راچڵەكین -
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هەموو جۆرە بەرهەمێكی كشتوكاڵی بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، رایگەیاند: لە پێناو پاراستنی بەرهەمی جوتیاران لە سنوری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێرو ناوچەی پێنجوین، كە لە ئێستادا بەڕێژەیەكی زۆر بەرهەمیان پێگەیشتووە و پێویستی بە بازاڕكردنە، بڕیارماندا بە قەدەغەكردنی هاتنی بەرهەم بۆ ناو هەرێمی كوردستان لە هەموو بازگەو مەرزەكانەوە.
وەزیری كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەشكرد، لەچوارچێوەی رێككەوتنیان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق و بۆ یەكخستنی رۆژمێری كشتوكاڵی و پارێزگاری لە بەرهەمی جوتیاران لەنێوان هەردوولا، بڕیاریانداوە باج بەرزبكەنەوە، وتی:" بەڵام هیچ پابەندبوونێك لەلایەن وزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی فیدراڵییەوە نابینین".
بێگەرد تاڵەبانی راشیگەیاندووە، لەپەیوەندییەكانمان بەردوام دەبین بۆ چارەسەری خێرای ئەم كێشەیە و پابەندبوون بە ناوەڕۆكی رێككەوتنەكان لەنێوان هەردوولا.