ئەو كوشتن و كارە ناخهەژێنانەی سوریا چیمان پێ دەڵێن ؟

سه‌مه‌د محه‌مه‌د


4 رۆژ پێش ئێستا

لەگەڵ سەرهەڵدانی كێشەو ئاڵۆزیەكانی سوریا لەساڵی ۲۰۱۱ ، كۆمەڵێك گروپی توندڕەوی ئیسلامی هاتنە ناو روداو و هاوكێشەكان، كە بووە جێگای پرسیارو نائومێدی زۆری ئەوانەی بە جدی و دڵسۆزی و دنیابینییەكی سەردەمیانە، هەوڵ و قوربانییان دەدا بۆ ئەوەی سوریا لە چنگی دەسەڵاتی خوێنڕێژو خۆسەپێنی بەعسییەكان قوتار بكەن و سوریایەكی دیموكراتی و هی هەمووان بنیات بنێن.

ئەو گروپانە هەر زوو ماهیەتیان بۆ هەموو لایەك روون بۆوە ، كە ئەوان ئەوەندەی دەستی دەرەكی و تینووی دەسەڵات و جێبەجێكردنی بەرنامەیەكی دیاریكراوی پڕ لە توندوتیژی و تەكفیركردنی ئەوانی دیكە، هیچ ئەجندایەكی دیكەیان نییە كە خزمەت بە هاوڵاتیان بكات و سوریایەكی پڕشنگدار لە ئاسۆوە ببینن.

دوای كەوتنە خێراو چاوەڕواننكراوەكەی رژێمە دیكتاتۆرەكەی بەشار ئەسەد، بەرەیەك بەناوی هەیئەی تەحریری شام، دەسەڵاتیان كەوتە دەست و بێ گەڕانەوە بۆ پێكهاتە جیاوازەكان، سەرۆكی وڵاتیان دانا و حكومەتێكی كاتییان پێكهێناو ناوبەناویش باس لە یەكپارچەیی و دەسەڵاتێكی ناوەندی و هەمووان پێویستە لە خزمەتی سوریایەكی بەهێزدابین، سوریای بەهێزو یەكپارچە مانای حوكمی بێ قەیدو شەرتی هەیئەی شام و جۆلانی و هاوئاوازەكانیان. ئەم هەنگاوانە ئاماژە بوون كە ئەو  دەسەڵاتدارانە سوریای هیلاك و وێران و بریندار، زیاتر هیلاك دەكەن و كار بۆ سەپاندنی جۆرێك لە حوكمڕانی دەكەن ، لە ئێستاوە دیارە مەحكومە بە فەشەل و كارەساتەكانی ئەو وڵاتە زیاتر دەكەن و بەیەكەوە ژیان و مافی مرۆڤ و مەدەنیەت دەبێتە خەونی شاعیرانە.

لەم چەند رۆژەی رابردوو لە كەناراوەكانی سوریا شەڕ لە نێوان گروپێكی چەكداری عەلەوییەكان و هێزەكانی سەر بەدەسەڵاتی دیمەشق دروست بوو، شەڕەكە تەشەنەی سەندو هێزەكانی سەر بە دەسەڵات كەوتنە پەلاماردانی خەڵكی سڤیل و ئەوانەی كردیان لە سوكایەتی و  كوشتنی تاك و كۆو بە ئاشكرا بڵاوكردنەوەیان، لە ئەنجامی كارە دڕندانەكانیان هەموو ویژدان زیندووێكیان لەسەر ئاستی دنیا شۆك كردووە !!

ئەو گروپەی تازە هاتووە سەر دەسەڵات، لەو ماوەیەدا هەموو هەوڵێكی بۆ  ئەوە بوو قەناعەت بە ناوخۆی سوریاو دنیای دەرەوە بێنێت، كە ئەوان چیدیكە هێزە توندڕەوەكەی جاران نین و گۆڕانی زۆریان بەسەردا هاتووە !! ئەم چەند رۆژە دەمامكەكانیان بە تەواوی داماڵدراو ماهیەتە راستەقینەكەیان بۆ هەموو دنیا بە روون بۆوە.

بەگوێرەی زۆر ئاماژە ، گروپە توندڕەوەكان و دەسەڵاتدارانی دیمەشق ، داخی زۆرو رقی گەورەیان لە كوردانی رۆژئاوایە و بە بەربەستی سەرەكی دەزانن لەبەردەم كۆنتڕۆڵكردنی هەموو سوریا، بۆیە پێویستە كوردان لە هەموو كات هەشیارتر بن، هاودەم لەگەڵ جوڵە سیاسی و دبلۆماسییەكان هێزەكانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ هەر كارێكی نەخوازراو ، وە لەگەڵ پێكهاتە جیاوازەكان و ئازادیخوازانی سەرجەم سوریا پەیوەندی و كاری هاوبەش پەرەی زیاتری پێبدەن و بیبەنە قۆناغێكی باڵاترو پێداگری تەواو لەسەر مافەكانیان بكەن و نەهێڵن ئەو هێزە توندڕەوانە ئیرادەی خۆیان بە تەواوی فەرز بكەن ، ئەو روداوە ناخ هەژێنانەی ئەم دواییە ، هەموو دنیای بە ئاگا هێنایەوە لە نیازو ئامانجی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی دیمەشق ، پێدەچێت وڵاتانی كاریگەر لە سوریا بە هەستیاریەكی زیاتر لەگەڵ كەیسی سوریا هەڵس و كەوت بكەن و رای گشتی دنیاش لەبارترە بۆ پێداگری لەسەر مافی پێكهاتەكان لە دەستورو داهاتوی سوریا.

كوردانی هەموو پارچەكان و هەندەرانیش، پێویستە بە وردی چاودێری رەوتی روداوەكانی سوریا بكەن و بەرامبەر هەر جوڵەیەكی خراپ دەرهەق بە رۆژئاوا، بە یارمەتیدان و چالاكی جۆراوجۆر پشتیوانی رۆژئاوای ئومێدبەخش بین.