بەختیار عەلی لەكتێبی (خوێنەری كوشندە) بەوردی و گشتگیر باس لەو تایپە لەخوێنەر دەكات كە پێش تێگەشتن بڕیار دەدات، یان لە ڕوئیای خۆیەوە دەقێك وێران دەكات،، لێرەدا من باس لەو تایپە لە قسەكەر دەكەم بۆیە دەڵێم قسە چونكە ناچنە خانەی بابەت و تێزو ڕوئیای ڕون و بابەتیانە، ئەگەر تێفكرین ئێستا واقعی ئێمە لەدۆخێكدایە لە فەزایەكی شێواوو پڕلە دەنگدانەوەی بۆش و قسەی بێ مانا، پەلاماردان لەچوارچێوەی بێ ناسین و شوناس ،قۆناغێك كە بەشێك تەنها بینەری فۆڕمن و ناتوانن بچنەناوكرۆكەوە تەهشیردەكەن و نازانن بۆ؟ قسەدەكەن و ناناسن ، ئەم قۆناغە غیابی مەعریفەی جدییە ، چونكە نوسەرە جدییەكان زیاتر بێدەنگن ... ئاخر لەكوێدا هوشیاری كۆمەڵگە دروست دەبێت لەكاتێكدا فەزایەك ئامادەیە تەواوی سنورەكانی بەزاندووە بە هێڵە گشتییەكانی مرۆڤ بونیشەوە ئازادییەك بەتامی بەرڵایی نمایش دەكرێت.
ئەستەمە بەم كەرەستانەی لەمرۆڤ و دنیابینیمان بتوانین فەزای ئەمڕۆ بگۆڕین و دەربازمان بێت لەوەی كەهەیە. نوسین بێ بەهانەی مەعریفی دەچێتە خانەی نەخۆشی و پەتاو دواجار ڕادێین بەو نەخۆشی و پەتایە، بەڕادەیەك ئەندێشەی كۆمەڵگە بەو ئاراستە ڕێدەكات دەرباز بوون لەم نەخۆشییە بۆخۆی نەخۆشییە و پەتای كوشندەیە. ئێمە سواری شەپۆلەكانی فەوزابووین، تەنانەت بوێریمان لەدەستداوە، ئیرادە لەمەنجەڵی یەقینا خەفەكراوە.ئێمە ئێستا لەم فەزایەی كەهەیە بەهەموو ڕەهەندەكانییەوە لەمیدیا لەسیاسەت لەڕۆشنبیری هتد ، تەنها سەیرەكەرێكی گۆكارین، تۆسەیربكە ڕەخنە لەفەزاكە دەگرین هەرخۆشمان ڕەخنە لەچارەسەری دەگرین، وەك چۆن دەڵێین نەخۆشین، بەهەمان دووری نامانەوێت چارەسەر وەربگرین بۆ؟
چونكە دەترسین چونكە بڕیارمان پێنادرێت، بۆخۆی لەحەقیقەتی ناخی خشمان دەترسین، لەبەرئەوەی نامانەوێت چاكبێت، لەبەرئەوەی ئێمە دونیای عەمەلیمان لەناو قسەو دەربڕیندا یەخسیركردووە، هەركاتێكیش بمانەوێت كارێك بۆ ڕێكخستنەوەو چاككردنەوەی ئەم فەزا شێواوە بكەین، پێش هەمووكەس ئەوانە دەترسن و دێنەگۆ كە خۆیان ڕەخنەگری ئەم فەزا شێواوەن، كەوابوو ئێمە خەممان بۆ چاككردن نییە، بەڵكوو خەممان بۆ ونبوونمانە، ئەمەش واتە ئێمە لەناو شێواویدا خۆمان دەبینینەوە لەناو ژاوەژاودا دەتوانین ببیستین، كەوابوو ئێمە بەرهەمی فەزاو ناڕێكین، دەزانین هەڵەین بەڵام گیرۆدەی قسەكردن و گۆكردنی ناڕێكین.
ئەم فەزا شێواوە پاڵەوان و خاوەنی هەیە لەخۆوە درووست نەبووە، هەربۆیە لەكاتی ڕێكردنەوەیدا خاوەنەكانیان ئەوانی دیكەش پەلكێشی وەستانەوە و دژایەتی كردنی دەبنەوە، كارەساتەكە ئەوەیە خاوەنی ئەم فەزا شێواوە دەزانن بۆدژی هەر بەرنامە و پڕۆژەیەك دەوەستنەوە كە فەزاكە ڕێكبكاتەوە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەكە ئەوەیە ئەی ئەوانەی دەكەونە ژێر ئەو بابەتە بۆچی ؟ هەرئەمەشە دەڵێین ئێمە ترساوین لەبڕیاری جدی و هەنگاوی بەرهەمدار ، بەئاسانی باش و خراپ جیاناكرێتەوە، كەدونیامان كرد بەدونیای قسەكردن ئیتر سیاسی بازرگانی دەكات و بازرگان سیاسەت ئیتر شاعێرێك دەبێتە نەوت فرۆش و پسپۆڕێكی ئابووری دەبێتە شیكەرەوەی ڕۆمان، لەماڵەكەی خۆیەوە دەگاتە پەرلەمان و لە دووەم پێكا دەبێتە عیملاقی ڕاگەیاندن، تەنانەت لەڕاستییەكانیش دەترسین، بەڕادەیەك دوو چەمك زۆر كاریگەریان هەیە و تەواوی دونیای ئەمڕۆیان مۆنۆپۆڵكردووە، ئەویش(ئەگەر و گومان) كە هەردووكیان چەمكی پێش دەربڕینن و پێویستە لەهزرا پوخت بكرێنەوە ناكرێت لەناو بڕیار و گۆكردنماندا زۆر ترین ئەگەر و گوومان بونیان هەبێت.