گروپێک هەوڵی بە کلتورکردنی خوێندنەوە دەدەن

174 جار خوێندراوەتەوە کات05:06 بەروار06-06-2019
گروپێک هەوڵی بە کلتورکردنی خوێندنەوە دەدەن

ڕاچڵەکین: پەیام حازم

لە ئەنجامی هەستکردن بە کەمی خوێنەر، لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، چەندین گروپ و کۆمەڵە دروست بوون ئامانجیان بە کلتور کردنی خوێندنەوەیە، سەرپەرشتیاری گروپی ڕەوت دەڵیت "بەشێک لەو گروپانەی کە دروست بوون ئامانجیان تەنها ناوو ، خۆ دەرخستنە". ئەندامی یەکێک لە گروپەکانیش دەڵیت "من لە ڕێگەی کۆمەڵەیەکی خوێندنەوەوە زیاتر ئاشنای کتێب بووم".

"هاوناز بەهادین" سەرپەرشتیاری گرووپی ڕەوتە بۆ بەکلتوورکردنی خوێندنەوە لە دیمانەیەکدا بۆ ڕاچڵەکین دەڵێت "ئێمە وەک کۆمەڵەی ڕەوت،لە شاری سلێمانی نزیکی دوو ساڵە ئەم گروپەمان دامەزراندوە، یەکەمین ئامانجوبەرنامەی کارکردنمان ئەوە بوو خوێندنەوە بکەینە کلتوور، سەرەتای کارکردنیشمان هەر خوێندنەوەی کتێب و پاشان سیمینارو گفتوگۆ. دواتریش گفتوگۆکردن بوو لەسەر چەمک و پرسە گرنگەکان.لە پاش ساڵێک کارکردنمان و گۆڕینمان لە گروپێکی بچووکەوە بۆ کۆمەڵەیەکی فراوان، بواری کارکردنمان بووە گشتی و لە تەواوی بوارەکانی تریش کارمان کردووە.بەڵام وەک  هەمیشە بەشی زۆری کارەکانمان داناوە بۆ بەکلتورکردنی خوێندنەوە، دواتریش ڕۆشنبیرکردنی ئەندامەکانمان و هەوڵدان بۆ بەکلتورکردنی خوێندنەوە و هتد . لە شاری هەولێر لقمان کردەوەو لەوێش بەردەوامین، ژمارەی ئەندامەکانمان ١٢٠ ئەندام دەبێت".

هاوناز دەڵێت "بۆ زیادکردنی خوێنەر ڕۆڵی گرنگمان هەبووە، زۆرینەی ئەندامانی ڕەوت خوێنەرن، بە بەردەوامی هانمان داون کە بخوێننەوەو بەرهەمیشی هه‌بووه‌،جیاوازیش بەدی دەکەیت لە ئەندامەکان لە پێش هاتنیان بۆ ڕەوت، بەڕێژەیەکی دیاری کراو نا بەڵام نزیکی زیاتر لە ٥۰ کەسمان هێناوەتە دنیای خوێندنەوەو ئەوانی تریش کاریان لەسەر دەکرێت".

ئەم سەرپەرشتیارە سەبارەت بە گروپ و کۆمەڵەکان دەڵێت "زیادبوونی گروپەکان گرنگی نییە، دەکرێ دوو گروپ هەبن و سوودی گەورە بگەیەنن، بەڵام بەداخەوە ڕێژەیەکی زۆر گروپ هەیە بە ئامانجی جیاوازجیاواز دروست دەبن، بۆیە ناکرێ بڵێین هەموویان سوودیان هەیە، کاتێک بنەمای کارکردنیان و بەتایبەتیش لێپرسراوی گروپەکە ئامانجی بۆ ناوبانگ و خۆ دەرخستن بێت دەبینین بەرهەمەکەیان هیچ نییە، زۆرێک لە لێپرسراوەکانی ئەو گروپانەی دروست بوون  هیچیان ئاستی خۆیان باش نییە، کەم گروپ و دامەزراوە بە ئەرکی ڕاستەقینەی خۆیان هەستابن بۆیە دەبینین بەرهەمێکی باشمان نییە لەکاتێکدا ڕێژەی هەبوونی دامەزراوەو گروپەکان و ڕێخراوەکان زۆر زیادی کردوە، مۆدێلێکی تازە دروست بووە کە لەدوورەوە بڕوانین ڕێژەی خوێنەرمان هێندە زۆرە دەبوو ئێستا لە ئاستی پێشکەوتووترین وڵات بووینایە. بەڵام لەنزیکەوە باش دەزانین خوێنەرنین و تەنها کتێب بووەتە کەرەستەیەک بەکاری دەهێنن بۆ خۆدەرخستن".

هاوناز وتیشی "هۆکار زۆرە کە گەنج ناخوێنێتەوەو خوێنەرمان کەمە، یەکێک لەوانە خودی گەنجەکە نازانێ گرنگی خوێندنەوە چییە، کاتێکیش نەزانێت ئیتر چۆن بخوێنێتەوە، خێزان هۆکاری سەرەکیە بۆ ئەوەی تاک گرنگی خوێندنەوە بزانیت، پاشانیش ڕۆڵی خوێندنگەکان، كه‌  دەبـێت ڕۆڵیان هەبێتبۆ تێگەیاندنی خوێندکارەکان کە خوێندنەوە گرنگەو هانبدرێن. بەدەر لەمەش دەکرێتمرۆڤ خۆی گەورەو بوو،  هەوڵی ئەو شتە بدات کە سیستەم و پەروەردە نەیان توانیوە ڕۆڵیان هەبێت تێدا".

"خەنی" یەکێکە لە ئەندامانی گروپێکی خوێندنەوە و دەڵیت "من خۆم حەزم بۆ خوێندنەوەو کتێب هەبوو بەڵام بۆ زیاتر هاندانی خۆم بوومە ئەندام لە یەکێک لە گرووپەکاندا، من زیاتر ئاشنای کتێب و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان بووم، بوونی ئەم گرووپانە لە ئێستادا گرنگە چونکە ڕێژەی خوێنەرمان کەمە، کتێب نەبووەتە بەشێک لە ژیانی تاکی ئێمە".
ئەم خوێنەرە گوتیشی "ڕەنگە لە ئێستادا ڕۆڵی ئەم گروپ و کۆمەڵانە دیار نەبێت و بەرهەمی هەوڵەکانیان لە ئێستادا هەست پێنەکەین، بەڵام پاش چەند ساڵێک گرنگیان بەدیار دەکەوێت، ئامانجی بەشێکی  ئەم گروپانە ڕوونە کە بە کلتوورکردنی خوێندنەوەو ڕۆشنبیرکردنی تاکە، بەهیوام ئامانجەکەیان بپێکن".