رووسیا بەرهەمهێنان لە گەورەترین كێڵگەی غاز دەستپێدەكات


21/12/2022

راچڵەكین –

لە رووسیا گەورەترین كێلگەی غازی سروشتی لەرۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، دەستی بە چالاكی كرد، كە یەدەگی غازەكەی بە یەك ترلیۆن و 800 ملیار مەتر سێجا مەزەندە دەكرێت.

لە رێورەسمێكدا كە ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیاو ئالێكسەی میلەر، سەرۆكی كۆمپانیای گازپرۆم ئامادەیبوون، كێڵگەی غازی كۆڤتكا، كە گەورەترین كێڵگەی غازی رۆژهەڵاتی رووسیایە، دەستی بە بەرهەمهێنان كرد.

پوتین، لە رێوڕەسمەكەدا وتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا باسی لە گرنگی ئەم كێڵگەیە بۆ ئابووری و پیشەسازی رووسیا كردو رایگەیاند: ئەم كێڵگەیە و كێڵگەی چایاندینسكۆیە لە كۆماری یاقوتیا، پێكەوە دەبەسترێنەوەو بەرهەمی غازەكەیان لەڕێی هێڵی بۆری هێزی سیبریاوە هەناردەی جیهان دەكرێت.

بەهۆی جەنگی ئۆكرایناوە، بەشێك لە وڵاتانی ئەورووپا بەتەواوی هاوردەكردنی غازی سروشتیی رووسیایان وەستاندووە، هەندێك وڵاتیش رێژەی هاوردەكردنی غازی ئەو وڵاتەیان بۆ نزمترین ئاست كەمكردووەتەوە. مۆسكۆش بۆ قەرەبووكردنەووەی ئەم زیانانە، رووی لە چەند وڵاتێكی دیكە كردووە كە چین دیارترینیانە.

كۆمپانیای گازپڕۆمی وزەی رووسیا، لە هەشتی كانوونی یەكەمدا ئەوەی ئاشكرا كردبوو كە رێژەی رۆژانەی هەناردە كردنی غازی سروشتی بۆ چین لەرێی بۆری هێزی سیبریاوە، ژمارەی پێوانەیی تۆمار كردووە.