راچڵەکین-
دوێنێ برادەرێکی تورک کە جاران لە وەزارەتی دەرەوەی تورکی نزیک بوو لە ئەنقەرە سەرۆکی خانەیەکی بیر بوو، توێژینەوەیەکی بۆ ناردم، منیش لێم پرسی ئایا نیازی تورکیا چیە بەرامبەر کوردستانی سوریا، ئایا دەیەوێت تێکی بدات؟
ئەو سێ پەیامی ناردبوو لە وەڵامدا؛ پەیامێکیان ڕای کەسێکی تر بوو دەربارەی بابەتەکەی، لەو ڕایەدا باس لە عەقڵیەتی تورک دەکات، ئایا هێشتا لە عەقڵیەتی بەرگریەوە پرسەکە دەبینن. وەک لە گوتارەکانی ئەردۆغان و فیداندا هەستی پێدەکەیت ئەوان دەڵێن بەرگریی لە خاکی تورکیا دەکەن.
بەپێی ئەم عەقڵیەتە، کە لە هەمانکاتدا عەقڵیەتێکی نیمچە کەمالیی و بە گشتی تورکیە. کەمالی بەوەی کە ئەتاتورک دەیگوت ئاشتی لە ناوەوە، ئاشتی لە دەرەوە، لە نوتقدا باسی دەکات. هەروەها ئەو عەقڵیەتەی کە لە سیڤەرەوە دێت پێی وایە هەموو لە پیلاندان بۆ تێکدانی تورکیا.
بەم پێیە ئەنقەرە هەتا بۆی بکرێت دەڕوات، بە قسەی هاوەڵە تورکەکەم. کەواتە تورکیا لە سەر بنەمای هێز و مەترسیی و دەرفەت کار دەکات. ئەو چەمکێکی دۆلۆزی بەکارهێناوە کە. من باش لە چەمکەکە تێناگەم، چونکە زۆر بەکاردێت بە جیاواز لە مانا دۆلۆزییەکە. مانا دۆلۆزییەکە وەهایە کە بەدوەکان یان کۆچەرییەکان لە پانتایی خۆیان دەچن بۆ پانتاییەکی تر، کە دەبێتە دیتیرۆتریەلایزەیشن، بەڵام کۆچەرییەکان یەکسەر پاش ئەمە ریتیریتۆریەلایز دەکەن، بەو مانایە ئەو پانتاییەی کە لە دەرەوەی تیرەتۆری خۆیان بوو، دەیکەن بە پانتایی خۆیان.
بەڵام ئەم چەمکە لە پانتایی یاسای نێودەوڵەتیدا، مەبەستم توێژینەوەی ئەو بوارەیە، بە پشت بەستن بە کارەکانی کارل شمت، بە تایبەتی مانایەکی تری وەرگرتوە بەوەی پرۆسەی سەپاندنی نۆرمی ترە بە سەر ئەو پانتاییەدا.
لەم ڕوانگەیەوە تورکیا مەبەستی ئەوەیە هەتا بۆی بکرێت لە ڕوی هێز و کاتەوە زۆرترین پانتایی و جێگای ستراتیژی ببات هەم بە بیانوی کوردوەوە، هەم دژ بە کورد. لەم پانتاییەدا نۆرمەکان بگۆڕێت، بەمانای ئەوەی لە کوردبون یان دەسەڵاتی کوردی دایببڕێت و نۆرمی تری بە سەردا بسەپێنێت، وەک ڕەدعی مەترسی ناوەوە، کە پرسی کوردە لە ناو تورکیا، یان وەک ڕێگریی لە مەترسییەکی دەرونی و بونیادی دەوڵەتی تورکی.
بەڵام لێرەدا چەند پرسێکی تر هەیە:
یەکەم، کەس توانای کۆنترۆڵی ڕوداوەکانی نیە. تورکیا لە کاتێکدا هەست بە سەرکەوتن و دەرفەت و لاوازبونی نەیارە هەرێمییەکانی وەک ئێران و روسیا دەکات، بەڵام دوو شت زۆر گرنگن کە لە بەرچاو بگیرێت: یەکەم، ئەگەر سوریا ببێتە ملی تورکیا، ئەوا سوریا تورکیا وێران دەکات. چونکە سوریا پێویستی بە بلیون بلیون دۆلارو بۆ ئەوەی بکەوێتە سەر پێی خۆی، بەڵام تورکیا نیەتی. ئێستا بۆ کارەبای حەلەب پارە لە قەتەرەوە دەهێنن. تورکیاش دەخوازێت کەنداو پارەی سەرکێشییەکانی بدات، بەڵام تەنها قەتەرە دەچێتە ژێر ئەم بارە و لە هەمانکاتدا مەرجدار و سنوردارە. بۆیە دەکرێت وەها ببینرێت کە تورکیا بەرەو زۆنگاو دەخلیسکێت. دەچێتە وڵاتێک کە بۆی سەقامگیر ناکرێت. لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکی دابرانە لە سوریا، بە تایبەتی لە ڕوی ناردنەوەی ملیونان سوریی. ئەمەشە تەنانەت چاودێرە تورکەکان خۆشیان دەڵێن کە ڕەنگە تورکیا پارویەکی بۆ هاتبێت کە نەتوانێت بە ئاسانی قوتی بدات.
لە رویەکی ترەوە ئەگەر ئێران و ڕوسیا لاواز دەبن ئەکتەرێکی تر دەیەوێت سوریا لە قاڵب بدات، ئەویش ئیسرائیلە بە پشتیوانی ئەمریکا. وەک بەڵگەنامەکان دەریدەخەن ڕوسیا جۆرێک لە گەرەنتی بوە بۆ ئیسرائیل لە سوریا، ئێستا ئیسرائیل ئەو گەرەنتییەی نەماوە، بۆیە دەبێت خۆی کارەکان بکات. یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە بە وێرانکردنی توانای سەربازیی و جبەخانەی سوری توانای سەربازی ئەو وڵاتە سفر بکات، لە هەمانکاتدا ناهێڵێت جارێکی تر ببێت بە خاوەن هێزی سەربازی و خاوەن جبەخانە، لەم ڕوەوە دەبێت ئیسرائیل لە ڕوی سەربازییەوە ئیدارەی سوریا بکات. ئەمەش وەها دەکات کە سوریا ببێت بە وڵاتێک کە ئیسرائیل و پلانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ لە گەڵ تورکیا و پلانی بۆ بونی بە هێزی هەرێمی نوێ، بەریەک دەکەون.
دەرئەنجامەکان؛
یەکەم، سوریا سەقامگیر نابێت و بە وڵاتێکی لاواز دەمێنێتەوە.
دووەم، ئەگەر پێشتر ناوەندی ڕاگرتنی بەرەی دژە ڕۆژئاواو و بەرەی ڕۆژئاوابوو ئەوا دەبێتە ناوەندی ململانێی دوو بەرەی تر.
سێ، کورد دەکەوێتە بەرداشی ئەم ململانێ نوێیەوە. بەڵام کورد نابێت بە تەواوی دژ بە هیچ لایەک بێت.
چوار، هێزە ئیسلامیەکان ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بایەخیان پێنەدات ئەوا بۆ ئەوەی ببن بە جێگای بایەخی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەگەڕێنەوە بۆ کارە تیرۆریستیەکانیان. بەمەش هەموو ڕێسەکە دەبێت بە خوری.