ژیان لە كۆریای باكوور

4083 جار خوێندراوەتەوە کات01:18 بەروار15-05-2019
ژیان لە كۆریای باكوور
راچڵەكین-

كۆریای باكوور، وڵاتێكی سەیر و سەمەرە، وڵاتێك كە دەبێت هەموو شت بە مەیلی سەرۆك بێت، وڵاتێك كە سەرەڕای هەموو قەیرانەكان خۆیان بە بەختەوەر دەزانن. 

حكومەتی كۆریای باكوور رۆژی ٩ی ئەیلولی ١٩٤٨ لەژێر دروشمی گەلی بەھێز و نایاب دامەزرا.

كۆریای باكور، وڵاتی بێ دین:

كۆریای باكور لەگەڵ چین و روسیا ھاوسنوورە، كۆی دانیشتوانی ئەو وڵاتە ٢٤ ملیۆن كەسە، ٦٠% دانیشتوانی ئەو وڵاتە پابەندی ھیچ ئایین و دینێك نیین ، نزیكەی ٥% پابەندی ئایینی بوزین، ٣٥% كەش پابەندو شوێنكەوتووی چەندین ئایینی كۆنی كۆریین.

بیرۆكەی سەربەخۆیی لەلایەن كیم ئیل سۆنگ كە یەكەمین سەرۆككۆماری ئەو وڵاتەیە دامەزراوە.

كۆریای باكور تا جەنگی جیھانی دووەم لەژێر ركێڤ و دەستی ژاپۆندا بوو، بەڵام دوای شكستھێنانی ژاپۆن كۆریای باكور كەوتەژێر سایەی سۆڤییەتی پێشوو و كۆریای باشووریش كەوتەژێر دەستی ئەمریكا.

كۆریای باكوور، وڵاتی پشتگوێخراو:

دوای ئەوەی كە سۆڤییەتی پێشوو ھەرەسی ھێنا، كۆریای باكوور زیاتر كەوتە پەراوێزەوە، یاسا سەیروسەمەرەكانی كۆریای باكور چ لەناوەوەو چ لەدەرەوە وایكردووە كە ھەمیشە دەرگاكان بەرەو گەشتیاران و رۆژنامەنووسان و خەڵكانی ئاسایی وڵاتانی تر داخراو یان نیوە كراوە بێت و لەوبارەیەوە ھەندێك راپۆرتی سەیروسەمەرە بڵاوبووەنەتەوە كە لەگەڵ عەقڵی زۆربەی میدیاكانی جیھاندا ناگونجێت. ھەواڵ و راپۆرتەكانی پەیوەندیدار بەبارودۆخی ئەو وڵاتە تائێستا نەپشتڕاست كراوەتەوەو نە              بەدرۆخراونەتەوە.

كەس بۆی نییە باسی بنەماڵەی سەرۆك بكات

كیم جۆنگ ئۆن سەرۆكی ئێستای كۆریا لەساڵی ٢٠١٢ـەوە پاشئەوەی كە باوكی كۆچی دوایی كرد بووەتە سەرۆك. لەبارەی ژیانی منداڵی ئەو زانیارییەكی ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە، لەبنەڕەتدا باسكردن لەسەر بنەماڵەكەیان بەتاوان لەقەڵەمدەدرێت و كەس بۆی نییە باسیان بكات.

كەس نازانێت سەرۆكە گەنجەكەی كۆریا كەی لەدایكبووە، بەڵام رۆژی ٨ی كانوونی دووەم وەك رۆژی لەدایكبوونی سەرۆك پشووی رەسمییە. ھێشتا رووننەبوەتەوە كە سەرۆكە گەنجەكەی كۆریای باكور ساڵی ١٩٨٣ لەدایكبووە یان لەساڵی ١٩٨٤. بەڵام دایكی دەڵێت: ھەر لەمنداڵییەوە بەئەستێرەی رۆژ بانگم كردووە. گەلی كۆریا تا دوو سێ ساڵ بەرلەمردنی كیم جۆنگ ئیل نەیاندەزانی كە سەرۆك كوڕی ھەیە. سەرۆكە گەنجەكەی كۆریای باكور سێیەمین كوڕی كیم جۆنگ ئیل و تا ساڵی ١٩٩٨ بەناوێكی خوازراوەوە لەوڵاتی سویسرا خوێندوویەتی.

