رۆژئاوای كوردستان‌و ئایندەی سیناریۆكان لەسوریا

44 جار خوێندراوەتەوە کات04:35 بەروار13-04-2019
رۆژئاوای كوردستان‌و ئایندەی سیناریۆكان لەسوریا

هیوا سەید سەلیم

قەیرانی سوریا یان ئەوەی پێی دەوترێت شۆڕشی سوریا،  پێی ناوەتە نۆ ساڵەی تەمەنی خۆی، سوریا بە بەراورد بە وڵاتانی تری عەرەبی كە ڕووبەرووی ئەو شۆڕش و سەڕهەڵدانە بوونەتەوە تاكە دەسەڵاتە كە تەمەنی مانەوەی رژێمەكەی هێندە درێژە بكێشێت، كە ئەمەشیان بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە  كە سوریەكان لەگەڵ مانەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی ئەو وڵاتەن،  یان ئەو رژێمە هێندە بەهێزە و لەبەردەم بارودۆخەكە خۆی ڕاگرتووە، بگرە قەیرانی سوریا زیاتر لە یاریزانێكی دەولی و ئیقلیمی یاری تیادەكەن،  هەربۆیەشە قەیرانەكە رۆژ بە رۆژ درێژە دەكێشێتو تا ئێستا بەلایەكدا نەكوتووە،  لە ئێستاشدا شارەزایان بۆ ئایندەی سوریا باس لە زیاتر لە سیناریۆیەك دەكەن .
 
رۆژئاوای كوردستان لەنێو ئەو هەموو قەیرانە ئاڵۆزانەی سوریا دایە، ئەگەر داگیركاری عەفرین نەبووایە كە ئەویش زادەی دەستوەردانی ئیقلیمی و بەرژەوەندیە دەولیە زلهێزەكانی ناوچەكە بوو،  لە ئێستادا كورد لە سوریا براوەی یەكەم هەژمار دەكرا،  وە خاوەنی تەواوی خاكی رزگاركراوی خۆی دەبوو لە رۆژئاوای كوردستان.
  
بۆیە لە ئێستادا ئایندەی رۆژئاوای كوردستان بەستراوەتەوە بە ئایندەی سوریا، چونكە زۆربەی كاركتەرە دەولی و ئیقلیمیەكان نەك لەگەڵ جیابوونەوەی رۆژئاوای كوردستان نین لە سوریا بگرە لە دژیشی وەستاونەتەوە،  نموونەش بەرەی (روسیا – توركیا – ئێران)
 
بۆیە مەبەستمانە باس لەو سیناریۆیانە بكەین كە لە ئایندەدا نەخشەی سیاسی سوریا دیاری دەكەن،  ئینجا تێدەگەین ئایندەی كورد لەو پارچەیە بە كوێ دەگات.

سیناریۆی یەكەم :
یەكلابوونەوەی دۆخی سوریا بە رێگاچارەی سەربازی لە لایەن رژێمی ئێستای سوریا،  كە ئەم سیناریۆیە  لە لایەن هەریەك لە روسیا و ئێران پشتیوانی لێدەكرێت، ئەمەیان رووبەڕوی دوو گرفتی گەورە دەبێتەوە، لە هەریەك لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كوردی لە رۆژهەڵاتی فورات كە لە لایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە دەپارێزرێن، هەروەها لە ناوچەی ئیدلب و دەوروبەری كە لە ژێر دەستی میلیشیاكانی سەر بە توركیا دان، چونكە شەڕی ئەو دوو ناوچایە شەڕی سوری – سوری نابێت،  بەهۆی بوونی كاراكتەری ترلەو ناوچانە.

سیناریۆی دووەم:
باس لە بەردەوامی شەڕی درێژ خایەن لەناوچەكە دەكات،   ئەمەشیان وادەكات لایەنەكانی ناو  ململانێی سوری لە شەڕی زیادكردنی نفوزی خۆیان بەردەوام بن، ئەمەشیان لەبەردەم هەڕەشەی گواستنەوە شەری بەوەكالەت بۆ شەڕی ڕاستەقینەی دەولەتە زلهێزەكان و دەوڵەتانی تری ناوچەكە دەبێت، كە تا ئێستا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە هاوبەشەكانیان لە سوریا خۆیان لەو شەڕە بەدوور گرتووە وە بیریان لەو شەڕە نەكردۆتەوە.

سیناریۆی سێیەم:
باس لە سەركەوتنی هەوڵە دبلۆماسیەكان و كۆتایهێنان بە قەیرانی سوریا لە رێگای دانوستان دەكات، ئەم سیناریۆیە ساڵانێكی زۆرە كاری لەسەر دەكرێت،  دانیشتنەكانی (جنێف) لەژێر چەتری نەتەوەیەكگرتتوەكان و (ئەستانە و سوچی) لەژێر چاودێری هەریەك لە (روسیا و ئێران و توركیا) نەبوونەتە هۆكاری بەدەستهێنانی سەركەوتنی ئەو سیناریۆیە، خاڵی ناكۆكی ئەو دانیشتنانەش كە رێگر بووە لە سەركەوتنی هەوڵە دبلۆماسیەكان،  رێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر ئایندەی رژێمی بەشار ئەسەد لە پرۆسەی سیاسی سوریا، كە لەو بارەیە تێڕوانینی جیاواز هەیە.

ئەوەی لە ئێستادا وەك دەرچەیەك بۆ قەیرانی سوریا باسی لێوە دەكرێت،  ئەم سیاریۆیانەی سەرەوەن، بە یەكلابوونەوەی شەڕ لەگەڵ رێكخراوی داعش لە سوریا و عێراق دەبێت یەكێك لەو سیاریۆیانە پڕاكتیزە بكرێن،  وە ئایندەی سوریا لە قەیرانەوە بەرە چارەسەر ببردرێت.

ئەوەی كە مەبەستمانە بزانین ئایندەی رۆژئاوای كوردستان لەبەردەم ئەو سیناریۆیانە بە كوێ دەگات؟ ئایا كورد لە رۆژئاوی كوردستان ئامادەیە بۆ هەر ئەگەرێك كە لە چوارچێوەی ئەو سیناریۆیانە ڕووبەڕووی دەێتەوە؟
 
بۆ وەڵام دانەوەی  ئەو پرسیارانە دەبێت هەر یەك لەو سیناریۆیانە بە جیا وەرگرین و شیكاریان بۆ بكەین، وە دیوە ئەرێنی و نەرێنیەكانیان بۆ كورد بخەینە بەرباس و لێكۆڵینەوە.
 
ئەگەر قسە لەسەر سیناریۆی یەكەم بكەین،  كە لە ئێستادا لەو ناوچانەی ئۆپزسیۆنی سوری و داعشی لێیە،  زۆرتر ئەگەری جێبەجێكردنی هەیە، چونكە رۆژئاوای كوردستان بۆ هێزەكانی رژێمی ئەسەد ئەو پارەو ئاسانە نابێت،  ئەوەیش لەبەر دوو هۆكار،  یەكەمیان: ئەو ناوچەیە جێگای نفووزی ئەمریكی و ئەورپیە و هێزەكانی ئەمەریكا و فەڕەنسای لێیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چوونە ناو پڕۆسەی دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی ئەسەد لە لایەن ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان  لە مەترسی ئەو سیناریۆیە بۆسەر رۆژئاوای كوردستان كەم دەكاتەوە، وەئەگەر ئەو هەنگاوە ئۆكەی و پشتیوانی ئەمریكی لەگەڵ بێت زۆر باشتر دەبێت، دووەمیشیان: ئەگەر هێزەكانی ئەسەد بیەوێت بچێتە ناوچەكانی ژێر دەسەلاتی ئۆپۆزسیۆن دەبێت لە پاڵ ئەو هێزانە شەڕی توركیاش بكات.

بۆ سیناریۆی دووەم دەبێت رۆژئاوای كوردستان بە پلەی یەكەم  پشت بە هاوپەیمانەكانی ببەستێت بە تایبەت ئەمەریكا و فەڕەنسا كە لە ئێستادا بنكەی سەربازیان لەو ناوچەیەیە، تاكە زامنیش بۆ رۆژئاوا پڕاكتیزەكردنی هەوڵەكانی پێكهێنانی ناوچەی ئارامە لەو ناوچەیە و دوور لە دەستوەردانی توركیا.

سیناریۆی سێیەم كە رێگاچارەی دبلۆماسیە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، ئیدارەی رۆژئاوای كوردستان لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا بەهۆی ڤیتۆی توركیا و راگرتنی دڵی توركیا بەشێك نەبوو لە تەواوی ئەو هەوڵانە.

لە كۆتایدا دەڵێین گۆڕانكاریەكانی ئەو دواییانەی وڵاتانی عەڕەبی بە تایبەت لە جەزائیر و سودان هاوكار دەبێت بۆ ئەوەی سوریا لە رێگەی یەكێك لەو سیناریۆیانە كۆتایی بە قەیرانەكانی بهێنرێت، بۆیە دەبێت رۆژئاوای كوردستان بۆ هەر ئەگەرێك ئامادە بێت  و یاركەركی باشی گۆڕەپانەكە بێت و سوود لە كارتەكانی بەردەمی وەرگرێت، بەتایبەت لەوەی تازە توانراوە لەسەردەستی ئەوان كۆتایی بە دەسەڵاتی سەربازی داعش بهێنرێت و شەرڤانان كارتی هەزاران دیلی داعشیان لەبەر دەستە كە لەنێو ئەو دیلانە داعشی بیانی هەیە كە دۆسیەی ئەمانە دەكرێت بكرێتە كەناڵێكی دبلۆماسی بۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی تر و وەك پرسێكی یاسایی سوودی لێوەربگیرێت.

هیوا سەید سەلیم