ئێران بڕیارێكی نوێ لەدژی ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەدات

جیهان

16/09/2023     ژمارەی بینراو 292

راچڵەكین -

كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەنگاوێكی چاوەڕواننەكراودا، بڕیاریدا ژمارەیەك پشكنەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەوڵاتەكەی دەربكات، سەرۆكی ئاژانسەكەش ئەو بڕیارە بە پێشێلكردنی ئاشكرای رێككەوتنی نێوانیان وەسفدەكات.

میدیاكانی جیهان بڵاویانكردەوە، حكومەتی تاران بڕیاریدا بە دەركردنی ژمارەیەكی زۆر لە گەورە پشكنەرانی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، كە ئەركیان چاودێریكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتەیە.

هەرچەندە ئێران بەفەرمی هۆكاری دەركردنی ئەو پشكنەرانەی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام ناسڕ كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەكرد، كۆماری ئیسلامی مافی پاراستنی سەروەریی خۆی هەیە، ئەوەش بەپێی بڕگەی 9 لە دەقی رێككەوتنی هاوبەش لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.

لە كاردانەوەی ئەو بڕیارە، رافائیل گرۆسی، سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، نیگەرانی خۆی بەرامبەر هەنگاوەكەی تاران دەربڕی و رایگەیاند: كردەوەیەكی تاكلایەنەی چاوەڕاننەكراو بوو، كە پێچەوانەی رێككەوتن و هەماهەنگیی نێوانمانە.

گرۆسی وتیشی:" دەركردنی پشكنەرەكانمان لە ئێران، كاریگەریی لەسەر تواناكانی ئاژانسەكەمان دەبێت لە چاودێریكردن و پشكنینی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە، بەمەش ناتوانین دڵنیایی بدەین لەوەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران لە بواری ئاشتیدا بەكاردەهێنرێت".

بڕیارە نوێیەكەی ئێران كە ئەگەری هەیە گرژی و ئاڵۆزییەكان لەگەڵ وڵاتانی 5+1 زیاتر بكات، لەكاتێكدایە ماوەی چەند مانگێكە دیپلۆماتكارانی ئێران و ئەمریكاو چەند وڵاتێكی دیكە، لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا درێژەی هەیە بەئامانجی گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران، كە تائێستا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن