کوردێکی سوننە دەبێتە وەزیری بەرگری پزیشکیان؟

جیهان

01/08/2024     ژمارەی بینراو 769

راچڵەکین-

میدیای ئێرانی بڵاویکردەوە، لە نێو بژاردەکانی وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، دەریاوان "شەهرام ئێرانی" کە کوردێکی سوننەیە، نزیکە لە قۆناغە کۆتاییەکانی دیاریکردن و پێشکەشکردنی بە پەرلەمان، بەمەبەستی پێدانی دەنگی متمانە و بوون بە وەزیری بەرگری لە کابینەکەی مەسعود پزیشکیان.

ئەگەریش بە پەرلەمان بناسێنرێت و متمانە بەدەستبهێنێت، دەبێتە یەکەم وەزیری کوردی سوننە لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

بەڵام تا ڕۆژی ناساندنی وەزیرەکان هیچ بژاردەیەک مسۆگەر نییە و دواجار ئەوە سەرۆککۆمارە کە بڕیار لەسەر دەریاوان شەهرامی ئێران دەدات، کە لە ئێستادا بەرپرسی هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران ئەگەرچی بەڕەچەڵەک تورکە، بەڵام لە مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و گەورە بووە و کوردییەکی باشیش دەزانێت. لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن باسی لە پێدانی پۆست بە کەمینە نەتەوەییەکانی ئێران دەکرد.

میدیای ئێرانی باس لەوە دەکات، لە هەڵبژاردنی وەزیری بەرگریدا دوو بژاردە هەیە، یەکێکیان مانەوەی وەزیری ئێستایە، یانیش ناساندنی عەمید عەزیز ناسرزادە یان دەریاوان شەهرام ئێرانی بە پەرلەمان بۆ دەنگدانی متمانە.

شەهرام ئێرانی ساڵی 1967 لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، ساڵی 1985 چووەتە زانکۆی هێزی دەریای ئەرتەش. پلەی سەربازی شەهرام ئێران، ئەمیر دەریاداری دووەمە.

یەکەم کەسی کورد و سوننەیەش بوو کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا پلەی بەرزی بۆ پۆستێکی باڵای سەربازی بەرزبوەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن