عەبادی: موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەنێوان 2018 بۆ 2019 بەرێژەی 50% زیادیكردووە

321 جار خوێندراوەتەوە کات10:28 بەروار25-05-2019
عەبادی: موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەنێوان 2018 بۆ 2019 بەرێژەی 50% زیادیكردووە
راچڵەكین-

سەرۆكوەزیرانی پێشووی عیراق دەڵێت، تەنها لەماوەی ساڵێكدا لە نێوان 2018 بۆ 2019 رێژەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەڕێژەی لەسەدا 50 زیادكراوە، بێ ئەوەی هیچ بەهانەیەك هەبێت بۆ ئەو كارە، بۆچی؟ نازانین.

حەیدەر عەبادی، لەچاوپێكەوتنێكدا لە بەرنامەی (دیواری چوارەم)ی كەناڵی عێراقییە ئاماژەی بەوەكرد:" كاتێك لیژنەیەكی تایبەتی لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێم كرد تا لێكۆڵینەوە لە ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەران بكەن و دەركەوت جیاوازیی زۆر لە نێوان ڕێژەی داواكراوی دەسەڵاتدارانی هەرێم و لێكۆڵینەوەكەی ئەواندا هەبووە كە ئەو كات ١٠٠ هەزار فەرمانبەر بوو."

عەبادی دەڵێت:" من مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمم نەبڕیوە، بەڵكو موچەكانم خستەوە چوارچێوەی دروستی خۆی، مووچە نادەم بە حزبەكان، ئەگەر مووچەكان بدەین بە حزبەكان دەچن بەسەر لایەنگرەكانی خۆیاندا دەیبەخشنەوە و هاونیشتیمانیە ئاساییەكان بێبەشدەكەن."

سەرۆكوەزیرانی پێشووی عیراق ئاماژەی  بەوەكرد:" تۆ كاتێك دێیتە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی دیكە مامەڵەی تێدا دەكرێت، هەرێمەكە رادەستی حزبەكان كراوە، تەنانەت حزبەكانیش نا رادەستی چەند گروپێك كراوە كە ئەوان نەوت هەناردە دەكەن، ناشزانیت پارەی نەوت بۆ كوێ دەچێت"

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئەو گروپانە كێن؟ عەبادی ووتی:"ئەوانەن كە كۆنترۆڵی هەرێمیان كردوە، ئاشكرایە و دیارە كێ لە هەرێم دەسەڵاتی هەیە؟ ئێستا كێیە كە نەوتی هەرێم هەناردە دەكات؟ كوا پارەكانی نەوت؟ ئایا دەچێتە سەر بودجەی وڵات؟ دیار نیە، تەنانەت لە بودجەی هەرێمیش دیار نیە."