لاسایی باوكی دەكاتەوە

زۆربەی شرۆڤەكارانی سیاسی پێیانوایە سەرۆكە گەنجەكە بەشێوەی باوكی مۆدێلی قژی چاك دەكات بۆئەوەی لەباوكی بچێت و بتوانێت لەكەسایەتی كارێزمایی باوكی سوودمەند بێت.

گەلی كۆریا، بەسەر سێ چیندا دابەشكراوە

ژیانی خەڵكی ئاسایی لەكۆریای باكور لەژیانی سەركردەكانیان جیا نییە، ھەموو شتەكان تێكەڵ بەئایدیۆلۆژی و سیاسەت كراوە. خەڵكی كۆریای باكور بەسەر سێ چیندا دابەشكراون. چینی وەفادار، ئەم چینە سەر بەڕژێمی كیم جۆنگ ئیلن و ھەر بەم ھۆیەشەوە زۆرترین ئیمتیازو ئیمكاناتیان لەبەردەستدایە. زۆربەی پۆستە گرنگەگان لەبەردەستی ئەم چینەدایە كە خزمەت بەسیستمی بنەماڵە دەكەن. چینی وەفادار لەھەموو زەمینەكانی خزمەتگوزاری وەك كار، خوێندن، تەندروستی و خۆراك لەئەولەوییەتدان.

چینی دوودڵ و ڕاڕا، ئەم چینە قسەیان لەسەرە لەوەی كە وەفادار رژێم نین، وەفاداری ئەوان بۆ رژێم جێی گومانەو حكومەت دەبێت بەردەوام لەبواری ئایدیۆلۆژی تایبەتی خۆی مەشق و راھێنان و خولیان بۆ بكاتەوە.

چینی نەیار، حكومەت ئەم چینە بەنەیارو دوژمنی خۆی دەزانێت، حكومەت بەچاوی دوژمن سەیریان دەكات و لەئیمكاناتی خوێندن، كار، تەندروستی، خۆراك، دەرمان و لەھەموو بوارەكاندا ستەم و غەدریان لێدەكرێت. ھەر چینێك دەبێت لەگەڵ چینی خۆی ھاوسەرگیری بكات، چینی وەفادار بۆی نییە لەگەڵ چینی دوودڵ و راڕا یان لەگەڵ چینی نەیار ھاوسەرگیری بكات.

ھاتنی كامێرا بۆ كۆریای باكوور قەدەغەیە

لەسەرەتای دامەزراندنی حكومەتی كۆریای باكوور كە زیاتر لە ٦ دەیە دەگوزرێت لەبارەی بارودۆخی ئەو وڵاتەوەو ھەروەھا ژیان و گوزەرانی گەلی كۆریای وێنەیەكی ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە. ھاتنی كامێرا بۆ كۆریای باكوور قەدەغەیە، خەڵكی بیانی بۆی نییە سەردانی ئەو وڵاتە بكات. چەند وێنەیەكی ئێستا لەبەردەستدایە دوای ئەوە دێت كە سەرۆكە گەنجەكە دوای مردنی باوكی لەسەر كورسی دەسەڵات دانیشت. پەی بردن بەڕاستییەكانی ژیان لەكۆریای باكوور زۆر سەختە، چونكە ھەمیشە لەمپەرو كۆسپ ھەیە بۆ ناردنی چاودێری نێودەوڵەتی بۆئەوەی ئاگاداری راستییەكانی ئەو وڵات بین. ئەگەر كەسێك بیانی یان وێنەگرێك بەھەر بیانوویەك سەردانی ئەو وڵاتە بكات ئەوە دەبێت پۆلیسی لەگەڵدا بێت. كۆریای باكوور ھەوڵنادات كە لەجیھاندا ناسراو بێت. وێنەگەلێكی كەم لەسەر ئەو وڵاتە لەئارادایەو ئەمەش نیشانەی داخراوی ئەو وڵاتەیە.

كۆریای باكوور وڵاتی بێ كارەبا

ژیان لەكۆریای باكور یاساو رێسای تایبەت بەخۆی ھەیە. شەوان لەو وڵاتە بۆئەوەی كارەباو وزەی زۆر سەرف نەكرێت تاریكی و خامۆشی باڵ بەسەر شارەكاندا دەكێشێت. لەو وڵاتەدا كارەبا ئێستاش كاڵایەكی نایابەو كەم دەستدەكەوێت. پیونگ یانگ-ی پایتەخت زۆربەی شەوان لەبەر بێ كارەبایی لەتاریكیدایە. بۆئەوەی دەست بەكارەباوە بگرن كاتژمێر ١١ كارەبا دەكوژێننەوەو رۆژانیش بۆ ماوەی ١٥ خولەك كارەبای ئاسانسۆر (مەسعەد) دەكوژێننەوە.

وڵاتی چەكی كیمیایی

بەپێی ئامارەكان سوپای كۆریای باكور یەك ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار كەسە، ساڵانە بڕی ٦ ملیار دۆلار پارەو بودجەیان بۆ دابیندەكرێت. ژنانیش دەتوانن بەشێك لەسوپای ئەو وڵاتە بن. لەئاستی نێودەوڵەتیدا كۆریای باكور سێیەمین وڵاتە بۆ چەكی كیمیایی و گەورەترین بنكەی چەكی كیمیایی ھەیە. خزمەتی سەربازی لەو وڵاتە زۆرەملێیە، كاتەكەی دیار نییە ھەتا حكومەت پێویستی پێی بێت دەبێت سەرباز بێت، جاری واھەیە سەربازێك بۆماوەی ١٠ ساڵ سەربازە.

ھاوسەرگیری بەدەست دەزگای ھەواڵگرییەوەیە

دایكان و باوكان یان باشتر بڵێم خانەوادە ھیچ رۆڵێكی نییە لەپرۆسەی ھاوسەرگیریدا، بەڵكو ئەوە دەزگای ھەواڵگری و ئاسایشە دەبێت لەوبارەیەوە بڕیاربدات. كچ و كوڕ بۆئەوەی بتوانن بچنە ناو ژیانی ھاوبەشییەوە دەبێت بەجیا راپۆرتێكی تێروتەسەل لەبارەی چۆنێتی ناسیاویان و خۆشەویستی و رادەی لەیەكتر تێگەیشتنیان بۆ دەزگای ھەواڵگری و ئاسایش بنێرن و پاش تاووتوێكردن و چاوپێكەوتن لەگەڵ ھەموو خزم و كەسی كوڕەو كچە ئەوكات دەزگای ھەواڵگری و ئاسایش بڕیاردەدات كە ئەوان ھاوسەرگیری بكەن یان نا. ئاھەنگی ھاوسەری دەبێت لەتەنیشت گۆڕەكەی كیم ئیل سۆنگ بەڕێوەبچێت.

سەرۆك باوكی ھەمووانە

ھەموو منداڵانی كۆریای باكور كیم جۆنگ ئۆن بە بابە بانگ دەكات و ئەو بەسەرچاوەی دەسەڵاتی رەھای جیھان دەزانن. ئەوان وڵاتی خۆیان بە بەھەشتی سەر زەوی لەقەڵەمدەدەن. ھەر لەمنداڵییەوە منداڵەكان وا رادەھێنن كە نەفرەت لەڕۆژئاواو وڵاتانی رۆژئاوا بكەن. منداڵەكان وا گۆشدەكرێن كە تەنھا رێگا بۆ كۆمەككردن بەوڵات و كیم جۆنگ ئۆن ئەوەیە كە منداڵەكان بخوێنن و مەشق و راھێنانی سەربازی بەمەبەستی بەرگریكردن لەوڵات فێربن.

كۆریای باكور وڵاتی دروشم

كشتوكاڵ لەكۆریای باكور گرنگییەكی تایبەتی پێدەدرێت و زۆربەی كارەكانی بەشی كشتوكاڵ بەمنداڵانی قوتابخانە ئەنجامدەدرێت. زەویو زاری كشتوكاڵی ھاوبەشی و ئیشتراكییەو جوتیاران دەبێت وەك سەرباز لەكێلگەو زەوییەكانی خۆیان كاربكەن. كشتوكاڵی ئەو وڵاتە سوودی لەتەكنۆلۆژیای نوێ نەبینیوەو ئێستاش بەشێوەی نەریتی و نامۆدێرن دەكرێت. ریكلام و وتارەكان لەڕێگەی بڵندگۆوە لەدەوروپشتی كێلگەكان پەخشدەكرێت. خوێندكاران دەبێت ئاڵای شۆڕو چەپكەگوڵیان بەدەستەوە بێت و ھەوڵی بەرزكردنەوەی ورەی جوتیاران بدەن. لەسەر دارو دیواری شارو دێھاتەكان كۆمەڵێك دروشم لەبارەی وەفاداری بەوڵات و پشتگوێخستنی جیھان دەبیندرێت.

كەس بۆی نییە شوێنی ژیانی بگۆڕێت

ھەر ھاووڵاتێكی كۆریای باكور لەبەرامبەر پاراستنی ماڵ و سامانی خۆی بەرپرسە. پێش ھاتنی وەزری سەرما دەبێت سەربانی ماڵەكەی بۆ رێگریكردن لەبەفرو باران تەعمیر بكات. لەگوندەكان ئیمكاناتێكی ئەوتۆ بۆ ژیان نییە. ھەركەس لەھەر كوێیەك دەژیت دەبێت ھەتا رۆژی مردن ئەوشارە یان ئەو دێیە یان ئەو گەڕەكە بەجێنەھێڵێت و مافی ئەوەی نییە شوێنی خۆی بگۆڕێت. ئەگەر ویستیان سەفەر بكەن یان لەشارو گوندی خۆیان بچنە دەرەوە دەبێت دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت ئاگاداربكەنەوە، ئەگەر كەسێك سەرپێچی لەو بڕیارە بكات بەتوندترین شێوە سزادەدرێت.

وڵاتی بێ فیلم

ئەوەی لەتەلەفزیۆن بڵاودەبێتەوە ھەمووی باسی حكومەت و رژێمەكەی كیم و كوڕەكەیەتی. تائێستا گەلی كۆریا ھیچ فیلمێكی بیانیان لەتەلەفزیۆنی نیشتمانی یان لەسینەماكان سەیر نەكردووە.

میترۆی پیونگ یانگ

ئەو میترۆیە یەكێك لەقوڵترین میترۆكانی جیھانە كە ١٠٠ مەتر لەژێر زەویدایەو لەدەیەی ١٩٧٠ بەیارمەتی چین و سۆڤییەتی پێشوو دروستكراوە. ئەو میترۆیە وەك پەناگەو شوێنكی ئەمن لەبەرامبەر بۆمبدا بۆ ھاووڵاتیانی كۆریای باكور دروستكراوە كە ھەركاتێك ھێرشیان كرایەسەر دەتوانن وەك حەشارگەیەك سوودی لێوەربگرن.

وەرزش و ڕۆڵی لەڕێكخستنی جەماوەری

بەرپرسانی حكومی لەو وڵاتە ھانی خەڵك دەدەن بۆئەوەی رووبكەنە وەرزش، پێیانوایە وەرزش دەتوانێت لەڕێكخستنی جەماوەری خەڵك كاریگەری ھەبێت.

بەكارھێنانی ئۆتۆمبێل لەو وڵاتە تەنھا بۆ بەرپرسانی حكومی و سەربازییە. خەڵك دەبێت لەكەرەستە گشتییەكانی وەك پاس و تاكسی سوود وەربگرن. كەس بۆی نییە بەئۆتۆمبێلی شەخسی خۆی بچێت بۆسەر كار. زۆربەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پاسكیل بەكاردەھێنن. كەرتی پێشەسازی ئۆتۆمبێل كە وەك بەشێك لەئابووری ئەو وڵاتە دێتە ئەژمار بەدەست سوپای ئەو وڵاتەوەیە.

دیوارى كارەبایی

دیوارێكی ٢٤١٤ كیلۆمەتری كە ھەڵگری كارەبایە لەسەر سنوورەكان راكێشاوە بۆئەوەی رێگری بكات لەڕۆیشتنی ھاووڵاتی كۆریای باكور بۆ دەرەوەی وڵات. خەڵكی ئاسایی ناتوانن لەسنوورەكان بەتایبەتی سنووری ھاوبەش لەگەڵ كۆریای باشور نزیكببنەوە، چونكە بەچڕوپڕ لەژێر دەسەڵاتی سوپاو ھێزە ئەمنییەكاندایە. ھەڵبەت تا رادەیەك خەڵك دەتوانن لەسنوورە ھاوبەشەكان لەگەڵ وڵاتی چین نزیكببنەوە.

