مەڵبەندەکانی یەکێتی بۆ کۆسرەت رەسوڵ: دەستت خۆش و پشتیوانتین

5945 جار خوێندراوەتەوە کات11:34 بەروار28-05-2019
مەڵبەندەکانی یەکێتی بۆ کۆسرەت رەسوڵ: دەستت خۆش و پشتیوانتین

راچڵەکین-
مه‌ڵبه‌ندەکان و فراکسیۆنی یەکێتی و ئەنجومەنی ناوەندی ئەو حزبە پشتیوان و دەستخۆشی له‌ بڕیاری‌ حزبه‌که‌یان ده‌کەن بۆ به‌شدارینه‌کردنی فراکسیۆنه‌که‌یان له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی‌ هه‌رێمی کوردستان  کە رۆژی 28-5-2019 بەڕێوەچوو مەڵبەندەکان رایدەگەیەنن، پابەندی تەواوی هەر ڕێککەوتنێکین کە واژووی هەڤاڵ کاک کۆسرەتی بەسەرەوە بێ.


مەڵبەندی 2ی کەرکوک
مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سوپاسی کۆسرەت رەسول و بەرهەم ساڵح دەکات کە بڕیاریانداوە فراکسیۆنی یەکێتی بایکۆتی دانیشتنی کوردستان بکات.

لە راگەیێندراوێکدا مەڵبەندی دووی یەکێتیی لە کەرکووک دەڵێت "ئەو هەڵوێستەی ئەمڕۆی یەکێتی لەپێناو کەرکووک و کوردستان و ناوچەدابڕێنراوەکان کە بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی کرد، بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی دەنرخێنین".

مەڵبەندی یەکێتیی لە کەرکووک رایگەیاندووە "ده‌ستخۆشی له‌ هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی به‌ڕێز جه‌نابی کاک کۆسره‌ت، جێگری یه‌که‌می سکرتێری گشتی و به‌ڕێز دکتۆر به‌رهه‌م، جێگری دووه‌می سکرتێری گشتی و ده‌سته‌ی کارگێڕی و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی و ئه‌ندامه‌کانمان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان و ئه‌نجوومه‌نی ناوه‌ند و ته‌واوی ئۆرگانه‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان ده‌که‌ین. ئه‌مڕۆ بۆ ته‌واوی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی و جه‌ماوه‌ری خۆڕاگری که‌رکووک به‌تایبه‌تی سه‌لماندتان که‌رکووک و یه‌کێتی دوانه‌ی دانه‌بڕاوی یه‌کترن".


مه‌ڵبه‌ندی 3ی‌ هه‌ولێر

مه‌ڵبه‌ندی 3ی‌ هه‌ولێری‌ یه‌کێتی نیشتیمانی‌ کوردستان پشتیوانی‌ له‌ بڕیاری‌ حزبه‌که‌ی ده‌کات بۆ به‌شدارینه‌کردنی فراکسیۆنه‌که‌یان له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی‌ هه‌رێمی کوردستان و ده‌ڵێت، پابەندی تەواوی هەر ڕێککەوتنێکین کە واژووی هەڤاڵ کاک کۆسرەتی بەسەرەوە بێ.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا، مه‌ڵبه‌ندی 3ی‌ هه‌ولێر یه‌کێتی ده‌ڵێت "‎بەناوی خۆمان و ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەولێری قەڵاو منارەی خۆڕاگرەوە دەستخۆشی لە هەڵوێستی مەردانەی هەڤاڵ کاک کۆسرەت ڕەسول جێگری سکرتێری گشتی و سەرجەم هەڤاڵانمان لە دەستەی کارگێڕو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەکەین".

