دیاردەی نوێی "کەپڵی سەر شەقام" لە چین

هەمەڕەنگ

31/07/2024     ژمارەی بینراو 566

راچڵەکین-

فشاری نەبوونی کات بەهۆی کار و بەرپرسیارێتی خێزانییەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا، ڕەوتێکی لەنێو گەنجانی چینیدا دروستکردووە، بۆ کڕینی پەیوەندی سۆزداری لە فرۆشیارانی سەر شەقامەکان.

بەشێک لەو خانمە گەنجانە ئامادەن ئەم جۆرە خزمەتگوزاریانە بفرۆشن و ئەو خزمەتگوزارییانە بە ئاسانی و بە نرخێکی هەرزان بخەنە بەردەست کڕیارەکانیان.

لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا، میدیا ناوخۆییەکانی چین بۆ یەکەمجار ئاماژەیان بە بڵاوبوونەوەی دیاردەی "کەپڵی سەر شەقام" لە سەرانسەری وڵاتدا کرد، هەرچەندە ڕاپۆرتەکان سەرەتا سەرنجێکی زۆریان بۆ خۆی ڕانەکێشا.



بەڵام ئێستا ئەم خزمەتگوزاریانە بە شەقامە قەرەباڵغەکانی شارە گەورەکانی چیندا بڵاوبوونەتەوە و ئەو وێنانەی بڵاوبوونەتەوە دەرخەری ئەوەن کە ژنە گەنجەکان (باوەش و ماچ و هاوەڵێتی بە کوڕانی گەنج) دەفرۆشن.

لە دەرەوەی وێستگەیەکی میترۆ لە شاری شنژن لە باشووری ڕۆژهەڵاتی چین لە پارێزگای گوانگدۆنگ، ژنێکی گەنج دەبینرێت کە تابلۆیەکی بەدەستەوەیە کە لەسەری نووسراوە: "یەک یوان (یەکسانە بە 14 سەنت ئەمریکی) بۆ باوەشکردن، 10 یوان بۆ ماچێک و 15 یوان بۆ ئەوەی پێکەوە سەیری فیلمێک بکەن".

دوو ژنی دیکە بینراون کە لە گۆشەی گۆڕەپانێکی پیادەدا تابلۆیان بەدەستەوە گرتووە و لەسەریان نووسراوە:" 20 یوان (2.8 دۆلار) بۆ یارمەتیدان لە کارەکانی ماڵەوە، 40 یوان لە کاتژمێرێکدا بۆ خواردنەوە لەگەڵت".

لە وێنەیەکی تردا ژنێک دەبینرێت کە تابلۆیەکی بەدەستەوەیە کە لەسەری نووسراوە "خۆشەویستی بۆ یەک ڕۆژ، 600 یوان (84 دۆلار). دەتوانم بەجوانترین شێوە بایەخت پێ بدەم، وەک خواردنکردن و پێکەوە نانخواردن، باوەشکردن، ماچکردن، بەڵام بەبێ پەیوەندی سێکسی".



پەیامنێران دەڵێن هەندێک لەو ژنانە دەتوانن لە یەک گەڕان لەگەڵ کڕیارە کوڕ و پیاوەکاندا، 100 یوان بەدەستبهێنن.

بەڵام بۆچوونەکان سەبارەت بەم کچانە لە سۆشیال میدیای چینیدا دژیەکن. هەندێک کەس پێشوازی لەمجۆرە خزمەتگوزارییە دەکەن و دەڵێن، بەو پێیەی کڕین و فرۆشتنی ئەو خزمەتگوزاریانە خۆبەخشانەیە، هیچ کێشەیەکی نییە و ئەمە ڕێگایەکە بۆ ڕزگاربوون لە فشار و دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی زیاتر.

هەندێکی تر بە بێڕێزیکردن بە ژنان و زیانگەیاندن بە کەرامەتیان زانیوە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە خزمەتگوزارییەکانیان بە یاسا ڕێکنەخراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن