کورد لە هاوکێشەى سووریاى نوێدا

عارف قوربانی


21/12/2024

ئەمەى لە سووریا روویدا تەواوى سیناریۆیەکە نییە، رووخانى بەعس و دوورخستنەوەى بنەماڵەى ئەسەد دواى 50 ساڵ لە حوکمڕانى، بەشێکى رووداوە گەورەکەیە، بەڵام بەشی گرنگتر لەوە؛ هاوکێشەکانى داهاتووی سووریایە. واتا کەوتنى ئەسەد کۆتایی چیرۆکەکە نییە، بەڵکو دەستپێکە بۆ چیرۆکێکى درێژتر.

سووریا، لەنێو هاوکێشە و ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا بەشێک بوو لە جەمسەرى رووسیا، لە هاوکێشە هەرێمایەتییەکانیشدا سەر بە بەرەى ئێران بوو. ئەمەى روویدا پێش هەر شتێک دەرهێنانى سووریا بوو لە دەستی رووسیا و دوورخستنەوەى بوو لە ئێران؛ بەڵام کێ کردى؟ هێشتا دیار نییە. 

بۆ داهاتوو، هیچ گەرەنتی و هیوایەک نییە شوێنگرەوەکەى ئەسەد، بۆ گەلانی سووریا لە بنەماڵەى ئەسەد باشتر بێت، ئەگەر سەردەمى تاریکتر لە دەسەڵاتى ستەمکاری و دیکتاتۆریانەى ئەسەد نەیەتەئاراوە، لە باشترین حاڵەتدا رەنگە هەر وەک دەسەڵاتى ئەسەد بێت، بەڵام لە بەرگ و لەژێر ناو و ناسنامەیەکى جیاوازدا. واتا مەرج نییە ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەى لە سووریا روویدا، بۆ داهاتوو دەرگای ژیانێکی باشتر بەڕووی هاووڵاتییانی سووریادا بکاتەوە. بەپێچەوانەوە چاوەڕوانییەکان بۆ خراپتربوونی دۆخی سووریا زیاترن وەک لەوەى ببێتە شامی شەریف. ئەویش لەلایەک بەهۆى ئەزموونی رووخاندنی بەشێک لەو وڵاتانەى لە دوو دەیەى رابردوو دا لەناوچەکە رووخێندران، بەدیلەکانیان باشتر نەبوون لەو ستەمکارانەى پێشووتر، لەلایەکی دیکەشەوە بەدیاریکراوی ئەو گرووپانەى ئێستا لە سووریا هێنراونەتە سەر حوکم، رەفتار و کردارى رابردوویان، پاشخانى بیر و باوەڕیان، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە داهاتووى سووریا سەردەمێکى تاریکتر دەبێت، چونکە ئەمانە گرووپیگەلی ژیاندۆست نین، پرۆژەیەکیان بۆ بەختەوەریی مرۆڤ نییە. بڕوایان بە ئازادى، دیموکراسی، مافی مرۆڤ، دادپەروەرى و یەکسانیی نێوان رەگەز و چین و توێژ و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان نییە. تواناى قبووڵکردنی جیاوازییان نییە و لەڕوویى ستراتیژییەوە دەیانەوێت هەموو جیاوازییەکان لەنێو خۆیاندا بتوێننەوە. بۆیە ناتوانرێت وێناى دواڕۆژێکی ئارام و سەقامگیر بۆ سووریا بکرێت. 

ئەمە وەک راستییەک هەموو وڵاتانی دونیا و ناوەندە گرنگە نێودەوڵەتییەکانیش دەیزانن، بەڵام بۆ لەبرى ئەمان بیریان لەوە نەکردەوە دەسەڵاتێکى مەدەنیی دیموکراتخواز شوێنی ئەسەد بگرێتەوە، ئەمەیان مەگەر هەر خۆیان و خوا بیزانێت. کێ ئەندازیار و داڕێژەرى سیناریۆى ئەم چیرۆکە تازەیەى سووریا بوو، یاخود لەبەرانبەر چ شتێکی دیکەدا مساوەمە بە سووریا کرا؟ رەنگە وەک مەتەڵێکى گران، دۆزینەوەى وەڵامەکەى ئاسان نەبێت؛ بەڵام روونە بەرگرینەکردنی سوپاى سووریا، پشتتێکردنى رووسیا و بەخێرایی کشانەوەى سوپا پێنج هەزار چەکدارییەکەى ئێران و بەتەنیا جێهێشتنی ئەسەد، بەهۆى هێرش و پەلامارەکانی هەتەشەوە نییە. لەپشتی ئەم دیمەنە رووکەشەوە، چ هاوکێشەیەکی دیکەى نێودەوڵەتی و هەرێمایەتى دەگوزەرێت؟ ئەشێ وەکو زۆر رووداوى دیکەى جیهان، لە داهاتووى دووردا نهێنییەکانی ئاشکرابن. 

