ئەزمونی رۆژئاوا لە دیڤاكتۆوە بەرەو قۆناغی دەستوریی و یاسایی دەڕوات

سالار مەحمود


16 کاتژمێر پێش ئێستا

واژۆكردنی رێكەوتنی نێوان مەزڵوم كۆبانێ و سەرۆكی كاتی دەسەڵاتی دیمەشق بەگشتی بۆ ئاشتی و راگرتنی شەڕ گرنگە.

ئەم پرۆسە بچێتە پێش كاریگەری لەسەر ئاشتی ناوچەكەش دەبێت كە ئەمە بۆ كورد بەر لەهەر لایەكی تر گرنگترە.

لەشەڕدا قەسەد بەهێزەوە مایەوەو لەشوێنی خۆیان راوەستان.

لە رێكەوتنی ئاشتیشدا دیبلۆماسیانەو بەهێزەوە مەزڵوم عەبدی دەركەوت.

ساتەوەختی رێكەوتنەكە بۆ رۆژئاوا گرنگ بوو.

بۆ حوكمڕانی ئێستای دیمەشقیش بەهەمان شێوە، هەر لایەك بە ئاراستەی خۆی.

شارەزایانی سیاسی بە خوێندنەوەی، دەزانن ئەو دەقی رێكەوتنە پاشكۆو میكانیزی جێبەجێكردنیشی هەیە.
لەم نێوەندەدا بوونی ئەمریكا وەك چاودێر ئومێدی چونە پێشی رێكەوتنەكە زیاتر دەكات.

ئەزمونی رۆژئاوا لە دیڤاكتۆوە بەرەو قۆناغی دەستوریی و یاسایی بون دەڕوات، دوای تێپەڕاندنی مەترسیەكانی ئەم چەند ساڵە. وا دەردەكەوێت توركیا خۆشحاڵ نەبێ بەو رێكەوتنە چونكە دەیویست لەناو ئەو ئاڵۆزیەدا زیاتر گەمارۆی رۆژئاوا بدات.

رێكەوتنی نێوان مەزڵوم كۆبانێ و دیمەشق داننانە بە بون و پێگەی كورد لە سوریا بە هێزو ئیرادەشەوە.
 بەدەقی رێكەوتنەكەدا جەنەراڵەكەی كورد وەك نوێنەری پێكهاتەكانی تریش دەركەوت ئەمەش مانادارە. 
تێكەڵبونی سەربازی و ئیداریی بەمانای تواندنەوە نایەت، بەڵكو دەمج كردنە.

ئەگەر دیمەشق زەمینەی جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێكەوتنەكە نەڕەخسێنێ فشاری زۆرتری دەكەوێتە سەر لەو فشارانە زیاتر كە ئێستا لەسەریەتی لەبەرامبەر ئەو كۆمەڵكوژیانەی دژی عەلەوی ئەنجامدران و ئەو هەڕەشانەی لە دروزەكان دەكرێت. كات دیاری كراوە بۆ جێبەجێكردن ئەمەش هەردوو لا دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی راپەڕاندنی ئەرك.

هێزی بەرگری و لەسەرپێوەستانی شەڕڤانان وای كرد نوێنەرەكەی رۆژئاڤا لە رێكەوتنی ئاشتیدا بەهێزەوە لەگەڵ سەرۆكی دەسەڵاتی ئێستای دیمەشق دەربكەوێ.

بەم رێكەوتنەی كە ئەنجام درا،  ئەو رۆژانەی بیر هێنامەوە كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە پرۆسەی بەیاسایی كردن و ناساندنی ئەزمونی رۆژئاوای كوردستانمان بردە پێش و، بوو بە بڕیارو دەستكەوتێكی گرنگی جێ شانازی هەرێمی كوردستان. بەڵام ناوەڕۆكی بڕیارەكەی پەرلەمان هێشتا نەك جێبەجێ نەكراوە، جەخار هەنگاوی پێچەوانەشی بۆ نرا.

لەم میانەدا بوونی دڵەڕاوكێ لەلایەن دۆستانی ئاشتیەوە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ كە جۆلانی خاوەن سەربەخۆیی بڕیار نیەو بەویست نەهاتۆتە ژێر بار بەڵكو فشار گەیاندیە ئەو رێكەوتنە. دواجار نابێ ئەوەش فەرامۆش بكرێ ئیدارەی  رۆژئاوای كوردستان لە پرنسیپەكانی خۆیان دەستبەردار نابن و خۆیان بۆ ئەگەری تەڵەزگەش ئامادە كردوەو ئەو دیوەیان نادیدە نەگرتوە.

بەپێی بنەماكانی ئەم رێكەوتنە قۆناغێكی نوێی راگوزەری بەڕێوەبردن بەبەشداری كورد لە سوریا دەستپێ دەكات.