سەربەست نەجمەدین
7 رۆژ پێش ئێستا
بەڵێ فەیسبوک یەکێکە لە خراپترین تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
دەتوانم بڵێم بە نزیکەیی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2007ەوە من لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکدام، لە 2012ەوە کەوتومەتە مامەڵەکردن لەگەڵیان لە روی چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەنجامدانی کاری سکوێرێتی و کاری بوستین و سپۆنسەرەوە، کەواتە رێگە بەخۆم دەدەم لە ئەزمونی بەکارهێنانم لەم تۆڕەدا چەند قسەیەکی لەسەربکەم و ئەو بڕیارەش بدەم فەیسبوک یەکێکە لە خراپترینەکان، لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
دەمەوێت دوو دیوی فەیسبوک باسبکەم کە زۆر بەرکەوتنم هەبووەو لەگەڵیداو کەوتومەتە ئاڵەنگاریی، ئەویش لایەنی تەکنیکی و لایەنی سەپۆرت یان پاڵپشتی کۆمپانیاکەیە بۆ بەکارهێنەرانی لەکاتی بونی کێشەدا.
بۆ لایەنە تەکنییەکەی، هەموان دەزانین هیچ سیستمێک و بەرنامەیەک، بەبێ هەڵە و کەموکورتی نییەو نابێ، بەڵام شوێن بۆ شوێن و کۆمپانیا بۆ کۆمپانیا بەپێی گەورەیی و بچوکی دەگۆڕێت و ئەگەر شتەکەش جیهانیی بێت و لەگەڵ ژیانی رۆژانەی خەڵک تێکەڵ بوبێ ئەوا دەبێتە عەیبەیەکی گەورە رۆژانە و مانگانە کێشەکان چارەسەرنەکرێت و بگرە بەرەو خراپتریش چوبێت ئەوا جێگەی ئەوە نییە متمانەی پێبکەیت و زۆر بەکاریبهێنیت.
لەو رووەوە فەیسبوک زۆر خراپە، بەدەیان و سەدان کێشەی هەیە لە سیستمەکەیدا لە روی جێبەجێکردنی کردارەکانەوە، هەر لە بڵاوکردنەوەی ناوەرۆکێک بیگرە تا ستۆری و ریل و چاتکردنەوە.
بەیەک نمونەی بچوک کۆتایی بە لایەنە تەکنیکییەکەی دەهێنم، ماوەی یەک ساڵە بەشی مەسنجەرەکەی بەشێوەیەکی گشتی کێشەی تیایە، ناردنی نامە و بەدەستگەیشنی نامەی بەرامبەر زۆر خراپ بوە بەتایبەت لەسەر دیسکتۆپ واتە کۆمپویتەر، بۆ ناردنی نامەیەک زۆرجار دەبێت 10 جاری رێک رێفرێش بکەیت، بۆ ئەوەی بزانی نامەشت بۆ هاتوە دەبێت 10 رێفرێشی تر بکەیت، واتە زو لۆدبونی نەماوەو خۆکارانە بەشەکانی نوێ نابنەوە بەبێ ئەوەی رێفرێش بکەی، ئەمە تەنها نمونەیەکی سادەیە و 10یان نمونەی دیکەم لایە وەک (سەقەتکردنی ناوەرۆک، سزادانی خۆکارانەی پەیج بەبێ بونی هیچ کێشەیەک، کێشەی بەردەوام لە سپۆنسەر و بوستکردن، بابەتی دەسەڵاتەکانی ئەدمینی پەیج، ناردنی وێنە و ڤیدیۆ لە مەسنجەر، زۆر خواردنی پارە و دزەکردن بۆ ناو ئەکاونتەکان لەولاشەوە بوەستێت، کۆنتڕۆڵکردنی پەیج لەلایەن پاکستانی و هندییەکانەوە.. هتد)
بەپێی رێنمایی خۆیان، تەنانەت لە روی دۆزینەوەی هەڵە و کەلێنی ئەمنییەوە، خۆیان پاڵپشتی ئەو کەسە دەکەن کە لاوازیی ئەمنییان پێدەڵێت و گوایە دواتر پاداشتی کەسەکە دەکەن، بەڵام زۆر کەس بەبەڵگەوە کەلێنی لەناو تۆڕەکە دۆزیوەتەوە دواتر ئامادەنەبون یەک سەنت وەک پاداشت بدەن بەوکەسە و پشتگوێیان خستوە، بۆیە ئێستا زۆربەی شارەزایانی سایبەر سیکورێتی و ئەوانەی لە بەگ باونتی کاردەکەن، خۆیان لەم تۆڕە بەدورگرتوە چونکە بەس کاتەکەیان بەفیڕۆدەڕوات.
لایەنێکی دیکەی خراپیان، بەشی سەپۆرت تیمەکەیانە، واتە ئەو بەشەی داندراون بۆ وەڵامدانەوەی ئی مەیڵ و نامە و تەلەفۆنی بەکارهێنەرانیان لەکاتی بونی کێشەدا، ئەتوانم بڵێم کەسێکی ئاسایی زۆر زۆر زانیاریی زیاتر هەیە لەسەر فەیسبوک و ئامرازەکانی، وەک لەو تیمە بێ کەڵکەی کە تەقەی سەریان دێ پێیان دەڵێی فڵان کێشەمان هەیە.
چونکە بەدەیان جار کەوتومەتە گفتوگۆکردن لەگەڵیان شتی سەرەتایشیان لەسەر فەیسبوک نەزانیوە، کەئەمەش ئەو گومانەت بۆ دروستدەبێت لەسەر ئەساسێک ئەمانە وەک کارمەندی مێتا وەرگیراون و کاردەکەن.
سەپۆرت تیمی فەیسبوک، کە بە قسەی خۆیان تەنها بۆ خزمەتی لایەنە بزنزەکەی لەسەرهێڵن لەوانە بونی کێشە لە پارەدان و مامەڵەی بازرگانی خزمەتگوزاریی پێشکەشدەکەن، بەڵام بۆ هەموو ئەوانەش بێ دەسەڵاتن و تەنها رویەکی گەشی خۆیان پیشان ئەدەن تادواتر لە فیدباکە زۆرباشەیان بەیتێ و دواتر تا لەلایەن مێتاوە پاداشت بکرێن.
قسەکان و بابەتەکان و کێشەکان لەسەر فەیسبوک زۆر زۆرە، زیادەڕۆیی نییە بڵێم دەتوانم یەک کتێب لەسەریان بنوسم بەڵام تائێرە بەسەو هیوادارم لەوە تێبگەن کە بۆچی ئەو بڕیارە دەدەم فەیسبوک یەکێکە لە خراپترین تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام ئەوەش واقعە کە رکابەریی نییە و رۆژ بە رۆژ بەکارهێنەری روو لە زیادبونە تازە چووەتە ناو خەڵکەوە.
لە بابەتێکی دیکەش بەپێی ئەزمونی کارکردنم و بەرکەوتنم، یەکێک لە باشترین تۆڕەکانتان بۆ باسدەکەم.
سەربەست نەجمەدین