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌ "‎بەو هەڵوێستەی ئەمڕۆی هەڤاڵانمان لە مەکتەبی سیاسی دەرخەری ئەو ڕاستیە مێژووییەیە کە هەمیشەو لە سەرەتای دروستبوونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا ئەمڕۆو بۆ داهاتووش، کەرکووک هێڵی سوورەو هەموو قوربانیەک لەپێناوی کەرکووک دەدەین و دۆخی کەرکووک و خەڵکە تێکۆشەرەکەی پێویستی بە چاکردن هەیە نەک دەستی دەستی پێکردن، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان لەخەمی پاراستنی ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک بین".

‎"ئەمڕۆ جارێکی تر یەکێتی دووپاتی کردەوە کە هێزێکە پابەندی تەواوی ڕێکەوتنەکانی خۆیەتی و دەبێ لایەنی بەرامبەریش (پارتی دیموکراتی کوردستان) بەهەمان شێوە پابەندی ڕێکەوتنەکان بێ، ڕاشکاوانەش دووپاتی دەکەینەوە کە وەک ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پابەندی تەواوی هەر ڕێککەوتنێکین کە واژووی هەڤاڵ کاک کۆسرەتی بەسەرەوە بێ" مه‌ڵبه‌ندی  هه‌ولێری‌ یه‌کێتی واده‌ڵێت.

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌ "‎جارێکی تر پشتیوانی خۆمان بۆ هەڤاڵانمان لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەردەبڕین و ڕایدەگەیەنین کە پێویستە هاوتەریبی یەک پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و دانانی پارێزگاری کەرکووک و وەزیری داد یەکلابکرێنەوە بەپابەند بوون بەڕێککەوتنەکانی نێوانمان".

مه‌ڵبه‌ندی 4ی‌ دهۆک

مه‌ڵبه‌ندی 4ی‌ یه‌کێتی نیشتیمانی‌ کوردستان، هه‌ڵوێستی جێگرانی‌ سکرتێری‌ گشتی یه‌کێتی نیشتیمانی‌ کوردستان و ته‌واوی‌ ئۆرگانه‌کانی‌ حزبه‌که‌ له‌ پێناو ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان و که‌رکوک به‌رزده‌نرخێنێت و ده‌ڵێت، ئێوه‌ دروشمی سه‌رۆک مام جه‌لال-تان کرده‌ راستیه‌کی مێژوویی که‌ که‌رکوک قودسی کوردستانه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا، مه‌ڵبه‌ندی 4ی‌ دهۆکی یه‌کێتی ده‌ڵێت، به‌ناوی‌ به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی 4ی‌ رێکخستنی دهۆکی یه‌کێتی نیشتیمانی‌ کوردستان و هه‌موو کادیر و ئه‌ندامان و دۆست و لایه‌نگران جه‌ماوه‌ری‌ خۆڕاگری یه‌کێتی له‌ بادینان، ده‌ستخۆشی له‌ به‌ڕێز (کۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی‌) جێگری یه‌که‌می سکرتێری‌ گشتی و به‌ڕێز (د. به‌رهه‌م ساڵح) جێگری دوه‌م و ده‌سته‌ی کارگێری و هه‌موو ئه‌ندامانی‌ مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی و ئه‌ندامانمان له‌ په‌رله‌مانی‌ کوردستان و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی و سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌کانی یه‌کێتی نیشتیمانی‌ کوردستان ده‌که‌ین له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی دلێرانه‌ و کوردانه‌ و بایکۆتکردنی کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌ پێناو ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان به‌گشتی و که‌رکوک به‌تایبه‌تی.

ئاماژه‌ به‌وه‌شکراوه‌، به‌م هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ی ئێوه‌، گیانی‌ شه‌هیده‌کانمان له‌ گۆڕدا ئارام ده‌کات و دڵی که‌س و کاری شه‌هیدانتان شادکرد، ئێوه‌ دروشمی سه‌رۆک مام جه‌لال-تان کرده‌ راستیه‌کی مێژوویی که‌ که‌رکوک قودسی کوردستانه‌ و که‌رکوک و که‌رکوکیه‌کانتان دڵنیاکرده‌وه‌ که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک یه‌کێتی پشت له‌ که‌رکوک ناکات، چونکه‌ یه‌کێتی و که‌رکوک دوانه‌یه‌کی لێک جیانه‌کراوه‌ن.

