پۆلیسی هەولێر "عەنتەر"ی دەستگیركرد

کوردستان

31/07/2024     ژمارەی بینراو 398

راچڵەكین -

پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند كە هەڕەشەی لەچەندین ئاوارەی عەرەبی نیشتەجێی كۆمەڵگەیەكی نزیك هەولێر كردبوو.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانیان تۆمەتبارێكیان بە ناوی (ا. خ. ج) دەستگیركرد، كە بە ڕەگەز عەرەبەو ناوی لەخۆی ناوە (عەنتر).

تۆمەتبارەكە پێشتر فەرمانی دەستگیركردنی هەبووە بەتۆمەتی برینداركردنی هاووڵاتییەكی ئاوارەی عەرەبی دانیشتووی كۆمەڵگای كانی قرژاڵە لە سنووری پارێزگای هەولێر، هەروەها هەڕەشەی لە چەندین خێزانی ئاوارەی عەرەبی نیشتەجێی ئەو كۆمەڵگەیە كردبوو.

وەك لە راگەیەندراوەكەی پۆلیسدا هاتووە، تۆمەتبارەكە دوای ئەنجامدانی تاوانەكانی، بۆ موسڵ هەڵاتبوو، لەوێ رۆژانە لە رێگای سۆشیاڵ میدیاوە بە چەك خۆی نمایش دەكرد و هەڕەشەی لە خەڵك دەكرد، دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان و پاش كۆكردنەوەی زانیاری، توانرا دەستگیر بكرێت.

تۆمەتبارەكە دوای داننانی بە ئەنجامدانی تاوانەكەی، بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەو بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عیراقی، راگیراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن