دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

291 جار خوێندراوەتەوە کات02:23 بەروار15-05-2019
دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە
راچڵەكین-

دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە چوارچێوەی رێكخستنەوە و بچوككردنەوەی هەیكەلیەتی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بڕیاردراوە بە ئەنجامدانی ژمارەیەك گۆڕانكاری و رێكخستنەوەی میلاكات لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم.

بەپێی نووسراوێكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم كە واژۆی "نێچیرڤان ئەحمەد عەبدوڵا"ی سەرۆكی دیوانی لەسەرە، ژمارەیەك فەرمانبەر كە زۆرینەیان لە پشكی یەكێتین و لە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم دەوام دەكەن، بەبێ ئاگاداری خۆیان ڕاژەكەیان گواستراوەتەوە بۆ چەند وەزارەتێكی دیكەو هەندێكیشان خانەنشین دەكرێن.

لەوبارەیەوە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەڕوونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئایاری 2019 بڵاویكردووەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە:" لە چوارچێوەی رێكخستنەوە و بچوككردنەوەی هەیكەلیەتی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بڕیاردراوە بە ئەنجامدانی ژمارەیەك گۆڕانكاری و رێكخستنەوەی میلاكات، لەسەر ئەم بنەمایەش ژمارەیەك لە فەرمانبەرەكان كە میلاكیان زیادەیە راژەكانیان گواستراونەتەوە بۆ وەزارەكان، بۆ ئەوەی بتوانرێت سود لە تواناكانیان وەربگیرێت لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان."

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە: "گشت لایەك دڵنیادەكەینەوە كە پرۆسەكە تەنیا رێكارێكی كارگێڕییەوە و هیچ پەیوەندییەكی بە لایەنی سیاسییەوە نییە، خەڵكی بێلایەن و ئەندامانی پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لایەنەكانی تری تێدایە".