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌، به‌دێژایی مێژووی خۆی‌ یه‌کێتی نیشتیمانی‌ کوردستان خاوه‌ن هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی‌ بووه‌ له‌ گۆڕه‌پانی خه‌بات و به‌رخودان و قوربانیدان، هه‌رده‌م یه‌کێتی پێشه‌نگ بووه‌ و که‌رکوکی‌ به‌ کلیلی چاره‌سه‌کردنی دۆز کورد له‌ باشوری‌ کوردستان له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مڕۆی یه‌کێتی له‌ پێناو ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان به‌گشتی و که‌رکوک به‌تایبه‌ت و بایکۆتکردنی دانیشتنی په‌رله‌مانی‌ کوردستان و ده‌نگنه‌دان به‌ سه‌رۆکی‌ هه‌رێم، درێژه‌دانه‌ به‌ سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی و به‌ هه‌ڵوێستێکی جوامێرانه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین.

مه‌ڵبه‌ندی 4ی‌ یه‌کێتی جه‌ختده‌کاته‌وه‌ هه‌ڵوێستی‌ حزبه‌که‌ی هه‌نگاوێکی بوێرانه‌ بوو له‌ دژی تاکڕه‌ویی، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ک مه‌ڵبه‌ندی چوار ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌رز و بڵند ده‌نرخێنین و پشتیوانی خۆمان بۆ سه‌رکردایه‌تی خۆمان دووپاتده‌که‌ینه‌وه‌ و بۆ هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان ده‌زانێت که‌ یه‌کێتی حزبی شه‌هیدانه‌ و فێرگه‌ی کوردایه‌تیه‌ و دڵسۆزی خاکی پیرۆزی کوردستان و درێژه‌ پێده‌ری‌ رێباز و بیروباوه‌ڕی یه‌کێتیه‌.

مه‌ڵبه‌ندی 24ی‌ راپه‌رین

مه‌ڵبه‌ندی 24ی‌ راپه‌رینی یه‌کێتی نیشتیمانی‌ کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، یەکێتی هێزێکە حیسابی خۆی لەسەرە و ده‌ڵێت  دەبێ پارتی و هەموو ئەوانەی لەپەراوێزی پارتیدا، دانەخۆرەکراون، بزانن کەخەیاڵێکی نەزۆکە هەرچی ویستیان بەبێ یەکێتی دەستەبەری کەن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا، مه‌ڵبه‌ندی 24ی‌ راپه‌رینی یه‌کێتی ده‌ڵێت، هەڵوێستی ئەمڕۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ، لەلایەن بەڕێز کاک کۆسرەت جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی و بەڕێز د.بەرهەم  جێگری دووەم و  مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، ئەنجومەنی ناوەندو فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان، بەرز دەنرخێنین و جێگەی سوپاس و ڕێزی بێ پایانمانە.

ئاماژه‌به‌وه‌شکراوه‌، خۆتان دەزانن لەرابردودا، ڕێکەوتنی یەکێتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر بنەمای شەراکەتی راستەقینە ئیمزاکرا، بەڵام پارتی بەشێوازی کارکردنی خۆی بۆ لەباربردنی رێکەوتنەکە چەندین رێکاری خەڵەتاندنی گرتەبەر، هەمووشی لەپێناو کەمکردنەوەی دەستەڵاتی یەکێتی و  پێگەی خۆی لەکەرکوک ناوچەکانی تر.

بڕیاری ئەمڕۆی یەکێتی و بەشداری نەکردنی فراکسیۆنەکەمان، لەدەنگدان بەسەرۆکی هەرێم، لەلایەک بەمانای ئەوەدێت کەرکوک و یەکێتی دوانەیەکی لێک دانەبڕاوون هیچ هێزێک ناتوانێ لێکیان دابڕێ، لەلایەکی تریشەوە یەکێتی سەلماندی کەلەپێناو خزمەت بەڕێبازەکەی مامی گەورەو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، سازش ناکات" مه‌ڵبه‌ندی 24ی‌ راپه‌رینی یه‌کێتی واده‌ڵێت.

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌ "بویە دەبێ پارتی و هەموو ئەوانەی لەپەراوێزی پارتیدا، دانەخۆرەکراون، بزانن کەخەیاڵێکی نەزۆکە هەرچی ویستیان بەبێ یەکێتی دەستەبەری کەن، هەر بۆ نمونە هەڵوێستی ئەمڕۆ لەلوتکەی جوامێریدا،  لەبەهای سەرۆکی هەرێم و قوڕسایی لەسەرئاستی ناوخۆو دەرەوە کەم دەکاتەوە.

باسله‌وه‌شده‌کات، که‌ یەکێتی هێزێکە حیسابی خۆی لەسەرە، دنیا دەزانێ ڕۆڵی لەجەنگی داعش و پارێزگاری لەدەسکەوتەکانی حکومەتی هەرێم لەچ ئاستێکدا بووە ئیتر چۆن دەکرێ بەخەیاڵی خاویان، یەکێتی لەنەخشەی حوکمرانی داهات و شار بەدەر بکەن.


مەڵبەندی ڕێکخستنی کۆیە 
پەیامی پاڵشتی مەڵبەندی ڕێکخستنی کۆیە بۆ مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی

وەک لای هەمووان ڕوون و ئاشکرایە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرابوونی ئەنجامەکانی کەهەر لەسەرەتاوە لای یەکێتی جێگای پرسیارو گومان بوو بەڵام لەبەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و پاراستنی ئەزمونەکەمان قبولی ئەنجامەکەیمان کرد.یەکێتی لەوساتە بە پڕۆژەیەکی نیشتیمانیانەو یەکڕیزیانە داوای کرد بەیەک پاکێج بەغداو کەرکوک و هەرێم بەیەکەوە چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.

ئەوەبوو پارتی وەک پیشەی هەمیشەی لەهەنگاوەکانی ڕێکەوتن پەشیمان دەبوەوە کەرکوک زۆر گرنگ نەبوو بەلای پارتی بۆیە دەستی دەستی بەکات دەکرد.ئەمڕۆش کەپەرلەمانی کوردستان سەرۆکی هەرێمی کوردستانی هەڵبژارد یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کەرکوکی قودسی کوردستانی لەپێش هەموو پۆست و پلەیەک دانا.لەپێناو کەرکوک بایکۆتی دەنگدانی کرد بۆسەرۆکی هەرێم. 

بۆیە لەم سۆنگەیەوە بەناوی مەڵبەندی ڕێخستنی کۆیەو تەواوی کادیرو هەڤاڵانی سنوری مەڵبەندەکەمان پاڵپشتی و دەست خۆشیمان بۆ ئەم بڕیارەی یەکێتی دەردەبڕین و داواکارین سورتربن لەسەر جێ بەجێ کردنی شەراکەتی ڕاستەقینە وەک لای هەموانیش ڕوون و ئاشکرایە لەکوردستان بێ یەکێتی مەحاڵە حکومەتی سەرکەتوو جێ بەجێ بکرێ .جارێکی تر دەست خۆشی و پاڵشتی خۆمانتان بۆ دووپات دەکەینەوە.

مەڵبەندی ڕێکخستنی کۆیەی 

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

مەڵبەندی ۱٦ی ڕیکخستنی حەمرین

بەیاننامەی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە خورماتوو سەبارەت بەهەڵوێستەکەی ئەمڕۆی یەکێتی، کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
جەماوەری خۆڕاگر و قارەمانی گەلەکەمان
خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان

بەنــاوی سەرجــەم ئەنـدام و کادیـر و لایەنـگران و دۆستانی یەکێتی لــە خورمــاتوو پشتیـــوانی لــــەهەڵوێستی کوردانە و بەرپرسانەی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان دەکـــــەین بە بۆنەی ئەو هەڵوێستەی ئەمڕۆی یەکێتی لــەپێناو کــوردستان و کەرکوک و خورماتوو  و ناوچە دابڕێنراوەکان کـــە بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی کرد.
 
بۆیە وەک مەڵبەندی ۱٦ی رێکخستنی حـــەمــرین بەپێویستی دەزانین دەستخۆشی لـــە بەڕێزان جێگرانی سکرتێری گشتی  و دەستەی کارگێڕی و سەرجەم ئەندامانی مـەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەندامەکانمان لـە پەرلەمانی کـــــوردستان و ئــەنجــومــەنی نــاوەند و تـــەواوی ئۆرگـــانەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بکەین.
 
ئەمرۆ  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بــۆ تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و جەماوەری خۆڕاگری کــەرکوک بەتایبەتی سەلماندی کەرکوک و یەکێتی دوانەی دانەبــــڕاوی یەکترن.

وەک دەزانین یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هــەر لەسەرەتای دامــــــەزرانــدنیەوە بـــەڕێبەرایەتی ڕێبەری شـــۆڕشی نوێی گەلەکەمان سەرۆک مــــام جەلال کەرکوک لە شاڕێی بەرنامەی کارکردن و خــــــەبات و قوربانیدانی بووە، ئێستا و ئایندەش یەکێتی بەهــــــەمـــــــان گیانی کـــــارکردنەوە درێژەپێدەری ئەو ڕێبازە پیرۆزەی جەنابی مام جەلال- ەو دەستبـــــەرداری نابێت.

ئـــــەو هەڵــــوێستەی ئەمــــڕۆی یەکێتی لــــــەپێناو کەرکوک و کــــوردستان و نــاوچە دابڕێنراوەکان کەبایکۆتی دانیشتنی پـــەرلەمانی کـــوردستانی کـــرد، بەهەڵوێستێکی نــەتەوەیی لەپێناو خاکی پیرۆزی کـــەرکوکی دانـــەبراو لـــەکـــوردستان دەنرخێنین.

مەڵبەندی ۱٦ی ڕیکخستنی حەمرین.

۲۸ی ئایاری ۲۰۱۹


‎مەڵبەندی (١١) ی ڕێکخستنی گەرمیان

مەڵبەندی (11)ی رێکخستنی گەرمیان لەراگەیەنراوێکدا پشتگیری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی دەکات کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی: 

بۆ بەڕێزان /مەکتەبی سیاسی 

‎کۆمیتەی سەرکردایەتی

‎بابەت: پشتگیری

‎بەناوی کەس وکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان ،کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی ، پێشمەرگە قارەمانەکان و لایەنگران و دۆستانی یەکێتی یەوە لە سنوری گەرمیان ، دەستخۆشی وپشتگیری خۆمان دووپات دەکەینەوە لە مەڕ نواندنی ئەو هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەیە کە شاندی دانوستاندکاری م،س و سەرکردایەتی (ی.ن.ک) دەکەین ، سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و بەشداری نەکردنی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەڕلەمانی کوردستان .