کورد گوتەنی ئەوەى وەک مانگی 14 دەدرەوشێتەوە ئەوەیە؛ لە هاوکێشە هەرێمایەتییەکاندا چۆن پێشتر سووریا پایتەختی دووەمی ئێران بوو، بۆ داهاتووش دیمەشق دەبێتە ئەنقەرەى دووەم. لە هاوکێشە و ململانێ نێودەوڵەتییەکانیشدا دەکەوێتە جەمسەرى رۆژئاواوە. تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتدارەکانى هاوشێوەى تاڵیبان و داعشیش رەفتار بکەن. 

پرسیارى گرنگ لێرەدا بۆ ئێمە ئەوەیە؛ کورد لە سووریا دەکەوێتە کوێی ئەم هاوکێشە تازەیەوە؟ کوردیش وەک وابەستەیەکى بەرەى رۆژئاوا وێنا دەکرێت؟ بەڵام لەبەر دوو هۆکار ناتوانین بەدواى وەڵامی ئەو پرسیارەدا بگەڕێین، هەتا وەڵامی ئەوەمان لانەبێت، بە پلەى یەکەم 'ئایا ئەم دەسەڵاتدارانەى سووریا لەداهاتوودا چۆن لە کورد دەڕوانن؟' دووەمیش 'ئایا دەتوانرێت ئەو پەرتەوازەیی و دابەشبوونە کوردییە چارەسەر بکرێت و لەبەرەیەکدا کۆببنەوە، تاوەکو وەک بکەرێک لەناو رووداوەکانی داهاتووى سووریادا شوێنیان بۆ بکرێتەوە؟' یاخود وەک ئێستا هەریەکە و لە دۆڵێک دا دەمێننەوە، چونکە ئەوە روونە ئەگەر کورد تواناکانی یەکنەخات و وەکو بەرەیەکى کوردى لەدەورى پرۆژەیەک دا کۆنەبنەوە، نەوەک ناتوانن هیچ بۆ کورد بەدەستبهێنن، بەڵکو ناتوانن دڵنیایی ئەوەش بەدەستبهێنن دواى (رژێمەکەى ئەسەد) قوربانیی گەورەى رووداوەکانی سووریا، کورد نەبێت، بەڵام ئەگەر پرۆژەیەکی کوردى هەبێت وەک نەخشەڕێی کورد بۆ داهاتووى پرسی کورد لە سووریا، ئەگەرى ئەوە هەیە ئەم گۆڕانکارییانەى سووریا دەرگە بۆ ئەوە بکەنەوە؛ کورد بە بەشێک لە مافەکانی بگات. 

چونکە وڵاتانى رۆژئاوا و لەسەرووى هەمووشیانەوە ئەمریکا، سەربارى ئەوەى تورکیا وەک هێزێکى گەورە لە ناوچەکە بە بەشێک لە پرۆژەى خۆیان دەبینن و لە کەنداوی عەرەبیش دا بەرژەوەندیی زۆریان بۆ خۆیان دەستەبەرکردووە، بەڵام لەداهاتووى ناوچەکەدا هیچ جوگرافییایەکیان دەستناکەوێت بە ئەندازەى کوردستان بتواندرێت ئومێدى لەسەر دروستبکرێت کە دۆستى ستراتیجیی رۆژئاوا بێت. ئەگەر کورد خۆى ئامادەیی تێدابێت، پێچەوانەى ئەو مێژووە دوورودرێژەى جوگرافیاکەى هۆکار بووە بۆ هەوڵەکانی قڕکردنی نەتەوەکەى، ئەشێ بۆ داهاتوو جوگرافیاکەى یارمەتیدەر بێت بۆ لەسەرپێوەستانی خۆى وەک نەتەوەیەکى زیندوو و گەورەى جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

لە رووداو وەرگیراوە