"هێزێكی حه‌شدی شه‌عبی له‌ نێوان شاره‌كانی سه‌قز و بۆكان جێگیركرا"

54 جار خوێندراوەتەوە کات10:36 بەروار24-05-2019

راچڵەكین


رێكخراوی‌ هه‌نگاو بۆ مافی‌ مرۆڤ‌ رایگه‌یاند،‌ دوای جێگیر بوونی گرووپێكی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی عیراق له‌ شاری شنۆی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان، گرووپێكی دیكه‌ی ئه‌و هێزه‌ عیراقیه‌ی نزیك له‌ ئێران له‌ نێوان شاره‌كانی سه‌قز و بۆكان جێگیربوون.


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژەی بەوەكردووە،، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی نهێنی لە نێوان شارەکانی سەقز و بۆکان جێگیر بوون.

فەرماندەیەکی سەربازی لە سەقز وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە رێكخراوەكە ڕاگەیاندووە کە ئەو هێزانە بە شێوەیەکی تەواو نهێنی لە کەمپی ناسراو بە ”کەمپی دیلە عێراقییەکان“ لە نێوان گوندەکانی ”سەرچاوە  و سەرا“ کە لە سەر جاددەی سەقز بۆ بۆکان هەڵکەوتووە، جێگیر بوون.

ئەوەشیخستووەتەڕوو، ڕێژەی چەکدارەکانی حەشدی زیاتر لە ١٠٠ کەس بونە و هەموو جۆرە چەکێكیان پێیە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە، ناوەندە ئەمنییەکان هاوکات ئەندامانی لایەنە توندئاژۆ ئیسلامییەکانی شاری سەقزیان چەکدار کردووە هەتا لە ئەگەری هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک لەو کەسانە وەکوو ئامارازی سەرکوت و بە مەبەستی ترساندنی خەڵک کەڵکیان لێ وەربگرن.

هەنگاو پێشتر هەواڵی جێگیر بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شاری شنۆ بڵاو کردبووە. هەروەها هێندیک زانیاریش لە سەر جێگیربوونی ئەو هێزانە لە سنوورەکانی مەریوان و کرماشان بڵاو بووەتەوە کە هەتا ئێستا بۆ هەنگاو پشتڕاست نەبووەتەوە.