‎شاندی دانوستاندکاری  یەکێتی بەگەڕانەوە بۆ پرنسیپە سەرەتایەکانی یەکێتی هەمیشە پێداگری کردوە پرسەکانی هەرێم و کەرکوک بەغداد پێکەوە یەک پاکێج بن بۆ چارەسەرکردن وسەرجەم هێزە سیاسیەکان پێکەوە بەیەک تیم کار بکرێت و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد گرنتی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دیموکراتیەکانمان دەکات لە ناوەند و دەبێتە دەسپێک بەرەو قۆناغی گەڕانەوەی ناوچە کێشە لەسەرەکان بەگشتی و شاری کەرکوک بەتایبەت کە یەکێتی نیشتمانی لەو پێناوەدا قوربانی زۆری بۆداوەو هەمیشە ئامادەیە بۆ قوربانیدان. وە مێژووی پڕشکۆی یەکێتی گەواهیدەری ئەو ڕاستیەیە.

‎کۆمەڵانی بەشەرەفی کوردستان ئاشکرایە پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لەسەرەتایی گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نۆهەم ەوە پرنسیپی خۆدزینەوە و یاریکردن بەکات لەسەر پرسی کەرکوک و بەغداد پەیڕەو دەکات و ئەیەوێت بەم شێوازە کارکردنەی ئۆباڵی کێشەی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان بخاتە ئەستۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان .

‎بۆیە لێرەوە دووپاتی ئەکەینەوە پشتگیری ئەم هەڵوێستە پیرۆزە نیشتیمانیە دەکەین لەسەر جەختکردنەوەی چارەسەر کردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی تری کوردستان

‎کەیەکێتی هەمیشە پێی وابووە چارەسەرەکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچەکانی تر ، کلیلی چارەسەرکردنی کۆی گرفت و قەیرانەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و کوردستان ە.
‎بۆیە داواکارین لە هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و وەفدی دانوستاندکاری یەکێتی پێداگری بکەن لە بەشداریکردنی ڕاستەقینە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و سور بوون لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی کارنامەی یەکێتی کە خۆی لە هەر سێ پاکێجی (هەولێر،کەرکوک،بەغداد) دەبینێتەوە بەئامانجی زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە یەکێتی لەم پێناوەدا هەمیشە زەرەر مەند بوە لە پێناو تێکنەچونی تەبایی و یەکڕیزی نێو ماڵی کوردو سەقامگیری ئاسایشی نەتەوەیی گەلەکەمان .

‎مەڵبەندی (١١) ی ڕێکخستنی گەرمیان


مەڵبەندی نەینەوا    

بەیاننامەێک لە مەلبەندی(7)ی رێکخستنی نەینەوای یەکێتی نشتیمانی کوردستان

ئەوەی ئەمرۆ رویدا لە نێو پەرلەمانی کوردستان لەهەلبژاردنی نێچرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەبێ بەشداریکردنی یەکێتی نشتیمانی کوردستان سەرپێچیێکی رونبوو لەو رێکەوتنە سیاسیەی لە نێوان ئێمەو حیزبی پارتی دیموکراتی کوردستان ، بەداخەوە گەیشتە ئەوەی لە رێکەوتن لابدرێت و بەبێ ئێمە سەرۆکی هەرێم هەلببژیردرێت کە ئەمەش وا دەکات رەوشی سیاسی لە کوردستان زیاتر ئالۆز ببێت.

 یەکێتی نشتیمانی هەر لە سەرەتای دەمەزراندنی هەرگیز چاوی لە بەدەستهێنانی پلەو پۆست و دەستکەوتی تاکەکەسی  نەبوە و هەمیشە بەدوای بەرژەوەندی گەلی کوردستان بوە لە هەموو شوێنەکان ، هەولی زۆرمان داوە لە پێشودا بۆ هەلبژاردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک لە چوارچێوەی ئەو رێکەوتنەسیاسیەی لەگەل حیزبی پارتی دیموکراتی کوردستان  لەسەر حوکمرانی هاوبەش لە هەرێمی کوردستان و بەغدا  و کەرکوک بەلام بەداخەوە  پارتی لە رێکەوتنەکەی لەگەل ئێمە  لایدا و سوربون لەسەر هەلبژاردنی سەرۆکی هەرێم و پشتگوێخستنی هەلبژاردنی پارێزگاری کەرکوک کە ئەمەش پرۆسەی بە عەرەب کردن زیاتر دەکات و دەبێت خۆیان بەرپرسارەتی دەرئەنجامەکەی هەلگرن...

بەهەمو لایەک رادەگەێنین یەکێتی نشتیمانی کوردستان لەئەمڕۆ بەدواوە بەرپرسیار نیە لەهەر هەلومەرجێکی نەخوازراو و نەرێنی لەوەی ئەمرۆ رویدا لە نێو پەرلەمانی کوردستان کە سەرپێچیێکی رون بو لە رێکەوتنی سیاسی و ئالۆزکردنی رەوشی سیاسی لە هەرێم  ، بەلام ئێمە  جەخت لەوە دەکەینەوە و پێشتریش جەختمان لێکردوتەوە کە ئەوپەری  هەولمان دەخەینە گەر لە پێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندی گشتی خەلکی کوردستان و هەلبژاردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک  بۆ دەربازبونی لەم رەوشەی ئێستای کە پرۆسەی بە عەرەبکردنێکی ئاشکرای تێدا ئەنجام دەدرێت ....

 لە کۆتایشدا هیواخوازین ک هەمومان لە ئاست بەرپرسیارەتی بین و بەرژەوەندی گشتی گەلەکەمان بخەینە پێش بەرژەوەندی حیزبی و تاکەکەسی ...

نوسینگەی رۆژنامەوانی لێپرسراوی مەلبەند


ئەنجومەنی ناوەند

ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک راگەیەنراوێک بڵاودەکاتەوە، کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی: 

لە ئەنجامی پێشهاتە نوێیەکانی چەند رۆژی رابردووی بارودۆخی پارێزگای کەرکوک و لە نزیکەوە چاودێریکردنی رەوشی شارەکە لەڕووی سیاسی و سەرجەم بوارەکانیتر، ئەمرۆ 28/5/2019 بە ئامادەبوونی ئەندامە کەرکوکیەکانی ئەنجومەنی ناوەندی کۆبونەوەی سکرتارییەت و لێپرسراوی کۆمسیۆنەکانی ئەنجومەنی ناوەندی بەرێوەچوو، که تێیدا گفتوگۆی چڕوپڕ و هەمەلایەنە کرا و تیشک خرایە سەر هەردوو رێککەوتننامەکانی 4/ ئادار و  5  / ئایار ی نێوان یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، بە تایبەتیش پاشکۆی رێککەوتنەکە کە تایبەت بوو بە پرسی پارێزگاری کەرکوک و دانانی پارێزگارێکی کورد لە پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

لە ڕوانگەی (ی.ن.ک) ئەو رێککەوتننامانە بنەمای ئەساسی کاری هاوبەش و نەخشە رێگای شەراکەتی راستەقینەبوون لە حکومڕانی و بڕیاردان و دروستکردنی حکومەتی بەهێزی خزمەتگوزار کە دروشمەکانی ئارامی و هەلی کار و خزمەت فەراهەم بکەین و لەگەڵ هەوڵەکانی یەکێتی لە چەند رۆژی رابردوو سەبارەت بە پرسی کەرکوک وێڕایی دانگدانی یەکێتی بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و هەنگاوەکانی پابەندبوونی خۆمان بەرێککەوتنەکە جێبەجێکرد، بەداخەوە لەبەرامبەردا لە دەستپێکی هەنگاوە سەرەتاییەکانی پارتی لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکان جددی نەبوو پرسی کەرکوک یان هەر رۆژەو بە بیانوی جۆراوجۆری ناراست دوادەخست و یەکێتی یان ناچارکرد لە ئاستی ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان دوای هەڵسەنگاندنی وورد و بابەتیانە هەڵوێستی روونی خۆی بۆ رایگشتی کوردستان ڕوون بکاتەوە

بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنی ناوەندی وێرای پشتیوانی لە بۆچون و راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی، پشتیوانی داوا رەواکانی کەرکوک و کەرکوکیەکان دەبین و بەهیچ پێوانەیەک سازش لەسەر مافەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ناکەین  شان بەشانی پاراستنی ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک و مانەوەی بە قودسی کوردستان، پشتیوان و داکۆکیکاری راستەقینەی داوا رەواکانی جەماوەری یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان دەبین.

