سزادانی هواوی بۆ؟

256 جار خوێندراوەتەوە کات01:37 بەروار27-05-2019
سزادانی هواوی بۆ؟

راچڵەكین-

سزادانی كۆمپانیای هواوی چینی لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا مقۆمقۆیەكی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە، نەك تەنیا لەنێوەندی ئەو كەسانەدا كە سەرقاڵی بزنسن، بەڵكو ئەمجارە مقۆ مقۆكە گواستراوەتەوە توێژێكی گەورە لەبەكارهێنەرانی تۆڕەكانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی.

گرنگی هواوی لەچیدایە؟

هواوی (Huawei) كۆمپانیایەكی چینیە لە ساڵی 1987 دامەزراوە. لە ساڵی هەشتاكانەوە حكومەتی چین پلانی هەبوو ژێرخانی سیستەمی پەیوەندیكردنی وڵاتەكەی بەرەو پێش ببات، هواوی هەر لەو‌كاتەوە دەستیكرد بە دروستكردنی ئامێرەكانی سیستەمی بگۆڕ (بەدالە)ـی تەلەفۆن. دوای ماوەكی زۆر و لە ساڵی 2003 دەستیكرد بە دروستكردنی مۆبایل هەروەها لە ساڵی 2009 یەكەم مۆبایلی هۆشمەندی خستە بازاڕەوە. 

هواوی توانی‌ ململانێیەكی بەهێز بكات لە بازاڕی مۆبایلی هۆشمەنددا تاوەكو ئەو رادەیەی بووە دووەم پڕفرۆشترین مۆبایلی هۆشمەند لە جیهان، بەجۆرێك كۆمپانیای ئەپڵی لەدوای خۆی جێهێشت و كەوتە پێشبڕكێ لەگەڵ سامسۆنگ. ئەم كۆمپانیایە لەماوەی كاركردنیدا لە بوارە جیاجیاكانی دیكەی پەیوەندیكردن كاری كردووە، كە بەرچاوترینیان دابینكردنی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنه نەك تەنها بۆ وڵاتی چین، بەڵكو بۆ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانیش، لەم بوارەدا بە پلەی یەكەم دێت هەروەها بە پلەی دووەم دێت لەنێو‌ بازاڕی مۆبایلی هۆشمەندیشدا.

تەنها لەبەشی توێژینەوەو پەرەپێدان نزیكەی 80 هەزار كارمەند كار دەكەن، ئامێرەكانی دەگاتە دوولەسەرسێی دانیشتووانی جیهان، ئەوەش بەو واتایە دێت كەئەگەری زۆرە كە پەیوەندی تۆ بە تۆڕی ئینتەرنێت یاخود تەواوی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانت بەیەكێك لەئامێرەكانی هواویدا تێبپەڕێت لە تاوەری پەیوەندییەكان یان خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت.

سزاكان كاریگەریان لەسەر كامجۆرەی مۆبایلی هواوی هەیە؟

لەبەرئەوەی هواوی سیستەمی بەكارخستنی ئاندرۆید و چەندین خزمەتگوزاری دیكەی كۆمپانیای گووگڵی ئەمریكی بەكاردێنێت، بەمەش تووشی كێشە بوو، چونكە گووگڵ ناچاربوو ملكەچی بڕیاری حكومەتەكەی خۆی بێت و چیدی سیستەمی ئاندرۆید و خزمەتگوزارییەكانی وەك (Gmail, Youtube, Play Store) پێشكەشی‌ كۆمپانیای هواوی نەكات، بەڵام ئەم بڕیارەی گووگڵ تەنها ئەو مۆبایلانە دەگرێتەوە كە لە ئایندەدا لەلایەن هواوی دەخرێنە بازاڕەوە وەك نەوەی پێنجەمی هواوی، واتە ئەوانەی ئێستا لەبەردەستی بەكارهێنەرانن، ناگرێتەوە و ئەو مۆبایلانە دەتوانن سوود لە گشت خزمەتگوزارییەكانی گووگڵ وەربگرن.

