گەندەڵییەكی گەورەی چەند فەرمانبەرێكی حكومەت ئاشكرا دەبێت

عێراق

21/07/2024     ژمارەی بینراو 344

راچڵەكین -

دەستەی دەستپاكیی عیراق گەندەڵییەكی گەورە لەسنووری پارێزگای موسڵ ئاشكرا دەكات و راشیدەگەیەنێت: لەسەر ئەو گەندەڵییە پێنج تۆمەتبار دەستگیركران، كە چواریان كارمەندی حكومین.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دەستەی دەستپاكیی عیراق، دوای ئەوەی لەلایەن دادگاوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ چوار كارمەندی كۆمەڵەی هەرەوەزی نیشتەجێكردنی وەزارەتی كارەبای عیراق دەرچوو بەتۆمەتی فرۆشتنی زەوی حكومەت بە سەدان فەرمانبەر بەشێوەیەكی نایاسایی، تیمەكانی دەستەی دەستپاكیی توانییان هەرچوار كارمەندەكە دەستگیر بكەن كە بەرەو سنووری پارێزگای سەڵاحەدین هەڵاتبوون.

ئاماژە بەوەشكراوە، تۆمەتبارێكی دیكەش دەستگیركراوە، كە ئاسانكاریی بۆ چوار تۆمەتبارەكە كردبوو لە فرۆشتنی زەوییەكانی دەوڵەت.

دەستەی دەستپاكیی ئاشكرایكردووە، تۆمەتباران بەشێوەیەكی نایاسایی رووبەرێكی فراوانی زەوی كشتوكاڵییان ئیفراز كردبوو كە موڵكی دەوڵەتەو بە زەوی نیشتەجێبوون بە فەرمانبەرانی كۆمپانیای گواستنەوەی وزەی كارەبایان فرۆشتبوو، لە بەرامبەر فرۆشتنی هەر پارچە زەوییەكی 200 مەتری، بڕی 15 ملیۆن دیناریان لەو فەرمانبەرانە وەرگرتبوو، كۆی ئەو پارانەی لەئەنجامی ئەو تاوانە دەستیانكەوتبوو، ملیارێك و 658 ملیۆن دینار بووە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان، دەستەبەسەر 327 گرێبەستی فرۆشتنی زەوییەكان و بڕی 145 ملیۆن دیناردا گیرا، كە لەناو ئۆتۆمبیلی تۆمەتبارەكاندا بوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن