راگەیەندراوێکی هاوبەش لە فراکسیۆنی یەکێتی و بابلیۆن-ەوە

کوردستان

01/08/2024     ژمارەی بینراو 733

راچڵەکین-

لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، فراکسیۆنەکانی یەکێتی و بابلیون رایانگەیاند، سوورن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بە بەشداریی پێکهاتەکانی شارەکە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە دوای هەندێک ئاماژەی ئەرێنی لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی کەرکوکەوە و داواكاری بۆ پێدانی هەندێک کاتی زیاتر بە مەبەستی بەشدارییکردنیان لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنەکە، هەروەها لەسەر داوای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرکردەی هێزە سیاسییەکان بڕیارماندا کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو دوابخەین.

فراكسیۆنەكانی یەكێتی و بابلییون سووربوونی خۆیان دووپاتدەكەنەوە لەسەر تەواوکردنی رێوشوێنەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بە بەشداریی پێکهاتەکانی پارێزگاکە و خزمەتکردنی بەرژەوەندیی هاوڵاتییان.

بڕیار بوو ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن، بەڵام لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی كۆبوونەوەكە دواخرا.

لە بەرواری 11ى 7ى 2024 دوای نزیکەی هەشت مانگ لەبەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئەنجومەنەکە بۆ جاری یەکەم بەبەشداریی هەموو فراکسیۆنە سیاسییەکان کۆبووەوە.

تاوەکو ئێستا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی ڕێکنەکەوتوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن