ئیمزایەكی ترەمپ گۆڵمەزێكی تر بە عێراق دەگێڕێت

رەوەزی ئەحمەد شاه


4 رۆژ پێش ئێستا

داواكاری و پێشنیارێكی ئیدارەی نوێی ئەمریكا و جۆ ویلسۆن، نوێنەری پارتی كۆمارییەكان لە سەرۆكی ئەمریكا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بانك و دامەزراوە داراییەكانی حكومەتی عێراق و بە دیاریكراویش وەك هەنگاوی یەكەم  (بانكی ڕافیدەین) خراوەتە بەردەم سەرۆكی نوێی ئەمریكا بۆ بڕیاردان لەسەری.

بەدڵنیاییەوە لەكاتی پەسەندكردنی پێشنیارو داواكارییەكە و ئیمزاكردنی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاوە بۆ سەپاندنی سزای دارایی و بانكی بەسەر دامەزراوە حكومییەكانی عێراق، ئاستەنگ و گێژاوی گەورە ڕووبەڕووی ئابووری وڵات بەگشتی دەبێتەوە.

ئەم سزایانە بۆ یەكەم جار دەبێتە هۆكاری سەرەكی لە دابڕانی عێراقی نوێ لەگەڵ سیستەمی بانكی جیهانی و هۆكاری هاتنەئارای قەیرانێكی ئابووری سەخت، بەو پێیەی حكومەتی عێراق كێشەیەكی زۆری بۆ دابینكردنی موچە و بودجەی پرۆژەكان بۆ دروستدەبێت و ڕێژەی بێكاری بەرزدەبێتەوە، وەبەرهێنانە ناوخۆیی و بیانییەكانیش كە تاڕادەیەك پشتدەبەستن بە سەقامگیری سیستەمی دارایی عێراق، كەمدەبێتەوە و وڵات بەگشتی ڕووبەڕووی تەحەدایەكی گەورە دەبێتەوە كە چارەسەركردنی ئاسان نابێت، بەدەر لە لێكەوتەی دارایی و ئابووری، لێكەوتەی چاوەڕواننەكراوی سیاسی پێشبینی نەكراویشی لێ چاوەڕێ دەكرێت.

بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەم كارەساتە (تەوقیت)كراوە بۆ عێراق جارێك كێشە بێت، ئەوا بۆ كوردستان چەندبەرامبەر گەورەترە، بۆیە پێویستە هەرچی زووە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتای دروستبوونی، پلانێكی تۆكمە دابرێژێت بۆ خۆبەدوورگرتن یان كەمكردنەوەی كاریگەری ئەو زیانانەی لەم جۆرە بڕیارانەوە بەر لاشەی عێراق دەكەون هەرچەندە ئاسان نییە، بەڵام ئەستەمیش نابێت.
 
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان