راچڵەكین -
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، پڕكردنەوەی سێ پۆست لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر ڕادەگەیەنێت و داواش لەو كەسانە دەكات كە مەرجەكانیان تێدایە، داواكاری پێشكەش بكەن.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراویكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، لە چوارچێوەی رێنماییەكاندا (سێ) پۆست لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر بۆ جاری دووەم رادەگەیەنێت، كە بریتین لە:
1- یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری قوتابیان و خوێندكاران
2- راگری كۆلێژی تەكنیكی ئەندازیاری
3- راگری پەیمانگەی تەكنیكی كۆیە
مەرجەكان:
یەكەم: مەرجەكان بۆ یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری قوتابیان و خوێندكاران و، پۆستی ڕاگری كۆلێژی تەكنیكی ئەندازیاری:
1- هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بێت.
2- نازناوی زانستی لە پڕۆفیسۆری یاریدەدەر كەمتر نەبێت.
3- خزمەتی زانكۆیی لە 10 ساڵ كەمتر نەبێت.
دووەم: مەرجەكان بۆ ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی كۆیە:
1- هەڵگری بڕوانامەی ماستەر یان دكتۆرا بێت و نازناوی زانستی لە (مامۆستا) كەمتر نەبێت.
2- خزمەتی زانكۆیی لە 10 ساڵ كەمتر نەبێت.
تێبینییەكان:
- ئەو كەسەی داواكاری پێشكەش دەكات، باشترە دیدو بۆچوون و بەرنامەی كاری خۆی پێشكەش بكات بۆ بەرەوپێشبردنی زانكۆ بۆ ئەو چوار ساڵەی كە پۆستەكەی وەردەگرێت.
- زانینی زمانی ئینگلیزی و شارەزایی لە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای بواری خوێندن و فێركردن و كارایی بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی، هەلی زیاتر بۆ پێشكەشكار دەڕەخسێنیت.
- دواكات بۆ پێشكەشكردنی (C.V) و پوختەی راژە و یەكەمین فەرمانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی و لیستی ناو و ناونیشانی توێژینەوە زانستییە بڵاوكراوەكانی و كارتی نیشتیمانی یاخود ناسنامەی باری شارستانی، كۆتایی دەوامی رۆژی چوارشەممە، رێكەوتی (2024/2/21) دەبێت.
- پێویستە پوختەی راژەی لەلایەن سەرۆكایەتی زانكۆ پەسندكرابێت.