میرانی: پارتی و یەكێتی رێككەوتنێكی نوێ واژۆ دەكەن

150 جار خوێندراوەتەوە کات01:32 بەروار15-04-2019
میرانی: پارتی و یەكێتی رێككەوتنێكی نوێ واژۆ دەكەن
راچڵەكین-

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت، پارتی و یەكێتی رێككەوتنێكی نوێ واژۆ دەكەن. ئاماژە بەوەشدەكات:" رێككەوتن لەسەر پرسی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان نزیكە."

فازڵ میرانی، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیای حزبەكەی رایگەیاند:" بەمزووانە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە نێوان لایەنەكان یەكلایی دەبێتەوە."

میرانی، ووتی:" "لەگەڵ گۆڕان دانوستاندن و گفتوگۆمان لە بارەی بوونی جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و دەبێ یەكتر رازی بكەین و بەرژەوەندییە حزبییەكان بخەینە دوای بەرژەوەندی میللەتەكەمان."

ئاماژەی بەوەشدا: "لەگەڵ گۆڕان رێككەوتنەكەمان تەواو كردووە و بەمنزیكانە لەگەڵ یەكێتیش تەواوی دەكەین."

جەختیكردەوە: "ئەگەر لەگەڵ یەكێتی رێككەوتن واژۆ نەكەین، ئەدی چۆن ھەنگاوی دیكە بھاوێژین".

18ی شوباتی 2019 بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان، رێككەوتنی نێوانیان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و چوار ساڵی داهاتوی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان ئیمزاكرد.

رۆژی (4/3/2019) یەكێتی و پارتی بە فەرمیی رێككەوتنێكی سیاسی نوێیان لەنێوان خۆیاندا واژۆ كرد.

3ی ئەم مانگەش، دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان كۆسرەت ڕەسول عەلی- جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و مەسعود بارزانی- سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستەكانی كابینەی نوێ راگەیەندرا، هەمان رۆژ فراكسیۆنی یەكێتی بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی كرد بۆ خوێندنەوەی دوەمی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم.

ماوەی ١٩٧ ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام تائێستا لایەنەكان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتنی كۆتایی و حكومەتی هەرێم پێكنەهێنراوە.