زۆربەی دانیشتوانی كۆریای باكور حەزدەكەن سیمكارتی چینی بەكاربھێنن، بەڵام حكومەت رێگری دەكات و ھەركەسێك بەكاریبھێنێت سزای دەدات. حكومەت بۆئەوەی لەسنوورەكان خەڵك سیمكارتی بیانی بەكارنەھێنێت رێوشوێنێكی توندی ئەمنی گرتۆتەبەر.

 ھەموو دەبێت وێنەی سەرۆك ھەڵواسن

بەپێی یاسا حكومەت دەتوانێت ھەموو لایەنەكانی ژیانی خەڵك بخاتەژێر كۆنترۆڵی خۆی و تائێستا درێغی نەكردووە. بەپێی یاسا دەبێت ھەموو دانیشتوانی ئەو وڵاتە لەماڵەكانیان وێنەی سەرۆك ھەڵواسن، جگە لەوێنەی سەرۆك بەڵكو دەبێت وێنەی ھەندێك لەئەفسەرە پلە بەرزەكانی وڵات ھەڵواسن.

قەیرانی خۆراك

كۆریای باكور ماوەی دوو دەیەیە كە توشی قەیرانی خۆراك بوەتەوەو بەرپرسان بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانە سیستمی كۆپن–یان داناوە. داھاتی مانگانەی خەڵك زۆر كەمە، بەئەندازەیەك كە ناتوانن پێداویستیە سەرەتاییەكانی پێ دابینبكەن. ھەژاری و نەداری باڵی بەسەر زۆربەی خانەوادەكانی كۆریادا گرتووە. كۆریای باكوور پێیوایە یارمەتییە مرۆییەكان لەبواری خۆراك كە وڵاتانی بیانی دەینێرن كاریگەی خراپی لەسەر زەین و مێشك و روانینی خەڵك دادەنێت و دەبێتە ھۆی گەندەڵی فەرھەنگی، ھەربۆیە رێگری دەكەن لەوەرگرتنی كۆمەكە مرۆییە نێودەوڵەتییەكان. تائێستا رێكخراوی خۆراكی نێودەوڵەتی چەندینجار لەوبارەیەوە ھۆشداری داوە.

كۆریای باكور بەتەواوی لەگەمارۆدایە، ئەوان ھیچ پەیوەندییەكی ئەوتۆیان لەگەڵ دەرەوەی وڵات نییە لەساڵی ٢٠١٢ـەوە تائێستا ٥ ھەزار گەشتیار توانیویەتی مۆڵەتی چوون بۆ ئەو وڵاتە وەربگرێت. ئەویش لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانەوە یاوەری دەكرێن.

بەكارھێنانی ئینتەرنێت تاوانە

لەو وڵاتە ھیچ كەس بۆی نییە ئینتەرنێتی جیھانی بەكاربھێنێت، ھەركەسێ سەرپێچی بكات لەسێدارەدەدرێت، تەنھا بۆیان ھەیە لەو ئینتەرنێتەی كە حكومەت بۆی داناوە بەشێوەی ناوخۆیی بەكاربھێنن. ھەموو سایت و ماڵپەڕە ناوخۆییەكان بەتوندترین شێوە كۆنترۆڵ و چاودێری دەكرێت. ئەركی ھەموو لایەكە كە لەئینتەرنێت قسەكانی سەرۆك بڵاوبكەنەوە. ھەڵبەت لەبارەی خۆراك و چێشت و شێوازەكانی خواردن دەتوانن بابەت بڵاوبكەنەوە.لەھەر ١٢ كەس لەكۆریای باكور تەنھا كەسێك موبایلی پێیە. 

سەرۆك نەمردووە، بووە بە خۆر

رۆژی ١٥ی نیسان رۆژی لەدایكبوونی كیم ئیل سۆنگە، ئەو رۆژەیان ناوناوە رۆژی خۆر. سەركردەو گەلی كۆریای باكور بڕوایانوایە كە كیم نەمردووە بەڵكو بۆ لای خۆر رۆیشتووەو ھەموو رۆژێ جیھان روناك و گەرمدەكات.

خەڵكی كۆریا زیاتر بەرھەمی ناوخۆی خۆیان بەكاردەھێنن و مەیلیان بۆ لای ھەواڵ و رووداوە جیھانییەكان نییە.

خۆیان بە بەختەوەر دەزانن

ھەرچەند زۆر سنووردارن بەڵام لەژیانی خۆیان ڕازین و پێیانوایە بەختەوەرترین مرۆڤی سەر زەوین.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان