هەرێمی كوردستان لەبەردەم دۆخێكی زۆر هەستیار و چارەنوسسازدایە. بەهۆی نەبوونی دەستور و دامەزراوەی بەهێزی نیشتمانی وەكو سیستمی دادوەری و هێزی سەپاندنی یاسا كە تەواو نیشتمانی وسەربەخۆ و لە ژێر كۆنتڕۆلی حزبە سیاسییەكان نەبن ، سنورێك بۆ گوتار و كرداری كەسی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دیاری نەكراوە.
بەرژەوەندییەكانی گەل و نیشتمان پێناسەی فەرمیان بۆ نەكراوە . دامەزراوە فەرمییەكان وەكو پێویست ڕێزیان لێ نەگیراوە و بە ئەنقەست هەوڵ دراوە بێ كاریگەر و بێ بەها بكرێن.
لە نەبوونی دەستور و لەبەر گرنگی و پێویستیش بێت لایەنە سیاسییەكان نەیانتوانیووە بە لایەنی كەمەوە پەیماننامەی نیشتمانی (شەڕەف) لەگەڵ یەكتری واژوو بكەن و لە پرسە نیشتمانییەكانی هەرێم پێوەی پابەند بن . لەبەر هەموو ئەو هۆكارانە ئەوهێلە سورە نیشتمانییە كە دەبێت دیاری بكرێت و یاریكەرە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان نابێت بیبەزێنن دیار و ڕوون نیە ، هەر كەس و لایەنێك بە حەز و ویستی خۆی ئەوەی بیەوێت دەیكات و هەر ڕۆژە و بە جۆرێك لەسەر پرسە نیشتمانییەكان دەدوێت .
لیرەدا لەو بارودۆخە دژوارەدا ڕۆڵی سەركردەو كاراكتەرە بە ئەزموونەكانی كایەیی حزبی وسیاسی دێتەگۆڕێ، ئاخۆ دەتوانن هەموولایەنەكان لەسەر مێزێك بۆگفتوگۆی ڕاشكاوانە و بەرپرسیارانە كۆببنەوە ، گەر دڵسۆز وخەمخۆری ڕاستەقینەی خەڵكی قوڕبانیدەرو خۆڕاگری هەرێمی كوردستان بن دەتوانن ئەم ڕۆڵە مەزن ومێژووییە بگێڕن. ، هەرێم لەئێستادا پێویستی بە كەسایەتی سیاسی و یاسایی و ئابوری زاناو لێهاتوو و دڵسۆز و بەئەزموون هەیە، تاكو دوور لە بەرژەوەندی تەسكی كەسی وحزبی چارەسەر بۆ گرفت وقەیرانەكان بدۆزنەوە و كوردستان و كوردستانیان لە ئەگەری هەر مەترسیەك بپارێزن.
بەناردنی پەیام و وەڵام وەڵامكاری بۆ یەكتری ، نەك هەر گرفتەكان چارەسەر نابن ، بەڵكو كێشەكان قوڵتر و دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت و سەنگ وپێگەمان لای هاوبەشەكانمان لەئاستی عێڕاق و لای دراوسێكان و وڵاتانی دەرەوە لاواز دەبێت . لە ناوەخۆشدا ئاستی متمانەی هاووڵاتیان بەنیاز پاكی و دڵسۆزی و توانای هێزە سیاسییەكان و بەرپرسانی باڵای هەرێم بۆ چارەسەری گرفتەكان لاوازو لاوازتر دەبێت.
بۆیە لەم قۆناغەدا وەكو بەرپرسیاریەتی مێژوویی، ئەركی مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی بەرەی كوردستانی لە ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١ و یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێم، ئێساتش وەكو سەرۆكی گەورەترین حزبی سیاسی لە هەرێم لە هەموان قورسترە . بە ئەگەری زۆر هەندێ لە سەركردەو كەسایەتی سیاسی ناو هێزو پارتی سیاسی كوردستان چاوەڕوانی دەسپێشخەری و كاری گەورەی لێ دەكەن ، بۆئەوەی هەموان لە شاری هەولێری پایتەخت كۆ بكاتەوە و چوارچێوەیەك بۆ كاری هاوبەش بۆ دەرباز بوون لەو قۆناغە دیاری بكەن، دڵنیام بۆ یەكگرتووی لە پێناو خەلك و نیشتمان گەلی كوردستان لەگەڵیان دەبن و لەگەڵیان شان دەدەنە بەر سەختییەكان و بەسەریدا زاڵ دەبین.
قۆناغی ئەمڕۆمان لە دۆخی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش سەخترە . وەكو چۆن سەرۆك بارزانی خۆی سەركردایەتی شەڕی داعشی گرتە ئەستۆ و لەگەڵ پێشمەرگەكان كوردستانی لەتیرۆریستانیان پاراست ،جارێكی دیكە زۆر لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی گەل و نیشتمان چاوەڕوانن بەو ئەركە هەلبستێت. بەڵام بەر لەهەر هەنگاوێك پێویستە هەموو لایەنەكان ئیتر ڕێگە نەدەن كەسانێك بەگوتاری زبرو نابەرپرسانە یان بە مەدح و سەنای بێ مانا لەمیدیاو تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان دۆخەكە ئاڵۆز بكەن.
ئەركی كەسە مەزنەكان ئەوەیە كە بتوانن یەكگرتوویی دروست بكەن و میللەت لە نەهامەتی و هەڕەشەكان بپارێزێن.
بەپێجەوانەوە، بەردەوامی ئەم دۆخە و ئەو پەرتەوازەییە و هەست نەكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەگەڕاندنەوەی متمانە و باشتر نەكردنی ژیانی خەلك، كوردستان بەرەو لەت بوون یان لە ناو چونی ناوەخۆی دەبات. بە تایبەت كە هەرێم لەدۆخێكی ئابوری زۆر خراپ دایە هەروەها هەڵبژاردنێكی جیاوازتری لە پێشە.
لە ئێستادا كوردستان پێویستی بەو كاراكتەرە سیاسییانە هەیە، كە لە پێناو پاراستنی هەرێم و ژیانی هاوولاتییان تەنانەت ئامادە بن پێشمەرگە ئاسا بەرەو مەرگی سیاسی هەنوكەیی خۆیان بچن، بەڵام یاد و كاری گەورەیان لە هزر و مێژووی گەلەكەیان هەر دەمێنێتەوە.