پۆلیسی سلێمانی لەسەر دەستگیرکردنی دنیا عادل ڕوونکردنەوە دەدات

کوردستان

11/07/2024     ژمارەی بینراو 5823

راچڵەکین-

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا لە بارەی دەستگیرکردنی د.دونیا عادل ڕایگەیاند، بەپێی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی و بە بڕیاری دادوەر دەستگیركراوە. دەشڵێت، هەر شتێكی دیكە لەبارەی ئەو كەیسەوە دەوترێت هیچ بنەمایەكی نییە.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوێنێ فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەو کەسە دەرچووە، ئەمەش بەپێی ماددەی 2ی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی. ناوبراو ماوەیەكی زۆرە كێشەی لەگەڵ چەند كەسێكدا هەیە. هەر دوێنێش هێزێكی بنكەی پۆلیسی بەختیاری چوونەتە ماڵەكەی و دەستگیریان كردووە.

پێشتر دایکی ئەو دکتۆرە بە میدیاکانی وتبوو، ئێواره‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه‌، نزیك كاتژمێر 8:00 ، "هێزێكی ده‌مامكدار هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر شوقه‌كه‌یان له‌ سلێمانی و دكتۆره‌ دنیایان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌ و بردوویانه‌."

لەبارەی دەنگۆی ئەوەی کە هێزی دەمامکدار چووەتە سەر ماڵی ناوبراو، سەرکەوت ئەحمەد وتی:"پۆلیس نە هێزی دەمامكداری هەیە و نە كاری نایاساییشمان كردووە، فەرمانی گرتنی هەبووە، براوەتە بنكەی پۆلیسی بەختیاری و وتەی لێوەرگیراوە و براوەتە بەردەم دادوەر، دادوەریش بڕیاری راگرتنی داوە و نێردراوە بۆ گرتن و گواستنەوە.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی وتووە، کە دەستگیركردنەكەی ئێوارە بووە نەك شەو، كاتێكیش دادوەر بڕیاری دەستگیركردن بۆ كەسێك دەردەكات، بنكەی پۆلیس ئاگاداری ناكەنەوە، بەڵكو دەستگیری دەكەن.

ڕاشیگەیاند، كاتێك لە ماڵەوە بووە هێزەكەی پۆلیس بانگیان كردووەتە خوارەوە و بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس بردوویانەتە بنكە و رێوشوێنە یاساییەكانی دیكە گیراونەتەبەر. كامێرا و بەڵگەی رەسمیش لەسەر ئەو كارانەی هێزەكانی پۆلیس هەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن