بۆچوونی د.عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ لەبارەی ئەم كتێبەوە

کەلتوور

03/10/2022     ژمارەی بینراو 720

د.عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ، ماوەیەك پێش مردنەكەی، لەگۆشە هەفتانەكەی (ئەم كونجەش) لەسەر كتێبەكەم "لە خەیاڵەوە بۆ خۆڵ"ی نووسی. ئەمڕۆ یادی سێ ساڵەی كۆچی دوایی د.عیزەدینە، بەو یادەوە نووسینەكەی جارێكی دیكە بڵاودەكەمەوە. یادی دكتۆر، بەخێر و هەمیشە بەرهەم و ناوی لەیاد و یادەوەریمدا زیندووە.

ئەم كونجەش: (لە خەیاڵەوە.. بۆ خۆڵ) 

د.عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ

كە كاك كامەران سوبحان ئەم كتێبەی بۆ هێنام‌ و لەسەر دیاری یەكەیی نووسیبوو بۆ (بەڕێز فڵان) ‌و لەقەبیتری نەدابوومێ. پێش خوێندنەوەی لە هاوڕێیەكی خۆشەویست‌و كۆنم پرسی- ئەو كتێبەی خوێندۆتەوە یا نا- وەسفێكی ووردیی كرد‌و وتی: باسەكانی هەموو (مگروق) ن واتە لەوەپێش باسكراون- بەڵام ئەمەی ئەم ڕای خۆیی تێدایە- منیش دەستمكرد بە خوێندنەوەی ‌و تێبینی لەسەر لاپەڕەكانی نووسین-چونكە وادەم دایە كە كونجێك لەبارەی ئەم كتێبە بەنرخەی كاكە كامەران تەرخان بكەم.

تێبینی یەكانم زۆرن- بەڵام لێرەدا هەر دەمم بەستایشی كتێبەكە گۆ دەكا‌و تێبینی‌و رەخنەكانم بۆ نێوان خۆم‌ و كاك كامەران جێدێڵم. هەر ناوونیشانی كتێبەكە كە لە جوانیدا رایكێشام بۆلای نالی‌و خاك‌و خۆڵ‌و بەوێدا ڕەتبوون بەرەو هەڵەبجەكەی كاك كامەران سوبحان- لەو هەڵەبجەیەی بۆ بە (رەمز) ێك بۆ كورد ‌و شادمانم كە ئەو شاری شاعیرانە نووسەری توانای وەك كاك كامەرانیشی تێدا هەڵكەوێ.

ناتوانم لەم كونجە كورت ‌و پڕەدا لای هەر یەكێك لەو باسانەدا بوەستم كە لەم كتێبە بەنرخەدا باسكراون، بەڵام بەڕاستی (سەرناو) یا كەسانێكی بەنرخی هەڵبژاردووە كە باسیان بكات. باسەكانیشی جیاوازن لەو باسانەی لەبارەی ئەو كەسانەوە نووسراون-واتە كاك كامەران لایەن یا كونجێكی جیاوازی ژیان ‌و بەرهەمی ئەو كەسانەی باسكردووە بەتایبەتی دەتوانم بۆ نموونە- باسی بۆچوونی خۆمی لەبارەی (مەولانا خالید) ەوە بۆ باس بكەم ‌و جیاوازیمان دەرخەم. بەڵام وەك نەوەی (مەولانا) هەر دەبێ سوپاسی بكەم.

ناڵێم سوودم لە كتێبەكەی‌ و زانیاریە بەنرخەكانی نەدیووە. بەڕاستی سوودمەند بووم- منێك كە وا دەزانم دان بەوەدا دەنێن كە زۆر ئەخوێنمەوە، بەو چەشنەی ئەو ئاگاداری باسی (قالەمەڕە) نەبووم كە بەڕاستی ناوی ناوە (شمشاڵی خەم) یا (غەم)... كاك كامەران هەر بە (كورد و كوردستان)ەوە نەوەستاوە، ئەوەتا پەلی بۆ ئەدەبیاتی جیهان كێشاوە‌و لە چەند نووسەری گەورەی جیهان دوواوە.

من بەهۆی نامەی دوكتۆرای هاوڕێی شەهیدم حەیات شەرارە (حیاە شرارە) ەوە ئاگاداری ئەنتۆنی چیخۆف بووم. بەڵام بەڕاستی سوودم لە نووسینەكەی كاك كامەران بینی.

بەڵام بەڕاستی دان بەوەدا دەنێم كە سوودی زۆرم لەباسەكەی (میخائیل-یا میشیل-بۆڵگانۆڤ)ش، بینی كە بەناوی (دەستنووسەكان ناسووتێن) ەوە نووسیوییەتی. دیارە كاك كامەران عاشقی دەستنووسە، لەبەر ئەوە ئەو باسە بەنرخە تیشكدەرەی لەبارەی (دەستنووسەكانی مەحموود پاشای جاف) ەوە نووسیووە. قسە هەزارە‌و دووانی بەكارە. وا بزانم یەكێك لەو بەكارانەم نووسی. با ئەویتریان بمێنێ بۆ دەرفەتیتر، ئیتر بە كونج بێ، یا بە ووتار نووسین. دەست خۆش كاكە كامەران سوبحان.

وێنەی سەرەوە: دكتۆر كتێبی بیرەوەرییەكانی خۆیم پێشكەشدەكات.

وێنەكەی دیكە: لەگەڵ م.خالقی میوانی د.عیزەدین بووین.

كامەران سوبحان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن