شەش ساڵ لەمەوبەرو لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا تەنها فەرمانی دەستگیركردن بۆ (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) دەردەچێت ، بەڵام ئەم فەرمانی دەستگیركردنە دەبێتە شانازیەكی گەورە بۆ گەلی كورد و سەرجەم كوردستانیان ، لەهەمان كاتیشدا مێژووێكی نوێ بۆ نەوەكانی داهاتوومان تۆمار دەكات .
لێرەدا ئەگەر ئاوڕێك لەسەر هۆكارەكانی كۆكبوونی نەیارانی كورد بدەین بۆمان دەردەكەوێت ، كەوا شەش ساڵ لەمەوبەر لەكۆی سەرجەم سەركردە ئازادی خواز و سەربەخۆ خوازەكانی گەلەكەمان ، بەتایبەت ئەوانەی لە كۆمیتەیەكی هاوبەش بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان كۆبونەوە ، تەنها و تەنها بڕیاری دەستگیر كردن لەلایەن دادگای ڕەسافەی بەغداد بۆ ( كۆسرەت رەسوڵ عەلی ) دەردەچێت .
بەدڵنیاییەوە بەهۆی پاكی و قارەمانێتی خۆی و پێشمەرگەكانی و دڵسۆزی بۆ خاك و گەل و باوەڕبوونی بە پیرۆزی نیشتیمان و بەرگری كردنی بە خوێن دژی هەر هەنگاوێك بەرامبەر خاك و خەلكی كوردستان كە جەستەی پڕ برینی شاهیدی ئەم راستیەن .
ئەمانەو لە دوای كۆمەڵێك پیلان گێڕی ناوخۆیی و دەرەكی ، لە ڕۆژی شازدەی ئۆكتۆبەر سوپایەك بەناوی حەشدی شەعبی و بەهێزكی زۆرەوە ، ویستی بە كۆمەڵێك پاساوی بێ بنەما سەركوتی میللەتێك و هەوڵی خامۆشی كردنی دەنگی ئازادی و سەرخۆیی گەلێك بدات ، بەتایبەت لە شارێكی پیرۆزی وەك كەركوك ، بۆیە پێویستی بەبەرگری و وەڵام بوو ، ئەم بەرگری و وەڵامەش لەلایەن كاك كۆسرەتەوە بوو .
هۆكاری بەجێ نەهێشتن و پارێزگاری و بەرگری تەواو بەخوێن تا كۆتا ساتەكانی داگیركردنی كەركوك و هەروەها داننان بەو داگیركاریەی كەركوك لەلایەن كاك كۆسرەتەوە ، كابینەكەی عەبادی و هێزی ناحەشدی شەعبی توشی ترسی و دڵەڕاوكێ و تۆقاندنی زۆر كرد .
هەر بۆیە لە لایەن ووتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق ، لەڕۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 19/10/2017 بڵاوكرایەوە كە دادگای لێكۆڵینەوەی ڕەسافە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ( كۆسرەت رەسوڵ عەلی ) دەركردوە لەسەر بنەمای ماددەی 226 لە یاسای سزادانی عێراقی .
ئەم فەرمانی دەستگیركردنە بەدڵنیایی بۆ كپكردنی دەنگی ڕاستەقینەی كورد و تاكە سەركردە ئازا و ئازادی خوازەكەی بوو .
بەڵام بوو بە خەون و چۆكی بە نەیارانی كورد داداو لە هەمان كاتیشدا بەهیز بوونی ئەو سەركردە كوردەی جارێكی تر بۆ هەمووان نیشاندا ، وە نیشانیدا ئەم فەرمانی دەستگیركردنە چ شانازیەكی گەورەیە بۆ گەلەكەی و یەكێتی و خودی كاك كۆسرەت وەكو تاكە سەرۆك و سەركردەیەك .
هەر لەم ڕۆژە وە نەك نەیانتوانی كاك كۆسرەت دەستگیر بكەن ، بەڵكو دوای كەمتر لە ساڵێك بەوپەڕی شكۆ و شەهامەت و گەورەییەوە چووە ناو جەرگەی بەغداد و ئەو سەركردانەی لەدوورەوە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەردەكرد كەوتن بە پاساو هێنانەوە بەرگریی كردن لەخۆیان ، لە پێشوازی و نێوچەوان ماچكردنی دابوون .
هەر لەو سەردانە گرنگەی كە كەمتر بوو لە ساڵێك ، توانی چەمكی دەستگیر كردن بگۆڕێت بە چەمكی دانانی سەرۆكی كۆماری عیراق لە ڕۆژی 2 ئۆكتۆبەری ساڵی 2018 . هەنگاوەكانی دانانی سەرۆكی كۆمار بێ گرفت و كێشە نەبوو ، بەڵام پێداگری و هەڵوێستە نەگۆڕەكانی بۆ یەكێتی و كورد توانی ڕێ لەسەودای ڕێكەوتنە ژێر بەژێرەكان بگرێ .
- هەروەها ساڵێك پێشوو تر لە 17 ی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2016 گەنجترین و چالاك ترین سەركردایەتی ئەوكاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كوڕی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی شاڵاوی كاك كۆسرەت ڕاستەوخۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە پرۆسەی رزگاركردنی موسڵ بریندار بوو ، بەداخەوە شەش پێشمەرگەی قارەمان لەگەڵیدا شەهید بوون .
ئەو ڕووداوە رووداوێكی ئاسایی نەبوو چونكە زۆرینەی جار قسەیەكی باو هەیە كە دەگوترێ كەسی لێپرسراو ڕاستەوخۆ خۆی ناچێتە ناو بەرەكانی شەڕ و خۆی دەپارێزێت ، لەوەیە ئەو قسەیە ڕاستی زۆری تێدا بێت ، بەڵام بۆ كوڕی پیاوێكی گەورەی وەكو كاك كۆسرەت ئەوە تەواو پێچەوانەكەی ڕاستە، چونكە كاك كۆسرەت خۆی لە پێشەوەی بەرەی جەنگدا هەموو جەستەی برین و چەندین جار لە لێواری مەرگ و شەهید بوون گەڕاوەتەوە ، هەر بۆیە كوڕی پیاوێكی پۆڵایین و خاوەنی سێ برای شەهید ، هەر بەرەنگاری و ئازایەتی لەو شێوەیەی لێ ڕەچاو دەكرێت .
لەو ساڵرۆژەدا فەرمانی دەستگیركردنی كاك كۆسرەت ئەو راستیە هەمیشەییە بەبیر سەرجەم هێزە سیاسیە كوردی و عێراقیەكان دەهێنێتەوە ، كە لەدوا ساتە هەستیار و پێویستەكان ، دوا بڕیار و فەرمانی گەورە و گرنگ تەنها و تەنها لە سەركردەی گەورە و ڕەمز و شكۆی تەواوی كورد و كوردستانیان كاك كۆسرەت وە دەردەچێت .
بەرزی و درەوشاوەیی بۆ رێبازی پیرۆزی كاك كۆسرەت
مردن و سەرشۆڕی و روو رەشی بۆ بكەرانی فەرمانی دەستگیركردن .......
سەنگەر عەبدولسەمەد