دەست كردن. هەموو نەورۆزێكی ساڵ كورد زیاتر لە هیواكانی نزیكتر دەكاتەوەو داگیركەران ملكەچی خواستەكانی خۆی دەكات.
ئەم باسە كڵۆم دەدەم بەوەی
ئەگەر بۆ گەلان نەورۆز، وەرزی خۆگۆڕینی سروشت بێ، یا (شین بەڵەك) بوونی زیاتری ئاسمان بێت.
ئەگەر بۆ (ئەوان - داگیركەران)یش مایەی توڕەیی و شورەیی و پەستی بێ،
ئەوا بۆ ئێمە، بەشێكە لە ناسنامەی نەتەوەیی و زیاد لەهێمایەكی هەیە. نەورۆزو كورد دوانەیەكی لێك جودا نەبوون. رێز لە جیاوازیی گرتنیش هێزە؛ هونەرە. ئەوانەی رێز لە جەژنی نەتەوەیی كورد و كوردستان ناگرن، گەل ساڵ لەدوای ساڵ لە دووتوێی ئەو جەژنەدا، لە بۆتەی وڵامی داگیركەرانی كوردستاندا، هیوای گۆڕانكاریی لە ڕوانین دەبەخشێتە ئەو كورد زوبانانەی نائاگا یا بە مەبەست خۆیان لە هیوای گەل نەبان دەكەن.