کورد و ئیسرائیل: دوور لە سۆز و فریودان

سەردار عەزیز


پێش 2 هەفتە

لە زۆر ڕوەوە دەکرێت هاوبەشی لە نێوان کورد و ئیسرائیلدا دروست بکرێت، بەڵام هەموو ئەم هاوبەشییانە لە ئەو ڕوانگەیەوە دێن کە هەردوو لا یەکتر وەک پەراوێز ببینن.
 ئەم دیدە ناودەنێین دیدی پەراوێزیی، بەو مانایە ئیسرائیلش وەک کورد خۆی وەک قبوڵنەکراوێکی پەراوێز دەبینیت لە لایەن هێزەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، هەر بۆیە دیارە بۆ بریقاندنەوەی ئەم دیدە زۆر کەسایەتی باس لە هاوبەشێتی و هاوشێوەیەتی و تەنانەت هاوچارەنوسی هەردوو گەل دەکەن،بەڵام ئەمە بە گشتی دەکرێت وەک خیتاب ببینرێت نەک وەک ڕاستی یان واقیع.
ئیسرائیل چیدی یان تەنها پەراوێزنیە، بەڵکو بەرەو ئەوە دەچێت کە هێزێکی هەرێمی گەورە و خاوەن پشتیوانی گەورەترین زلهێزی جیهان بێت، بۆیە لە بڕی پەراوێزبون باس لە داڕشتنەوەی نیزامی ناوچەکە دەکاتەوە.
پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێی ئیسرائیل یەکێکە لە سێ پرۆژەکەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو دوانەکەی بریتین لە پرۆژەی ئیسلامی سیاسی تورکی قەتەری لە گەڵ پرۆژەی لاوازبووی ئێرانیی بەرەی موقاوەمەدا.
ئێستا لە ئیسرائیل مشتومڕێک هەیە دەربارەی چۆنێتی مامەڵە لە گەڵ کورددا،چەند ڕۆژێک لەمەوپێش کۆمێنتاریی ئیسرائیلی ئەتار پۆرتا بابەتێکی لە ڕۆژنامەی جوروسەلیم پۆست نوسیبوو کە داوای لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەکرد قومار بە پشتیوانی کوردەوە نەکات و ڕیالپۆلەتیک یان واقیعییانە مامەڵە بکات و لە گەڵ تورکیادا لە سوریا پێک بێت، ئەم دیدە دیدی دەوڵەتییە نەک بە مانای ئەوەی کە دیدی دەوڵەتی ئیسرائیلە بەڵکو دەوڵەت هەمیشە وەک وەحشێکی ساردی بێ هەست لە گەڵ ڕوداوەکاندا مامەڵە دەکات، بەو پێیە لە هەر کاتێک، لە هەر شوێنێک چی لە بەرژەوەندی بێت ئەوە دەکات.
دیارە ئیسرائیل یەکێکە لە تاکە دەوڵەتەکانی ناوچەکە کە بە سیستەمی دەوڵەتی کار دەکات و وڵاتانی تری ناوچەکە لە قەیرانی بەدەوڵەت نەبوندان، لە بەرامبەر دیدی ڕیالیستی دەوڵەتی کە وەها کورد دەبینێت کە ئەگەر سودی هەبوو هاوکاری بکرێت ئەگەر سودی نەبوو تەرک بکرێت، دیدێکی تر هەیە کە لە سەر بنەمای بەهاو و سۆز و دووربینی ئارگومێنت دەکات بەوەی کە لە بەرژەوەندی درێژخایەنی ئیسرائیلدایە کە وڵاتانی ناوچەکە بەهێزنەبن و دژایەتییان بۆ سڕینەوەی ئیسرائیل پەرەپێنەدەن و ئەم دیدی پشتیوانییە هەروەها تەبایە لە گەڵ پرۆژەی ئیسرائیلی ئەمریکی.
سەرباری ئەم دوو دیدە، دژ بە یەکە، دەوڵەتی ئیسرائیل سێ دایلەمای هەیە لە مەڕ پرسی کوردەوە، وەک لێکۆڵەری ئیسرائیلی دالیا لیندینشتراوس باس دەکات.
ئەم سێ دایلەمایە بریتین لە؛ ئایا هەتا کەی ئەمریکا پشتیوانی کورد دەکات بە تایبەتی لە سوریا،دایلەمای دووەم، کاریگەریی ئەم پەیوەندییە لە سەر تورکیا، چونکە تورکیا و ئیسرائیل لە هەموو شتێکدا دژنین، بۆ نمونە لە ئازەربیجان دۆستن، بەڵام لە پرسی کورد و فەلەستیندا پێچەوانەن و سێیەم دایلەما، کاریگەری لەسەر دۆخی ناوخۆیی کورد و دژایەتی کورد بۆ یەکتر.
لە سەروی ئەمانەوە ئیسرائیل پێی باشە کە سوریا فیدراڵی یان لامەرکەزیی بێت، نەک تەنها بۆ کورد بەڵکو بۆ بەرژەوەندی ڕاستەوخۆی ئاسایشیی خۆی لە باشور. ئەمریکاش لە گەڵ ئەم دیدەدایە وەک مۆدێلێک بۆ پۆست-دیکتاتۆریەت،لەم ڕوەوە ئەمریکا هاوکارە لە دیداری دیمەشق و قامشلۆ، چونکە هەلیکۆپەرێکی ئەمریکی مەزڵوم عەبدی برد بۆ فڕۆکەخانەی زەمیر بۆ دیداری ئەحمەد شەرع.
هاتنی ئۆجەلان بۆ ناو ئەم ململانێیە کاریگەری دەبێت، ئایا ئۆجەلان چۆن هەڵوێست وەردەگرێت لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل؟ پرسیارێکە هەندێک لە ڕواڵەتەکانی دیارن بەڵام بە تەواوی وەڵامەکەی ڕون نیە.
 یەکێک لە تراژیدیاکانی خیتابی سیاسی کوردی یان لاوازی و پێنەگەشتویی ئەو خیتابە ئەوەیە کە ناتوانێت بەرامبەر هیچ پرسێک دوور لە پەرچەکرداریی سۆزداریی و ئاینگەرایی ئایدەلۆژی قسە بکات، لە نێوانیاندا تێگەیشتن لە ئۆجەلان.