فراکسیۆنی یەکێتی چارەسەری کێشەکانی گوندی پەڵکانە دەکات

77 جار خوێندراوەتەوە کات06:13 بەروار15-05-2019
فراکسیۆنی یەکێتی چارەسەری کێشەکانی گوندی پەڵکانە دەکات
 
راچڵەكین

 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 15 ی ئایاری 2019 وەفدێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران سەردانی ناوچەی سەرگەڕانی سەر بە کەرکوکیان کرد کە بەھۆی ھاتنی ژمارەیەک خێزانی عەرەب بۆ ناوچەکە ناکۆکی ھاتووەتە ئاراوەو هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو ناوچەیە دەدرێت.
 
 
رێبوار تەها ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، بۆ پاش ئەوەی دوێنێ پێشێلکارییەکانی گوندی پەڵکانەی سەر بەناحیەی سەرگەڕان ـ مان ڕاگرت ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتینە ناحیەی سەرگەڕان و لەگەڵ بەڕێوەبەری ناحیە و کۆمەڵێک لەکەسایەتی ونوێنەرانی گوندی پەڵکانە کۆبووینەوە و جەختمان لە سەر جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە کردەوە لەپێناو چارەسەر بۆ کێشەی زەوی و زارەکان:
 
۱. جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2012 لە وەزارەتی داد.
۲. جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، کە بەپێی رێنماییەکانی ماددەی 140 دەرکراوە.
۳. هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە، کە پەیوەندیدارە بە تەملیککردنی زەوی و زاری کشتوکاڵ لە کەرکوک.
٤. جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 117
 
باسی لەوەشكردووە، بە پێچەوانەوە چارەسەرنەکردنی ئەو کێشەیە ئەگەری دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی زیاتری نێوان پێکهاتەکانی لێدەکەوێتەوە و حکومەتی ئیتیحادیش بەرپرسیاری یەکەمی هەر ڕووداوێکە کە ڕووبدات.
 
ئەوەش دوای ئەوەدێت، ژمارەیەک لە خێزانە عەرەبە ھاوردەکان دەیانەوێت بچنە گوندی پەڵکانەی سەر بە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە کەرکوک، ئەوەش گرژی و ئالۆزیی لەنێوان دانیشتووانی گوندەکە و ئەو خێزانە عەرەبانەدا ھێناوەتە ئاراوە.