10 ڕێنمایی قاچی توشبوانی نەخۆشی شەكرە لە بڕینەوە دەپارێزێت

1124 جار خوێندراوەتەوە کات11:25 بەروار12-06-2019
10 ڕێنمایی قاچی توشبوانی نەخۆشی شەكرە لە بڕینەوە دەپارێزێت

ڕاچڵەكین-

نه‌خۆشی شه‌کره‌ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ بۆ په‌نجه‌کانی پێ و پێ و قاچه‌کان دروست ده‌کات چونکه‌ ڕێگه‌ ده‌گرێت له‌ چوونی بڕی پێویست له‌ خوێن و ئۆکسجین و خۆراک بۆ پێ و قاچه‌کان، له‌ ئه‌نجام دا ئه‌گه‌ری هه‌وکردنی پێست و شانه‌کانی تر زیاده‌کات له‌گه‌ڵ دره‌نگ چاک بوونه‌وه‌ی برین و زوو هه‌وکردنی، له‌ هه‌مان کات دا چونکه‌ نه‌خۆشی شه‌کره‌ ده‌بێته‌ هۆی سستی ده‌مار و هه‌ست نه‌کردن به‌ ئازار، نه‌خۆشه‌که‌ نازانێت که‌ برین یان کیس یا هه‌وکردن و دومه‌ڵ هه‌یه‌ له‌ په‌نجه‌ وپێ دا ،ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامی خراپی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی بڕینه‌وه‌ی په‌نجه‌، پێ یان قاچ له‌ لایه‌ن پزیشکی نه‌شته‌رگه‌ریه‌وه‌ بۆ پاراستنی ژیانی نه‌خۆشه‌که‌ .

دكتۆر كامەران پزیشكی پسپۆڕی خۆراك وو نەشتەرگەری گشتی لەم بابەتەدا 10 گرنگترین ڕێنمیاییه‌کان بۆ پاراستنی پێ و قاچی نه‌خۆشی شه‌کره‌ ڕوون دەكاتەوە.

1-هه‌موو ڕۆژێک جوان تەماشایی په‌نجه‌ی پێ و پێ و قاچه‌کان بکه‌، به‌ باشی تەماشای نێوان په‌نجه‌کانت و بنی پێت بکه‌،ئه‌گه‌ر خۆت ناتوانیت یان چاوت کزه‌ با که‌سێکی تر سه‌یری بکات و بێ پشکنێت .

2- به‌ ئاوی شله‌تین پێ و قاچت بشۆ نه‌وه‌ک ئاوی گه‌رم، ماوه‌یه‌کی که‌م پێ و قاچت بخه‌ره‌ ناو ئاوه‌وه‌ له‌ کاتی خۆشتن، دوای شتن یه‌کسه‌ر وشکیان بکه‌ره‌وه‌ ،نێوان په‌نجه‌کانت به‌ باشی وشک بکه‌ره‌وه‌ .

3-  پێڵاوی ته‌سک و ڕه‌ق و نووک باریک و گۆره‌ویی ته‌سک له‌ پێ مه‌که‌ .

4-به‌ پێی په‌تی مه‌ڕۆ .

5-  له‌ کاتی سه‌رهەڵدانی سڕبوون و گه‌رم بوونی پێ و هه‌ست نه‌کردن به‌ ئازار به‌ زوویی سه‌ردانی پزیشک بکه‌ و پشتگوێی مه‌خه‌.

6-په‌نجه‌ و پێ و قاچه‌کانت به‌ وشکی بێڵهێه‌وه‌ و زۆر ته‌ڕیان مه‌که‌ و به‌ کرێمی گونجاو یان زه‌یتی زه‌یتوون ڕۆژانه‌ چه‌ور بکه‌، نێنۆکه‌تانت به‌ جوانی پێویسته‌ بکرێت، باشتره‌ که‌سێکی تر بۆت بکات.

7- وه‌رزش بکه‌ به‌رده‌وامی به‌ڵام خۆت بپارێزه‌ له‌ که‌وتن و زه‌بربه‌رکه‌ووتن، باشترین وه‌رزش مه‌له‌کردن و پاسکیل سواری و ڕویشتن به‌ پێ و یۆگایه‌ .

8- نه‌علی گونجاو به‌کار بهێنه‌ له‌ بری پێڵاو .

9- چاره‌سه‌رکردن و لابردنی گرێ وکیس و گۆشتی زیاده‌ له‌ په‌نجه‌ و پێ دا،  له‌گه‌ڵ چاره‌کردنی ئێسقانی زیاده‌ یان ده‌رپه‌ڕینی بنی په‌نجه‌گه‌ه‌ره‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ یان نینۆک چوونه‌ ژێر بن په‌نجه‌وه‌ .

10-کۆنتڕۆڵ کردنی ئاستی شه‌کره‌ له‌ ناو خوێن به‌ به‌رده‌وامی و ڕێگری کردن له‌ به‌رز بوونه‌وه‌ی زۆر له‌ ئاستی شه‌کره‌ و خۆپاراستن له‌ نزم بوونه‌وه‌ی شه‌کره‌ له‌ خوێن دا له‌ ڕێژه‌ی ئاسایی له‌ ڕێگه‌ی پارێزی خۆراک و ده‌رمانی گونجاو و پشكنینی شه‌کره‌ ڕۆژانه‌ و پشكنینی شه‌کره‌ی سێ مانگی.