چەند هەنگاوێک بۆ چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ خوو پێوەگرتنی منداڵ بە دایك و باوكەوە

94 جار خوێندراوەتەوە کات12:01 بەروار26-05-2019
چەند هەنگاوێک بۆ چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ خوو پێوەگرتنی منداڵ بە دایك و باوكەوە
ڕاچڵەكین-

هۆگربوونی منداڵ بە دایک یان باوکەوە لە تەمەنی ۸ مانگی یەوە دەست پێ دەکات (هەندێكجار پێش ئەم تەمەنەش دەردەکەوێت) و تا تەمەنی ۱۸ مانگ بۆ ۲ ساڵی دەخایەنێت، دكتۆر تیشك محمد وەك پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و كۆرپە چەند هەنگاوێك وەك ڕێنمایی بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە بۆ دایكان و باوكان ڕوون دەكاتەوە.

هەنگاوەکانی چارەسەر: 

1- ڕێگەبدە منداڵەکە بەگاگۆڵکێ لە ژورێکەوە بچێت بۆ ژورێکی ترو بەتەنیابێت ( مەچۆ بە دوایا) بۆ ماوەی ۱-۲ خولەک یان خۆت بچۆرە ژورێکی دیكە و 2 خولەک بەجێی بهێڵە و پاشان بانگی بکەو تێی بگەیەنە کە خۆت( دایک) لە کوێیت.

2- منداڵەکەت لەباوەش بگرەو ماچی بکە کاتێک کە بەجێی دەهێڵیت، پێی بڵێ کە بۆ کوێ دەچیت و کەی دەگەڕێیتەوە( بۆ ئەو تەمەنەی کە لێت تێ دەگات).

3- کاتێک دەچیتە دەرەوە، منداڵەکە بەجێ بهێڵەو زوو زوو مەگەڕێرەوە بۆ ئەوەی ماچێکی تری بکەیت ( چونکە وا لە مناڵەکە دەکات هەموو کات بە گریان داوای دایکی بکات).

4-  هەوڵ بدە لای ئەو کەسانە بەجێی بهێڵە کە منداڵەکە پێشتر ئاشنابووە پێیان ( باوک ، نەنک، پوور)، لەگەڵ دەم وچاوە ناسراوەکاندا تا ڕادەیەک دڵەڕاوکێکەی کەمترە.

5- كاتێک ئەو کەسانەی کە منداڵەکە ئاشنابوە پێیان سەردانت دەکەن ، هەوڵ بدە مناڵەکە لەباوەش بگرن و لەگەڵ خۆتداو بەیەکەوە یاری بۆ بکەن ،بەمەش خێزانێکی گەورەتر بۆ منداڵە پێک دێت و هۆگربونەکەی تەنها بەیەک کەسەوە (دایک) کەمتر دەبێتەوە.

6-لەکاتی گونجاودا بەجێی بهێڵە : تێربێت لە شیر ، یان لەخواردن و کەیف خۆش بێت.

7- پێش بەجێهێشتنی مناڵەکە ، هەوڵ بدە سەرقاڵی بکەی بە یاریەک یان چالاکیەکەوە ( منداڵ هەیە تەنها لەگەڵ بوکەڵە شکاوەکەی یان بەتانیە کۆنەکەی کەیف خۆشە).

8- لەکاتی بەجێهێشتنی منداڵەکەتدا هەوڵبدە لەسەرخۆو دڵ خۆش و رووت خۆش بێت و تەنانەت ئەگەر گریانیشت بۆهات پیشانی ئەوی مەیە چونکە کاریگەری لەسەر دەبێت.

9- ئەگەر منداڵەکەت گریا پاش ئەوەی خستتە جێی نوستنەکەی ، ئەوا بچۆرەوە بۆلای و خۆت و منداڵەکەشت دڵنیا بکەرەوە کە هەمووشتێک باشە بەڵام پێویستە ئەم سەرلێدانانە کورت خایەن بێت تا منداڵەکەت فێرببێت کە بتوانێت بە تەنها خەوی لێ بکەوێ.