ڕاچڵەکین سپۆرت -
ئێرلینگ هالاند ئەستێرەی یانەی مانچستەر سیتی لە یاری هەڵبژاردەکەی لە نێوان نەرویج و سکۆتلەندا بەهۆی پێکانەوە ئامادە نابێت.
هالاند تووشی پێکان بووە پێش ئەوەی بەرامبەر سکۆتلەندا یاری بکات، سبەی یەکشەممە لە پاڵاوتنەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، “یۆرۆی ٢٠٢٤”، هەروەها هەڵبژاردەی نەرویج چانسی سەرکەوتنی بۆ پاڵەوانێتییەکە لەدەستداوە.
پزیشکی هەڵبژاردەی نەرویج دووپاتی کردەوە کە پێکانی هالاند قورس نییە، بەڵام بەر لە یارییەکەی بەرامبەر سکۆتلەندا تووشی ئازارێکی زۆر بووە.
هالاند لە ڕێگەی ئەکاونتەکەیەوە لە پلاتفۆرمی “X” نووسیویەتی: “بەداخەوە، لە یارییەکەی سبەی بەرامبەر سکۆتلەندا بێبەش دەبم.”
ئاماژەی بەوەشکرد، هیوای سەرکەوتن بۆ یاریزانەکان دەخوازم، ئێستا چارەسەرم بۆ دەکرێت و هەوڵدەدەم بە زووترین کات بگەڕێمەوە".
هاندەرانی مانچستەر سیتی هیوادارن یاریزانەکە لە کاتی خۆیدا ئامادەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لیڤەرپوڵ، دوای گەڕانەوەی لە پشووی نێودەوڵەتی.