* دەرباز كۆسرەت رەسوڵ
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرەو كوێ؟
هەموو ئەو وڵاتانەی بەقۆناغی راگوزەری دیموكراسیدا تێدەپەڕن، پێویستییان بە ئیرادەیەكی حەقیقی بۆ پتەوكردنی پایەكانی دیموكراسی هەیە، ئەمەش بێ قوربانیدان و بەرخودانی بەردەوام نابێت، خەباتی مەدەنی و بەرقەراركردنی ئازادییەكان، لەپێشینەی هەموو كارەكانن لەم چوارچێوەیەدا. لەم نێوەندەدا هەموو ئەو دەسەڵاتانەی بوونیان هەیە (فەرمی و نافەرمی) دەكەونە ژێر بەرپرسیارەتی مێژوویی خۆیان. كەمن ئەوانەی بتوانن بەشێوەیەكی تەندروست ئەم ئەرك و بەرپرسیارەتییە راپەڕێنن. ئەوانەی دەتوانن ئەمە بكەن، هێزێكن كەوا لەسەر بنەمای ئازادی و نوێبوونەوەو یەكتر قبوڵكردن و عەقڵییەتی رێكخراو، دامەزراون.
لە مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جگە لەوەی گۆڕانێكی نەوعییە لە تێڕوانین بۆ خەباتی گەلێكی ستەمدیدە، لە هەمانكاتدا خۆرێكی گەشەو نیشانەی دەركەوتنی قۆناغێكی نوێ و دونیابینییەكی نوێیە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. ئێمە لەم رۆژەدا زیاتر لەهەر ساتێكی تەمەنمان شانازی بە یەكێتی بوونی خۆمانەوە دەكەین، شانازی بەوە دەكەین كە خەبات و تێكۆشانمان لە حزبێك بووە، ماڵی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەكان بووە، پێشەنگی نوێبوونەوەو هەنگاوی تازە بووە، سەرمەشقی هەموو گۆڕانكارییەكان بووە، قەڵای بەرگری بووە لە ژیان و گوزەرانی خەڵكی.
ئێمە لە دیداری یەكێتی، مەبەستمانە كادیران خۆیان بەشداربن لە نەخشاندنی سیاسەت و ستراتیژیەتی نوێی یەكێتی، كادیران و ئەندامانمان گەر بیروبۆچوون و تێڕوانینەكانیان رەنگدانەوەی هەبێ لە سیاسەتی نوێی یەكێتیدا، دڵسۆزی و بەرپرسیارەتیان بۆ حزبەكەیان چەند قات دەبێتەوە. بۆیە دەبێ هەموومان بەوپەڕی لەخۆبوردەییەوە كار بۆ بەرزكردنەوەی یەكێتی بكەین.
لەم بۆنەیەدا، دەمەوێ بیری هەمووان بێنمەوە، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر له سەرەتای دروستبوونییەوە تاوەكو ئێستا، بە بیری تازە، خوێنی تازە، تێگەیشتن و ئیرادەی تازە، سەركردایەتییەكی بوێر، توانی هیوایەكی نوێ بۆ داهاتووی دۆزی رەوای كورد لە ناوچەیەكی ئاڵۆزی ناهاوسەنگ دروست بكات. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەستبەرداری بەهاو پرەنسیپە نەگۆڕەكانی خۆی نەبووە لە ژێر هەر دۆخ و فشارێكدا. ئەو بنەمایانەی حزبەكەمان لەسەری دامەزراوە هەرگیز دەستی لێهەڵنەگرتووە، ئەوانیش نوێبوونەوە، حوكمڕانی لەسەر بنەمای خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان، ئازادی، مافی چارەی خۆنووسین، ئاشتی و ئاوەدانی. لەهەموو بارودۆخێكدا، لەوپەڕی بەهێزییەوە، بۆ ئەوپەڕی لاوازی، هەرگیز یەكێتی بەهانەیەكی نەدۆزیتەوە بۆ پشتكردن لە خەڵك، هەر ئەمەشە وایكردووە بتوانێت بەسەر هەموو ئەو پیلانگێڕی و گەلەكۆمە نێوخۆیی و دەرەكییەی لەسەری هەبووە؛ سەربكەوێ. هەموو ئەمانه، پێمان دەڵێت یەكێتییەك كە لەسەر هزری مام جەلال بنیاتنرابێت و لەسەر ئیرادەی كاك كۆسرەت بەقۆناغە سەختەكاندا تێپەڕیبێت، ئەوا سەفین لەبن بێت، ئەو یەكێتییە لەبن نایەت.
ئێستا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرەو هەنگاوێكی دیكەی كاریگەر دەڕوات و دیدارێكی گرنگ لەم سەروبەندەدا سازدەكات، ئەوەی بۆ ئێمە پێویستە، چۆن بتوانین هاوسەنگی رابگرین لەنێوان نوێبوونەوەی رێكخستنەكان و دەستگرتن بە پرەنسیپە نەگۆڕەكانمان، چونكە ئامانجی یەكەم و كۆتایی هەموو یەكێتییەكی رەسەن، مانەوەی یەكێتییە بە بەهێزی، كە ساڵانێكی زۆر خەباتیان بۆ كردووە.
گرنگە لەم دیدارەدا، دەرفەتی گەورە بۆ كادیرە دڵسۆزەكانمان بێت، بۆ ئەوەی بزانین چ یەكێتییەكیان دەوێت و چۆن دەڕواننە قۆناغی نوێ، دەمانەوێ تێكۆشەرانمان قسەیان هەبێت و جێپەنجەیان لەم دیدارەدا دیاربێت. سیاسەتی یەكێتی پێویستی بەهەمووانە، هەموو بۆچوون و بەشدارییەك دەبێتە خشتێك لە قەڵای یەكێتیدا. كەسوكاری شەهیدان لەم دیدارەدا بە تەواوی گوێیان بۆ دەگیرێت و داخوازییەكانیان دەبنە سیاسەت و بەرنامەی نوێی یەكێتی.
دەرفەتێكی زێڕین هاتۆتە پێشمان و پێویستە هەموومان لە ئاست ئەم دەرفەته بین، دەبێ پێداچوونەوەی تەواو بكەین بە سەرجەم كێشەكانمان، دەست لەسەر برینەكانمان دابنێین، دەبێ زۆر راشكاو بین لەگەڵ خۆمان، هەموو كێشەكان بە تەواوی چارەسەر بكەین، یەكێتی بكەینە هۆكاری كەمكردنەوەی ناكۆكییە ناوخۆییەكانمان، تا خۆمان نەتوانین كێشەكانمان دەستنیشان بكەین، هەرگیز ناتوانین بەشێك بین لە چارەسەری.
ئەوەی یەكێتی لە هەموو حزبەكان جیا كردیتەوە، ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەیە كە لەنێوان سەركردایەتی و كادیراندا هەیە، ئەم دیدارە دەبێ بكەینە هۆكارێك بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوان كادیر و سەركردایەتی حزب، توانای كادیرانمان بەرز بكەینەوە، دیدار بكەینە سەكۆیەك بۆ داڕشتنی گوتاری سیاسی و پێداچوونەوە بە كەموكورتییەكانمان، چونكە ئەمە تاكە رێگەیە بۆ ئەوەی یەكێتییەكەی خۆتان بەهێزتر بكەن.
یەكێتی، لە هاوكێشەكانی دوای هەڵبژاردن و پێكهێنانی كابینەی تازەدا
هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمین جار لەمێژووی خۆیدا، هەڵبژاردنێكی بێ وێنەی ئەنجامدا، ژمارەیەكی پێوانەیی خەڵك بەشدارییان تێداكرد، بە شانازییەوە دەتوانین بڵێین سازكردنی ئەم كەشە بۆ هەڵبژاردن و ئەنجامدانی بەم شێوەیە، دەستكەوتێكی مێژوویی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو. یەكێتی دەرفەتێكی زێڕینی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دروستكرد، بۆ ئەوەی بتوانن هاوكێشەی لاسەنگی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان بگۆڕن، كۆتایی بە قۆناغی قۆرخكاری بهێنن، بەخۆشحاڵیەوە، بە رابەرایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، خەڵكی هەرێمی كوردستان توانیان ئەمە بكەن.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەست بە سەنگ و پێگە هەستیارەكەی خۆی دەكات لەهەرێمی كوردستاندا، بۆیە دووبارە دەگەڕێتەوە سەر بنەما نەگۆڕەكانی خۆی، لەم پێناوەدا هەر كارێك لە خزمەتی خەڵكی كوردستان و دروستكردنی سەقامگیری و ئاسایش بێت بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەنجامدانی سڵ لە هیچ ناكاتەوە.
گەرمترین پرس بۆ خەڵكی كوردستان، لە ئێستادا چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی تازەیە، بۆ ئەم مەبەستە چاوەكان هەمووی لەسەر یەكێتییە، هەموویان دەیانەوێت بزانن یەكێتی لەم نێوەندەدا چی دەكات و چۆن بڕیاردەدات، یار و نەیار دەیانەوێ بزانن لە كۆتاییدا یەكێتی چ بڕیارێك دەدات و چی بۆ خەڵكی كوردستان دەكات، چونكە هەموو دەزانن یەكێتی تاكە هیوای گۆڕانكاری و راستكردنەوەی رێرەوی ناتەندروستی حوكمڕانییە.
لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە خەڵكی و داخوازی و چاوەڕوانییەكانی دەكەینە بەرنامەی خۆمان و خستومانەتە سەر مێزی هەموو ئەو دانوستانانەی لەم پێناوەدا ئەنجام دراون. بەم بۆنەیەوە خەڵكی خۆشەویستی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە، كە چاوەڕوانی قۆناغێكی جیاواز و تازەبن، قۆناغێك تێیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوونێكی جیاوازی دەبێت، دەبینە گرەنتییەك بۆ مافەكانتان.
لە كابینەی تازەدا، داواكارییەكانی ئێمە زۆر ئەستەم نین، بەڵام داواكارییەكانمان دەبنە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی كوردستان. ئێمە ئەمجارە دەبینە شەریكێكی حەقیقی، بۆ ئەم مەبەستەش پاڵپشتیی خەڵكی كوردستان بۆ ئێمە هێزێكی گەورەیە. لە بەرامبەردا تێڕوانینی ئێمە بۆ حوكمڕانی تێڕوانینێكی شارستانییە، ئێمە دەمانەوێ حكومەت و دامەزراوەكان هی خەڵك بن و لە خزمەتی خەڵك بن، دەمانەوێ خەڵك ئازادبێت لەوەی چی دەكات و چۆن كاروباری خۆی بەڕێوە دەبات، دەمانەوێ دیاردەی بە حزبیكردنی حكومەت كۆتایی پێ بهێنین، خەڵك خۆی بڕیار لەسەر شتەكان بدات، لە كار و بازاڕی خۆی ئازادبێت، كەس خۆی بەسەردا نەسەپێنێ و ماڵ و موڵكی داگیرنەكات. ئەو حوكمڕانییەی ئێمە بانگەشەی بۆ دەكەین حوكمێكی دیموكراسییە، تێیدا خەڵك سەرچاوەی هەموو شتێكە.
دیدگای یەكێتی لەم قۆناغەدا
هەرێمی كوردستان، عیراق، تەنانەت ناوچەكەش، بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت، پێشبینیكردنی ئەوەی بەرەو چ وێستگەیەك دەڕۆین، كارێكی ئاسان نییە، پێویستی بە ئەزموون و شارەزاییەكی تەواو هەیە. لە ناوچەكە گۆڕانكاری ریشەیی روویداوە، رەوشی ئەمنی لە عیراق بەهۆی هەڕەشە دەرەكییەكان لەژێر پرسیارە، هەموو ئەمانە بەشێوەیەك لە شێوەكان لێكەوتەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت.
كەواتە ئەم قۆناغە قۆناغێكی ناسەقامگیرە بۆ هەرێمی كوردستان، پێویستی بە عەقڵیەتێكی ستراتیژی دووربین هەیە، بۆ تێپەڕین لەم قۆناغەدا. ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە، یەكێتی بۆ ئەم قۆناغە سەختانە دروستبووە، لەم قۆناغەشدا، بە سەركردایەتی و تێگەیشتنی تازەوە، رێگەیەكی گونجاو دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان، بتوانێت خۆی لەگەڵ هەموو ئەم گۆڕانكارییانە بگونجێنێت. ئەوەی ئێمە لەو دیدارەدا دەمانەوێت، دروستكردنی ئەو ستراتیژیەتە نوێیەیە.
لێرەدا پێویستە پرسیارێكی زۆر جەوهەری لەخۆمان بكەین، ئایا پێویستە چۆن خۆمان بگونجێنین؟ ئەوەی ئێمە لەم قۆناغەدا به رێگەیەكی دروستی دەزانین، ئەوەیه، كەوا پێویستە هەرێمی كوردستان خۆی بپارێزێت لەوەی ببێتە بەشێك لەو قەیرانانەی لە ناوچەكەدا روودەدەن، بۆیە پێویستە بە پلەی یەكەم قەبارەی كاریگەری ململانێ دەرەكییەكان لەسەر ململانێ نێوخۆییەكان كەم بكەینەوە، ئەمەش بێ هیچ دوودڵییەك پێویستی بە سەقامگیری نێوخۆیی هەیە، لەم چوارچێوەیەدا رێكەوتنی تازە لەسەر بنەمایەكی تەندروستتر و شەراكەتێكی حەقیقی پێویستە. پاشان پێویستە ببینە فاكتەری ئاشتی و نەهێڵین خاكی هەرێمی كوردستان، ببێتە پردی قوڵبوونەوەی ململانێ ئیقلیمییەكان.
تایبەت بۆ دیداری یەكێتی و كوردستانی نوێ
*ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان