راچڵەکین-
لە گەڵ هاتنەوەی ترەمپدا، یەکێک لەو دیاردانەی کە زۆر ئاماژەی پێدەدرێت گەڕانەوەی پیاو و پیاوەتییە، یان مەسکولێنیتی. دیارە لە ئاگایی و کەلتوری پیاوسالاری کوردیشدا پیاو نیشانەی باشەو ئازایی و جوامێری و توانایە. لە بەرامبەردا ژن وەک نیمچە مرۆڤێک: لاواز و ترسنۆک و بێ عەقڵ و جێگای باوەڕپێکردن نیە.
پێش ترەمپ دونیا وەها دەبینرا کە داهاتوو مێینەیە. ئەم دیاردەیە لە هەر کەلتورێکدا بە جۆرێک دەکەوێتەوە. لە ئەمریکا وەها دەبینرێت کە یەکێک لە خەسڵەتەکانی لاوازبونی ئەمریکا زاڵبونی مێینە و جیهانبینی مێینەیە، کە هەروەها یانی چەپ. بۆیە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پیاو و پیاویزم.
ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوەدا بەرجەستەکەری ئەم دیدەیە. زۆرێک وەها دەبینن خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەیلی ترەمپیان هەیە چونکە هەڵگڕی هەمان پاشخانی دەرونی و کەلتوری و عەقڵانین. بۆیە ترەمپ بە گونجاوترین کەس دەبینرێت بۆ مامەڵە لە گەڵ سیاسییەکان و خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
دەسەڵاتی پیاوی یانی پیادەکردنی دەسەڵات بەو پەڕی بێڕێزی. یانی بینینی بەرامبەر وەک ناتەواو. ترەمپ بە حەماس دەڵێت خەڵکانی نەخۆش. یانی سرینەوەی بونی بەرامبەر و بەردەوام سوکایەتی پێکردن. دەسەڵاتی پیاوی یانی ئاسایی بونی هەڵەکردن و هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی، یان هەبونی گۆچان و لێدانی کەسانی دەوروبەر، یانی بینینی خەڵکی دەوروبەر وەک دەستوپێوەند، یان گوێنەگرتن لە هیچ کەسێک و تاوانبارکردنی هەموان لە کاتی شکستدا.
کرۆکی دەسەڵاتی پیاوی ئاژەڵێتییە. لە سەر بنەمای هێز و کوشتن و دەستبەسەراگرتن و سڕینەوەیە، پاڵنەرەکەی غەریزەیە. کاتێک ترەمپ دەڵێت دەبێت خەزەییەکان ببرێن بۆ شوێنێکی تر و غەزە بکرێتە جێگایەکی گەشتیاری مانای وەهایە یادەوری و مێژو و کەلتور و مرۆڤ بون و شوێن و ئازاری ئەوانیتر هیچ بەهایەکی نیە لە لای.
دیارە دیاردەی ڕاگوازستن پێش ئەوەی ترەمپی بێت تورکی و عەرەبی و ڕۆژهەڵاتییە.
دەسەڵاتی پیاو یانی سڕینەوەی هەبونی هاوسۆزی، تێگەیشتن، دانپیانان و خەسڵەتەکانی تر کە مێینەیانە دەبینرێت. پیاوێتی پر لە رق و باڵایەتی و زاڵبوندا بەرجەستە دەبێت. لە کەلتوری پیاویدا براوە و دۆڕاو هەیە. دۆڕاو شایستەی پێزانین نیە. هەندێک پیاوێتی و فاشیزم وەک یەک دەبینن.
پیاوێتی و جودایە لە پیاو وەک بونەوەر، پیاوێتی نەریت و کەلتور و بەها و ئاگاییە، ڕەنگە پشت بە بەهێزی ماسولکەی پیاو ببەستێت بەڵام بە گشتی لە هەناو کەلتوردا بەرجەستە دەبێت.
بۆ نمونە گلۆبالیزم وەک مێینە دەبینرێت، بەڵام ناشناڵیزم وەک نێرینە.