سەردار عەزیز
15 کاتژمێر پێش ئێستا
راچڵەکین-
ئێستا
شەوێکی ساردە لە واشنتۆن، کە رۆژ دەبێتەوە دونیا دەگۆڕێت، پیاوێک بە رەنگی پرتەقاڵی
دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکێکی سپی، بایدن هەرزوو لە بیر دەچێت، بەڵام ترەمپ دەبێتە
دیاردە.
لە مێژووی
ئەمریکادا مەگەر ئەندرۆ جاکسۆن وەهابوبێت، چەمکێک کە
سەریهەڵداوەتەوە لە گەڵ گەڕانەوەی ترەمپدا چەمکی کۆرت-ە، ئەم چەمکە زیاتر بە مانای
دیوان یان دیوەخان دێت، هەرچەندە دیوەخان گونجاونیە، چونکە دیوەخان شوێنی میوانە
نەک دەستوپێوەند.
چەمکی
کۆرت، بەمانای ئەوەی هەموو ئەوانەی لە دەوری ترەمپن وەک میر و پادشاکانی سەردەمە
کۆنەکان، هەموو تەواو گوێڕایەڵ و گوێ لە مستن، بەڵام هەر لە ئێستاوە
هەست بە بەرەیی و جودایی دەکرێت، بە تایبەتی بەرەی هەرە دەوڵەمەندەکان بە
سەرۆکایەتی مەسک، لەگەڵ بەرەی خۆبەکرێکارکردووی وەک ستیڤ بانۆن، ترەمپ لایەنی مەسکی
گرت، بەڵام ئاماژەیەکی روونە بە ململانێ، ترەمپ دێت بۆ دونیایەک
کە هەموو شتێک تیایدا لە قەیراندایە.
سەرچاوەی
ئەم قەیرانە ئەوەیە کە ئەمریکا نایەوێت خاوەنی دونیا بێت یان پۆلیسی دونیا بێت، لە
بەرامبەردا زۆرێک بە دەرفەتی دەزانن کە رۆڵیان هەبێت، ئەم گۆڕانکارییە تەنها لە
خواستی ئەمریکادا نیە، بەڵکو لە بەهێزبوونی ئەوانیتریشدایە.
رەنگە کارەکانی پیتەر فرانکۆپان لە هەموو کەس
زیاتر بەرجەستەی ئەم گۆڕانکارییە بکەن، یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە ئەوەیە
کە هیچ کێشەیەک لە دونیادا چارسەر نابێت، بەڵکو هەموو هەوڵدەدات چۆن ببێتە بەشێک
لێی و سودی لێببینێت.
دونیایەکی
گورگانە بەڕێوەیە، هەندێک
وەهای دەبینن کە هەوڵی هەندێک بۆ گەڕانەوەی فۆرمیولەیەکی شەڕی سارد بۆ ئیدارەدانی ئەم
دۆخەیە، غەسان سەلامە بڕوای وەهایە ئەمریکا بە ئەنقەست دەیەوێت ململانێی خۆی لەگەڵ
چیندا چڕ بکاتەوە، هەتا وەک ململانێی لە گەڵ سۆڤییەتدا لێبکات، کە دەبێتە
فۆرمیولایەک بۆ بەڕێوەچوونی ململانێکان، بەوەی دونیا دابەش دەکات بۆ دۆستی ئەمریکا
و دۆستی چین.
بەم شێوەیە ململانێکە ئاسان دەکات و ئەگەری
بردنەوەی زیاترە، لەوەی کۆمەڵێک هێز لە ململانێدابن لە دونیایەکی پشێودا، ئاماژە
بۆ بوونی مۆدێلێکی وەها زۆرە، لە هەمانکاتدا کەسێکی وەک ئەمین
مەعلوف وەها دەبینێت کە دونیا لە وونبوندایە، ئەمە سێهەمین جارە، سەرهەڵدانی
دەرەوەی رۆژئاوا هەوڵی بوونی خۆی دەدات لە دونیادا، ئەمجارە لە هەمووان بە گوڕترە،
بەڵام هیچ گەرەنتی نیە بۆ سەرکەوتن.
گەر لە
سوریا بنواڕین وەک رووداوێک لە هەناو ئەم فۆرمیولانەدا زۆر شتمان بۆ روون دەبێتەوە،
سوریا نەک تەنها شکستی ئێران و روسیا بوو، بەڵکو شکستی گەورەی چینیش بوو،
چینییەکان لە پاش ٢٠١٦ پاڵپشتی خۆیان بۆ سوریا چەند قات کرد، چونکە وەهایان
هیواخواست کە بەهاری عەرەبی کۆتایی هات و دیکتاتۆریەت سەرکەوت. چین دژ بە خواستی
گەلانە بۆ دیموکراسی، ئەو هەموو خواستێکی دیموکراسی بە پیلانی رۆژئاوا دەبینێت، بەڵام
خوێندنەوەکەی هەڵەبوو، لە چەندین ئاستدا کەوتنی ئەسەد ئەوەی دەرخست، بەرەی
دژە رۆژئاوا کە بەرەی دیکتاتۆریەت و سەرکوت و کوشتنە، لە هیچ کوێ سەرکەوتوو نیە.
بۆیە لە کاتێکدا بەرەی دەرەوەی رۆژهەڵات
هەڵدەکشین بەڵام لە ئاستی حوکمداریی جگە لە حوکمی شەخس و دیکتاتۆریەت بەدیلیان نیە، دیارە
رەنگە ئێمە لە سەردەمی زێڕینی دیکتاتۆریەتدا بژین لە مێژوی نوێدا، تەنانەت لە
ئەمریکاش دیکتاتۆریەت دۆستی زۆرە، بەڵام ئەم دۆخە کاتییە، وەک لە بیستەکانی سەدەی
بیستدا بینیمان.
بێینە
سەر کورد، گەلانی
عەرەب و تورک و فارس، ئەگەر پشتیوانی رۆژئاوا نەبێت ئامانجیان ئەوەیە کە کورد لەسەر
گۆی سەوی بسڕنەوە، ئەمە هەر لە نکوڵییەوە لە بوونیان هەتا هێرشی رۆژانەی درۆن و
ئەو رقە ناکۆتاییەی کە لە سۆشیال میدیادا هەیە بە زەقی دیارە، بەڵام
پشت بەستنی کورد بە رۆژئاوا لە هەمان کاتدا مەترسی زۆرە، چونکە رۆژئاوا هەمیشە
جۆلانێ دەکات لە نێوان بەرژەوەندیی و بەهادا.
ئێستا
گفتوگۆیەکی چڕ بەڕێوەدەچێت لە نێوان سوریا و تورکیا و ئەمریکا و ئەوروپا و
کوردەکان، وەک سەرچاوەکان دەڵێن تورک زۆر پەلەیەیانە، رەنگە وەها ببینن کە پێش
ترەمپ فرسەتە، وەک لە چڕکردنەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر بەنداوی تشرین بە هاوکاری
جاشەکانی ئەحمەد شەرعیش، هاتنی
ترەمپ هاتنەوەی هێزە لە بەرامبەر یاسا و بەهادا، زۆربەی زۆری مێژوی مرۆڤایەتی پێش
لیبرالیزم، مێژوی هێزی رووت بووە، لە رژێکی سارددا ترەمپ دێت بۆ دونیایەکی زێدە
گەرم.
هـ . یـ