ئایا تەنها ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە كە ترسی هەیە لەوەی چین كۆمپانیای هواوی وەك هۆكارێك دانابێت بۆ سیخوڕیكردن؟

نەخێر، بەڵكو جگە لە ئەمریكا، ئوسترالیا بەهەمان شێوە رێگری لەكۆمپانیاكانی كردووە كە مامەڵە لەگەڵ هواویدا بكەن. هاوكات هەریەك لە نیوزلەندا- ژاپۆن- بریتانیا، رێگریان كردووە لە بەكارهێنانی ئامێرەكانی هواوی لەسیستمی هەندێك تۆڕی پەیوەندی تایبەت كەچەند زانیارییەكی هەستیار لەسەر بەكارهێنەرانیان لەخۆدەگرن یاخود رێگە بەگوێگرتن دەدات لەهەندێك پەیوەندی.

ئایا رێگریكردنەكە لەبەر چەند هۆكارێكی بازرگانی ( مەترسی لە كێبڕكێ) بووە و " سیخوڕیكردن" وەك بیانوویەك بەكارهێنراوە؟

نەخێر، سیخوڕیكردن مەترسییەكی راستەقینەیە. بیركردنەوەیەكی ساویلاكانەیە ئەگەر وا دابنرێت هەندێك لە دەوڵەتە ئابووریە گەورەكانی جیهان وەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بریتانیا و ژاپۆن پیلانگیڕی لەدژی كۆمپانیایەك ئەنجامدەدەن تەنها بۆ دوورخستنەوەی هواوی لە ململانێی بازرگانی. ئەگەر تەنها ئامانجەكەش دوورخستنەوەی هواوی بێت لە ململانێی بازرگانی ئەوا ئەمریكا دەیتوانی گورزێكی گورچك بڕ لەو كۆمپانیایە بدات ( لەبەرئەوە لەچاو ئەو پێشكەوتنە بەرچاوەی هواوی بەدەستیهێناوە بەڵام ئەویش وەك زۆربەی كۆمپانیا چینییەكانی تر بەشێوەیەكی گشتی پشت بە كەرەستەكانی وڵاتانی خۆرئاوا دەبەستێت."

لە 2017 دا دۆناڵد ترەمپ، بڕیارێكی دەركرد بەقەدەغەكردنی مامەڵەكردنی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لەگەڵ كۆمپانیای ZTEی چیینی بەهۆی فێڵكردن و پێشێلكردنی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو وڵاتەدا. بەهۆی ئەوەی ئەو كۆمپانیا چینییەش بەڕێژەی 70% لەمۆبایلەكانیدا پشتی بە پارچە ئەلكترۆنییەكانی كۆمپانیای كوالكۆم-ی چیینی دەبەستێت، تەنها لەماوەی چەند رۆژێكدا لەدوای بڕیارەكەی ترەمپ، بڕی 1 ملیار دۆلار زیانی كرد، ئەكەر پاكانەی سەرۆكی چین-یش نەبووایە بۆ كۆمپانیەكە لەلای ترەمپ و بەڵێنی ZTE كە جارێكی تر لەكارەكانیدا فرت و فێڵ نەكات، هێندەی نەمابوو ئەو كۆمپانیا چینییە مایەپوچبوونی خۆی ڕابگەیەنێت.

مەترسی بەكارهێنانی كۆمپانیای هواوی لەلایەن حكومەتی چین بۆ سیخوڕیكردن راستییە یان نا؟

بەڵی، چین مێژوویەكی دوورو درێژی هەیە لە سیخوڕی ئەلكترۆنی و بردنی زانیارییەكانی، پێشتر تۆمەتبار كراوە بە چوونە ناو سیستمی ئەلكترۆنی دامەزراوە حكومییەكانی ئەمریكاو چەند وڵاتێكی تر. لەماوەی ڕابردووشدا لەلایەن ژمارەیەك لە كۆمپانیای ئاسایشی ژمارەیەی چین بەمەترسیدارتر لە ڕووسیا ئەژمار كراوە لە بواری ئەو هێرشە ئەلكترۆنیانەی لەلایەن حكومەتی وڵاتانەوە سەرپەرشتی دەكرێن.

