وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: مۆڵەتمان بەهیچ كۆمپانیایەك نەداوە بۆ دانانی سیستمی غازی ماڵان و كارگەكان

کوردستان

23/11/2022     ژمارەی بینراو 253

راچڵەكین-

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان داوا لە هاوڵاتییان و كۆمپانیاكان دەكات، خۆیان لە بەكارهێنانی سیستەمی غاز بەدووربگرن، تا لە رێگەی لێژنە تایبەتەكانەوە كاری پێویست ئەنجامدەدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، روونكردنەوەیەكی لەبارەی سیستەمی گەرمكەرەوەی غازی ماڵان بڵاوكردووەتەوەو تیایدا دەڵێت، هیچ مۆڵەتێك بۆ دانانی سیستەمی گەرمكەرەوەی غازی ماڵان و كارگەكان و شوێنە تایبەتەكان بە هیچ كۆمپانیایەك نەدراوە، كە بە دەر لە رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2020 وەزارەتی ناوخۆ بێت.

روونیشیكردەوە، هەر مۆڵەتێك لە هەر شوێنێكەوە درابێت، بە بێ ئاگاداری وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بووە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، داوای لە هاووڵاتییان و كۆمپانیاكان كرد، خۆیان لە بەكارهێنانی سیستەمی غاز بەدووربگرن تا لە رێگەی لێژنە تایبەتەكانەوە كاری پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی بەكارهێنان.

بڵاوكردنەوەی روونكردنەوەی وەزارەتی سامانەسرووشتییەكان دوای ئەوەدێت، ئێوارەی (17ی تشرینی دووەمی 2022) لە شاری سلێمانی، بەهۆی لێچوونی غازەوە، تەقینەوە لە خانوویەكی سێ نهۆمیدا روویدا، لە ئەنجامدا خانووەكە رووخا و 15 كەس گیانیان لەدەستدا و 12ی دیكەش برینداربوون، هەروەها بەهۆی تەقینەوەیەكەوە لە ئەنجامی لێچوونی غاز لە شاری دهۆك، پێنج كەس گیانیان لەدەستدا و 42 كەسی دیكەش برینداربوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن