كودەتا سپییەكەی ناو یەكێتییەكان

1159 جار خوێندراوەتەوە کات01:27 بەروار11-06-2019
كودەتا سپییەكەی ناو یەكێتییەكان

رێبوار کەریم وەلی

(1)
لە ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتییەكاندا، گەرموگوڕترین باس مەسەلەی بەستنی كۆنگرەی ئەو حیزبە بوو. هەمووی داوای كۆنگرەی دەكرد. دوایین بڕیاری یەكێتییەكان لە كۆتایی 2017 بە هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسی و بڕیاری ئەنجوومەنی سەركردایەتی لە سەرەتای شوباتی 2018 كە تێیدا وادەی بەستنی كۆنگرەی لە مانگی ئاداری هەمان ساڵ دیاری كردبوو، تاكە هەنگاوی عەمەلی بوو بۆ بەستنی كۆنگرە كە دەبوو لە 2013 بكرابایە. ئەوە سەری نەگرت چونكە دەرچوونی دكتۆر بەرهەم ساڵح لە یەكێتی و راگەیاندنی قەوارەیەكی سیاسی بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی مانگی مایس، هاوسەنگیی هێزی لەنێو باڵەكانی یەكێتییەكاندا تێكدا. بۆیە جارێكی دیكە مەكتەبی سیاسی پێكهاتەوە و جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی، هەموو دەسەڵاتەكانی سكرتێری گشتیی پێدرا. راستیی مەسەلەكە ئەوەیە كە باڵەكانی ناو یەكێتی بەپێی زرووف و پێگەی هێزیان داوای بەستنی كۆنگرە دەكەن. جارێ ماڵی تاڵەبانی تا ئەو كاتەی كە تاڵەبانی لە ژیاندا بوو، نەیاندەویست كۆنگرە ببەسترێ، كە 16ی ئۆكتۆبەریش روویدا، ئەمجارە كۆسرەت رەسوڵ رێگەی نەدا.

لەناو هەموو ئەو قسە و لێدوانانەی كە سەبارەت بە بەستنی كۆنگرە كران، قسەكانی ئاراس جەنگی لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ ئۆرگانی رەسمیی یەكێتییەكان سەرنجڕاكێش بوو. بەو پێیەی كە ناوبراو ناوی لەگەڵ خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەردا دێت (كاتی داگیركردنی كەركووك داوای  لە خەڵك دەكرد لە جیاتی بەرگری بچن تاوڵە و دۆمینە بكەن) و هەمان رۆژ برایەكەشی (لاهوور جەنگی) لە كەركووك خەریكی دابەشكردنی پێڵاوی لاستیكی بوو، قسەكانی هەردووكیان دەرخەری جەبهەبەندییەكی تازەی ناو یەكێتییەكانن. ئاراس لە قسەكانیدا ناڕاستەوخۆ هێرشی كردە سەر ماڵی كۆسرەت رەسوڵ و بە زڕ ئامۆزاكانیشی گوت ئێوە مافی خۆهەڵبژاردنتان نییە لە كۆنگرە! یان خوێندنەوەی دیكە ئەوەیە كە ئێوە هەردووكتان (بافڵ و قوباد تاڵەبانی) بۆتان نییە هەردووكتان لە هەرەمی سەرەوەی دەسەڵاتدا بن. هەر بۆیەشە تاڵەبانییە كوڕەكان لە كۆسرەت رەسوڵ نزیك بوونەتەوە و زڕئامۆزاكانیشیان لە دكتۆر بەرهەم. ئەوەش بە سەراپای بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسییەوە دیارە. 

ئێران دەخوازێ دكتۆر بەرهەم ساڵح لە داهاتوویەكی نزیكدا (بە تایبەت كە ئێستا لە پارتیش نزیك بووەتەوە) سەركردایەتی حزبەكە بگرێتە دەست و لەوەشیاندا زڕئامۆزاكانی كوڕانی تاڵەبانی رۆڵێكی سەرەكی دەبینن.

بۆچی بەس یەكێتییەكان؟

(2)
رەنگبێ پرسیاری جەوهەری ئەوە بێت كە بۆچی بەس باسی كۆنگرەی یەكێتییەكان دەكرێ؟ خۆ حزبەكانی دیكەش (یەكگرتووی ئیسلامی لێدەرچێت)، پارتی، گۆڕان و كۆمەڵیش تا راددەیەك كێشەی بەستنی كۆنگرەیان هەیە؟

پارتی و گۆڕانیش وادەی بەستنی كۆنگرەكانیان زۆری بەسەردا تێپەڕیوە و هەر باسیشی ناكەن، بەڵام جیاوازیی ئەو دوو حزبە لەگەڵ یەكێتییەكان (تەنانەت ئەگەر باڵی جیاوازیشیان تێدا بێت) توانای بڕیاردانە. پارتی كێشەی بڕیاردان و ئیدارەكردنی ناوخۆی خۆی نییە، گۆڕان سەرباری ئەو نەهامەتییە سیاسییەی كە لە چەند ساڵی رابردوودا بەرۆكی گرتوون (بە چاك بێت یان بە خراپ) توانای بڕیاردان و پابەندبوون بە بڕیارەكانی خۆی هەیە و لە پڕۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی حكومەتیشدا سەلماندی كە دەتوانێ لەبەرامبەر ناڕەزایەتییە ناوخۆییەكانی خۆیدا، ئارگۆمێنتی پێبێت.

پارتی حیزبی بنەماڵەی بارزانییە، تا ئەو بنەماڵەیەش هەبن ئەو حیزبە دەمێنێ، بەڵام تەنانەت لەو سەردەمەیدا كە تاڵەبانیش زیندوو بوو، یەكێتی حزبی بنەماڵەی تاڵەبانی نەبووە. هەوڵەكانیش بۆ بنەماڵەكردنی ئەو حیزبە دۆخەكەی خراپتر كرد. بە دەردی فارس دەڵێن "قەل ویستی لاسایی رۆیشتنی كەو بكاتەوە، ئی خۆشی لەبیرچووەوە".

كۆنگرەی حزبەكان لە كوردستان پتر لەوەی جەوهەرێكی دیموكراسیانەی نوێبوونەوە و گوڕوتین بەخشین بێت بە كاری رێكخراوەیی خۆیان، نمایشێكی كۆمێدییە كە تا ئەوكاتەی نەتوانن لە دەرەوەی كۆنگرە هەموو شتێك یەكلا بكەنەوە، ئامادە نین كۆنگرە ببەستن. جا كۆنگرەی حزبەكان بۆ دەبێ ئەوەندە گرنگ بێت؟ چونكە لە نەبوونی دەوڵەت و دەستووردا قەدەری میللەت لەدەستی ئەندامانی مەكتەبی سیاسیدایە (كە هی هەندێكیان وەك خانەی بەساڵاچووانی لێ هاتووە).

نەرم لە ناوخۆ و بەهێز لە دەرەوە
(3)

رەنگبێ مەراسیمی سوێندخواردنی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گەورەترین نمایشی سیاسی و دیپلۆماسیی ئەم چەند ساڵەی رابردوو بێت، بە تایبەت دوای پچڕانی بەشی زۆری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و دنیا بەهۆی دژایەتییان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە كوردستان. هاوكات دەرخەری ئەو راستییەیە كە مروونەت و نەرمییەكەی (كە هەندێك جار لە مەرحەلەی بڕیاردا زۆریش یەكلاكەرەوەیە) ناوماڵی سیاسیی كوردی پێك شاد كردەوە.

ئەوە سەرەتای قۆناغێكی تازەیە كە بەو دینامیكییەتەی لە سەرۆك نێچیرڤان بارزانیدا دەبینرێ و، بەو هەموو پشتیوانییە نێودەوڵەتییەی لێی دەكرێت، بتوانێ لەو ئاڵۆزییە بەرفراوانەی لەسەر ئاستی ناوخۆ، ئیقلیمی و نێودەوڵەتی رووبەڕووی كوردستان دەبنەوە، رۆڵێكی یەكلاكەرەوە ببینێ. خەڵكی كوردستان راهاتووە بەوەی كە هەر كاتێك كێشەیەك هەبێت و سەرۆك نێچیرڤان بارزانی تێیدا رۆڵی چارەسەری بینیبێت، چارەسەر بووە.

لێرە بەدواوە، بەو دەسەڵاتانەی كە هەیەتی دەتوانێ حزبە سیاسییەكانی كوردستان بەوانەی دەرەوەی حكومەتیشەوە، وەكو تیمێكی كوردستانی لێ بكات و تەجاوزی سنوورەكانی حزبایەتی بكات، بەوەش رێگر بێت لەوەی كە حزبەكانی دەرەوەی حكومەت، هەڵوێستیان بەرامبەر بە حكومەت لە ئۆپۆزیسیۆنەوە ببێ بە نەیار.