ئایا حكومەتی ئەمریكا سیخوڕی ناكات؟

یەكێك لەو پرسیارانەیە كە زۆر دەووترێتەوە. وەڵامەكەشی بەشێوەیەكی زۆر سانا " بەڵێ" یە، بەڵام جیاوازییەكەی ئەوەیە:

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی كە ئێدوارد سنودن دزەی پێكردووە، سیخوڕیكردنەكانی ئەمریكا خۆی لە ووشەكانی پەیوەست بەتیرۆردا دەبینێتەوە وەك " پۆستی بۆمرێژكراو، پارێزگاری لەكەسایەتییە گرنگەكان و جەنگی زانیارییەكان.

بۆچی نەوەی پێنجەمی پەیوەندییەكان، سەرچاوەی مەترسی ئەوروپایە لە هواوی؟

نەوەی پێنجەم پەرەپێدانێكی سەرسوڕهێنەر لەبواری پەیوەندییەكاندا پێشكەش دەكات، ئەوەی تەنها خۆی لەخێرایی پەیوەندیكردن بە تۆڕەكانی ئینتەرنێتەوە نابینێتەوە، بەڵكو بەتایبەت بە ئامێرەكانی ئینتەرنێتی كاڵاكان دروستكراوە.

نەوەی پێنجەم بەكاردەهێندرێت بۆ دروستكردنی "شارە زیرەكەكان" بەجۆرێك هەموو شتەكان دەبەسترێنەوە بەئینتەرنێتەوە هەر لە جوولەی ئۆتۆمبێل و هێماكانی هاتوچۆو كامێراكانی چاودێری.

جگە لەوە نەوەی پێنجەم بواری پەیوەندی ڕاستەوخۆی ئامێرەكان پێكەوە دەڕەخسێنێت" بۆ نموونە هێماكانی هاتوچۆ بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی و بەپێی شیكردنەوە خێراكانی خۆی بۆ جووڵەی ئۆتۆمبێلەكان، لەڕێی چەند هەستەوەرێكەوە، كاری خۆیان دەگۆڕن، لەهەمان كاتدا لەپەیوەندیدا دەبێت لەگەڵ هێماكانی هاتوچۆی تردا بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر."

بیرۆكەی نەوەی پێنجەم ئەوەیە ئینتەرنێت لەچوارچێوەكەی خۆی دەردەكات، ئەو كاتەش ئەگەر ئینتەرنێت لە سێرڤەرە دیاریكراوەكاندا نەمێنێت، ئەوە مەترسی زۆرە دزەبكرێتە ناوی و لەهەموو شتومەكەكانی دەوروبەرمان بوونی دەبێت هەر لە ئۆتۆمبێلكەتەوە بگرە تا فڕنی مایكرۆییڤ، هەر بۆیە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەیەوێت هانی هاوپەیمانەكانی بدات هواوی لە كەرەستەكانی نەوەی پێنجەمدا بەكارنەهێنن.

ئەمریكا بۆ ماوەیەك بڕیاری سەپاندنی سزاكانی بەسەر هواویدا رادەگرێت

رۆژی 22ی ئایاری 2019 ئەمریكا بڕیاریدا بۆ ماوەیەكی كاتی سزاكانی سەر  كۆمپانیای هواوی هەڵبگیرێت تاوەكو 19ی ئابی ئەمساڵ واتە بۆ ماوەی 90 رۆژ و، كۆمپانیاكان لەم ماوەیەدا بۆیان هەیە بازرگانی لەگەڵ هواویدا بكەن، ئەمەش بۆ ئەوەیە كۆمپانیا ئەمریكییەكان بتوانن پلانێكی درێژخایەنتر بۆ ئەم كێشەیە بدۆزنەوە.