ئەنجومەنی ناوەندی دەخوازێت سەرجەم لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان  یەکریز و یەکگرتووبن و لە دەوری بەرنامەیەکی گشتیری کوردانە کۆببنەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی باڵای گەلەکەمان و پاراستنی کوردستان لەو ئەگەر و رووداوانەی پێشبینی دەکرێت ناوچەکە بگرێتەوە کە سیاسەتی ناواقعی تاکڕەوی لایەنی بەرامبەر زەنگێکی مەترسیدارە لەلایەک لەسەر یەکریزی لایەنە سیاسەکان و لەلایەکیتریش ئەوەندەیتر کێشەکانی کەرکوک قوڵ دەکاتەوە کە بەلای ئێمەی یەکێتیەوە وتە بەنرخەکەی سەرۆک مام جەلال راست و دروستە کە ( کلیلی چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد کەرکوکە و فەقەد کەرکوکە و هەر کەرکوک دەبێت ).

ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان

28/5/2019

فراکسیۆنی یه‌کێتی

ئه‌ندامێکی فراکسیۆنی یه‌کێتی له‌په‌رله‌مانی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌شداری نه‌کردنی یه‌کێتی  له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان، بابه‌تێکی شه‌خسی نه‌بووه‌ و وه‌ک فراکسیۆنی یه‌کێتی پابه‌ندی بڕیاره‌کانی حزبه‌که‌مانین.

بێگه‌رد تاڵه‌بانی به‌ناوی فراکسیۆنی یه‌کێتییه‌وه‌ له‌ کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: پابه‌ندین به‌ بڕیاری سیاسی حزبه‌که‌مانه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و رێککه‌وتنه‌ی کردوویه‌تی، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی دانوستانه‌کان بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت، یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان په‌یامه‌که‌ی بریتی بووه‌ له‌وه‌ی که‌ ویستومانه‌ له‌سه‌ر سێ ئاست رێککه‌وتن بکه‌ین ئه‌وانیش، (هه‌رێمی کوردستان و شه‌راکه‌تی راسته‌قینه‌، ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان وپارێزگای که‌رکوک، شێوازی کارکردنی ئاینده‌مان له‌ به‌غدا).

وتیشی: کاتێک یه‌کێتی بڕیاریدا به‌شداری له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم نه‌کات، بابه‌ته‌که‌ شه‌خسی نه‌بووه‌، به‌ڵکو پێمان وایه‌ نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ شه‌راکه‌تی راسته‌قینه‌ و وتارێکی یه‌گرتوو له‌سه‌ر ئاستی عیراق و ناوچه‌که‌.

وتیشی: وه‌ک یه‌کێتی مه‌به‌ستمان بووه‌ به‌شداری شه‌راکه‌تێکی راسته‌قینه‌ بین و له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌که‌ خاوه‌نی یه‌ک  وتاری یه‌کگرتوو بین.

بێگه‌رد تاڵه‌بانی وتیشی: فراکسیۆنی یه‌کێتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان، پابه‌ندی بڕیاره‌کانی مه‌کته‌بی سیاسیه‌ و روئیامان روونه‌.

له‌کۆتایی قسه‌کانیشیدا رایگه‌یاند: ئومێده‌که‌ین له‌ داهاتوودا فراکسیۆنی یه‌کێتی بتوانێت پارێزه‌ری ده‌نگ و سه‌نگی یه‌کێتییه‌کان بین له‌ په‌رله‌مانی کوردستان.