دوای ئەوەی کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ لە ڕۆژی سێشەممە ٥-١١-٢٠٢٤، لە چل و پێنجەمین دانیشتنی ئاسایی خۆی پڕۆژە یاسایەکی پەسەند کرد بۆ هەموارکردنەوەی مادەی (١٢/دووەم/ج) لە یاسای بودجەی فیدڕاڵیی سێ ساڵەی ژمارە (١٣ی ساڵی ٢٠٢٣) تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە دانیشتنی ژمارە (١٧) ی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕۆژی ٢٦-١١-٢٠٢٤ خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەم پڕۆژە یاسایە ئەنجام بدرێت.
بۆ بەرچاوڕوونی لەم خاڵانەی خوارەوە گرنگترین بڕگە وخاڵەکانی ئەو پڕۆژە یاسایە دەخەمەڕوو:
١) وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکاتەوە لە تەرخانکراوی خەرجییە سەروەرییەکان (النفقات السيادية) لە ناو بودجەی عێراقی فیدڕاڵ بۆ پارەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دەهێنرێت، کە لەلایەن کۆمپانیای گشتی فیدڕاڵی بۆ بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ەوە وەردەگیرێت بۆ هەناردەکردنی بۆ بازاڕە نێودەوڵەتیەکان لە ڕێگای بەندەری جیهان وداهاتەکەی دەبێتە داهاتی گشتی خەزێنەی فیدڕاڵیی، یان لە ئەگەری هەناردەنەکردن بەگەر هۆکارێک ئەوا لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراق وەردەگیرێت و بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بەکاردێت بەپێی بڕگەکانی (أ) و (ب)ی مادەی ١٢/ دووەم.
٢) پێویستە تێچووی دادپەروەرانەی (تعويض عادل) خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا حیسابی بۆ بکرێت ئەویش لەلایەن دامەزراوەیەکی ڕاوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی سەربەخۆی تایبەتمەندەوە دەستنیشان دەکرێت، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم دیاری دەکات ، لە ماوەی (٦٠) ڕۆژدا لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، و لە ئەگەری ناکۆکی لە ماوەی ئەو ماوەیەی پێشوودا، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو دامەزراوە ڕاوێژکاریە دیاری دەکات.
٣) ئەو دامەزراوە ڕاوێژکارییە نێودەوڵەتیەی کە وا بڕیارە بە گوێرەی بڕگەی پێشوو دیاری بکرێت، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ڕاستەقینە پێشکەش بە وەزارەتەکانی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پەسەند دەکرێت بە اثري رجعي بۆ هەر بەرمیلێک کەڕەتی ژمارەی بەرمیلەکانی وەرگیراو بەپێی بڕگەکانی (أ) و (ب)، لەم بڕگەیە، و وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەو بڕە پارانە دەدات بە حکومەتی هەرێم.
٤) تاوەکو ساتی جێبەجێکردنی بڕگەی ٣ ی سەرەوە و دیاریکردنی تێچووی ڕاستەقینەی دادپەروەرانە بۆ تێچووی نەوتی هەرێم لە لایەن ئەو دامەزراوە ڕاوێژکاریە، پێویستە دەستبەجێ لە بەرواری کەوتنە بواری جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسای هەمواری ماددەی ١٢ دەستبەجێ نەوتی بەرهەم هێنراو لە هەرێم بدرێت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەپێی بڕگەی (أ) و (ب)ی ئەم بڕگەیە،و قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەکرێتەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەشێوەی سولفە، بە تێکڕای (١٦) شانزدە دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە دواتر چارەسەر دەكرێت دوای تەواوبونی كاری راوێژكاری تەكنیكی تایبەتمەند كە لەسەرەوە باسكراوە لەسەر بنەمای پێشتر گرتنەوە لە بەرواری دەستكردن بە رادەستكردنی نەوت بە گوێرەی ئەم هەموارە.