بڕیاری دروێنەی گەنم.. لە نێوان بارزانی و بەرهەم ساڵح و راكان سەعید-دا

707 جار خوێندراوەتەوە کات11:43 بەروار28-05-2019
بڕیاری دروێنەی گەنم.. لە نێوان بارزانی و بەرهەم ساڵح و راكان سەعید-دا

راچڵه‌كین

هەریەكە لە پارتی و یەكێتی بەجیا مەسعود بارزانی و بەرهەم ساڵح بە خاوەنی بڕیاری رێگەدان بە دروێنەكردنی بەروبومی جوتیارانی كورد لە قەزای دوبز دەزانن، حزبەكانیشیان سوپاسنامەیان بۆ دەنێرن، هەرچەندە بڕیارەكە لەلایەن راكان سەعید پارێزگاری كەركوكەوە دەرچووە و لە بەشێكیدا داوای سڕكردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان دەكات ئەوەش بەلای جوتیارانەوە جێی مەترسییە.

22ی ئایار، دوای بەڕێوەچونی كۆبونەوەیەك لە دیوانی پارێزگای كەركوك، راكان سەعید، بڕیاریدا جوتیارانی كورد دەستبكەن بە دروێنەكردنی بەروبومەكانیان، ئەوەش "لە پێناو سەقامگیری ئاشتی كۆمەڵایەتی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی پارێزگاكە". بەڵام بەپێی هەمان بڕیار كە دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، تەواوی ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی كێشەی خاوەندارێتیان هەیە دوای دروێنەكردن سڕدەكرێن و جوتیاران ناتوانن بیچێنن.

بڕیارەكە چۆن درا؟

14ی ئایار مەترسی پێكدادانی جوتیارانی كورد و عەرەب لە گوندی پەڵكانە لە قەزای دوبز گەیشتە لوتكە، كاتێك زیاتر لە 100 هاوڵاتی هۆزی شەممەر به‌ حه‌وت ئۆتۆمبێلەوە هەڵیانكوتایە سەر جوتیارانی كورد و داوایانكرد ئه‌و سنورە ‌جێبێهێڵن.

ئاڵۆزییەكانی ئەو گوندە بووەهۆی راگرتنی دروێنەی بەروبومی جوتیاران بەشێوەی كاتی لەو زەوییە كشتوكاڵییانەی كێشەی خاوەندارێتیان هەیە، لەپێناو دروستنەبونی شەڕ.

دوای هەفتەیەك لە كۆبونەوە و راگۆڕێنەوە لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە، لەدیوانی پارێزگای كەركوك كۆبونەوەیەكی هاوبەش بە سەرۆكایەتی راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەت بەڕێوەچوو و تیایدا بڕیاردرا رێگە بە جوتیارانی كورد بدرێت دروێنەكانیان بكەن.

"ئیدارەكەمان چارەسەری یاسایی دەخاتەڕوو و جوتیارانی كورد دەتوانن دروێنەی بەروبومەكانیان بكەن"، نوسینگەی پارێزگاری كەركوك بەم دەربڕینە بڕیاریدا جوتیارانی كورد دروێنە دەستپێبكەن، بەڵام كێشە گەورەكە ئەوەیە لەپاڵ ئەوەشدا بڕیاردرا تەواوی ئەو زەوییانە دوای دروێنەكردن سڕبكرێن. تاوەكو دادگا بڕیاری كۆتاییان لەسەر دەدات.

پارتی بە "دەستكەوتی بارزانی" دەزانێت

دوای رۆژێك لە بڕیارەكە، میدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، وەكو "دەستكەوتی بارزانی" و بەبێ ناوهێنانی هیچ لایەنێكی تر هەواڵەكەیان گواستەوە، بەبێ ئاماژەدان بە بڕیاری دووەمی راكان سەعید كە خۆی لە سڕكردنی زەوییەكان دەبینێتەوە.

هەروەها لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان، لە راگەیەنراوێكیاندا لەبارەی كێشەی ناوچەكانی جێناكۆك لە نێویاندا دوبز و خانەقین، جەختیكردەوە "بەزویی هاتینە سەر خەت و لێکۆڵینەوەمان لەم هەنگاوە مەترسیدارە کرد، بەهیمەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک بارزانی کە هەر زوو بە دەنگییانەوە هات، توانرا رێگە لەو پلانە بگیرێت و بە فەرمانێک ئێستا رێگە دەدرێت ئەو جوتیارانە کاری دروێنەی خۆیان بکەن".

لیژنەكەی پەرلەمانیش خۆی دورگرتووە لە باسكردنی بڕیاری دووەمی راكان سەعید، كە جوتیاران بە مەترسی دەزانن بۆ ئایندەی زەوییەكانیان.

یەكێتی: لەسەر راسپاردەی سەرۆك كۆمار بوو

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بڕیاری دەستپێكردنەوەی دروێنەی وەكو دەستكەوتی بەرهەم ساڵح ناوبرد، ئەوەش لە راگەیەنراوێكدا لە شەوی بڕیارەكەی راكان سەعید.

مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی لە راگەیەنراوێكیدا جەختیكردەوە "دوای ئەوەی لەسەر راسپاردەی سەرۆک کۆماری عیراق لیژنەیەکی بەپەلە و هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زارە کشتوکاڵیەکانی سنورەکانی دوبز پێکهێنرا، لیژنەکە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی رێگریکردن لە درۆێنەوەی بەروبومی جوتیارە کوردەکانی ئەو سنورە".

یەكێتیش بەهیچ شێوەیەك باسی بڕیاری سڕكردنەكەی نەكردووە، بەڵام بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دەڵێت "بڕیاردرا دەبێ چاوەڕێبکرێت تاوەکو لیژنەی باڵای ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدات و دادگا كێشەكە یەكلاییدەكاتەوە".

یەكێتی وەك توانجێك لە پارتی دیموكرات دەڵێت "دەمانەوێت بەهەموو خەڵکی قارەمان و خۆڕاگری کەرکوک رابگەیەنین یەکێتی لە رۆژگارێکی سەختدا هەرەسی بەهەرەسهێناو میللەتەکەی بەجێنەهێشت".

لەكۆتایی راگەینراوەكەیدا یەكێتی سوپاسنامە ئاراستەی بەرهەم ساڵح دەكات و بەهیچ شێوەیەك باسی راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك ناكات.

راستی بڕیارەكە چۆن بووە؟

عەبدولمتەلیب عەبدولمەجید، بەڕێوه‌بەری ناحیەی سەرگەڕان لەنەتەوەی كورد، لەبارەی ناوەڕۆكی بڕیارەكان لەسەر كێشەی گوندەكانی سەرگەڕان لەوانەش گوندی پەڵكانە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوای ئەوەی كێشەیەك لە گوندی پەڵكانە له‌ نێوان برایانی كورد و عەرەب دروستبوو لەسەر كێشەی زەوی و زار، ... له‌ ئێستادا كێشەكە بەشێوەیەكی كاتی چارەسەر كراوە".

چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ به‌وته‌ی عه‌بدولمه‌جید، به‌ هه‌وڵی كاكه‌ره‌ش سدیق، سەرۆكی لیژنەی مادەی 140 لە ئەنجومەنی پارێزگا و په‌رله‌مانتارانی كه‌ركوك له‌ به‌غدا و راكان سه‌عید، پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركوك بووه‌.

عەبدولمتەلیب عەبدولمەجید، كە هاوكات بەڕێوەبەری ناحیەی پردێیە بە هیچ شێوەیەك باسی رۆڵی مەسعود بارزانی و بەرهەم ساڵح-ی لەو بڕیارەدا نەكردووە.

"بابەتی یەكلاییكردنەوەی زەویوزارەكان دراوە بە دادگای كەركوك و بڕیارە دادگا یەكلایی بكاتەوە"، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سه‌رگه‌ڕان رونیكرده‌وه‌ "دواتر هەر كەسێك سەلماندی زەوی هەیە لە گوندی پەڵكانە ئەوا دادگا لە چوارچێوەی بەڵگە یاساییەكاندا مامەڵە دەكات".

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد چاره‌سه‌ره‌كه‌ به‌وشێوه‌یه‌یه‌ ئه‌و جوتیارانه‌ی له‌ سنوری گوندی پەڵكانە دانه‌وێڵه‌یان هه‌یه‌ به‌رهه‌مانیان دروێنه‌ ده‌كه‌ن و دوای وه‌رزی دروێنه‌ دادگای كه‌ركوك به‌پێی یاسا و به‌ڵگه‌نامه‌كان خاوه‌ندارێتی زه‌وییه‌كان یه‌كلاییده‌كاته‌وه‌.

محەمەد خدر، ناوی خوازراوی جوتیارێكی گوندی پەڵكانەیە كە خاوەنی 23 دۆنم زەوی كشتوكاڵییە وتی "بڕیارەكە باشە بۆ ئەوەی دروێنە دەستپێبكەین بێ كێشە، بەڵام مەترسی گەورەی هەیە كاتێك سڕدەكرێن، رەنگە دەیان ساڵی تر دادگا یەكلایینەكاتەوە و وەك ماددەی 140 لێ بێت".

وتیشی "جگە لەوەش گومانمان لە بڕیاری دادگا هەیە لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراق، ئێمە تاپۆی زەوییەكانمان هەیە و رەنگە بە بڕی دادگا بۆ هەتاهەتایە لەدەستیان بدەین".

گوندی په‌ڵكانه‌، ده‌كه‌وێته‌ باكوری خۆرئاوای كه‌ركوك، نزیكه‌ی 25 ماڵی تێدایه‌ و روبه‌ره‌كه‌ی زیاتر له‌ 60 هه‌زار دۆنم زه‌ویی به‌پیتی كشتوكاڵی و نه‌وتی تێدایە.

پەڵکانە و چەند گوندێکی تری ناحیەی سەرگەڕان له‌ قه‌زای دوبز-ی پارێزگای کەرکوک، پێشتریش بۆ چه‌ندجارێك بونه‌ته‌ جێی بارگرژیی و مشتومڕی خەڵک‌ و لێپرسراوان دەربارەی خاوەندارێتی ناوچەکە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی، بەوتەی کورد لەژێر فشاردا هەوڵی دەرکردنیان دەدرێت، لەکاتێکدا عەرەب بە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیانی دەزانن.

بەپێی نوسینگەی راكان سەعید بێت، "بڕیاری دادگا لەسەر ئەو زەوییانە هەرچییەك بێت دەبێت ئیدارەی ناحییە و جوتیارانی كورد و عەرەب پێوەی پابەندبن".