شەڕی دەستی دوو لە خێزاندا

91 جار خوێندراوەتەوە کات12:31 بەروار13-04-2019
شەڕی دەستی دوو لە خێزاندا
ڕاچڵه‌كین-

کوڕەکە هاوسەرگیری کردووە ڕێزی خێزان و مناڵەکانی خۆی دەگرێت هەرچییەک کە پێویستی ژیانە بۆیان دابین دەکات ، تەبعەن (شەرع و یاسا و ویژدان )یش هەر ئەمە داوادەکات ،کەچی کۆمەڵگا لە بری ئەوەی ستایشی ئەو پیاوە بکات ، هەموویان بەچاوی گومانەوە تەماشای دەکەن و لێی دەکەونە تەقە و یەکێک پێێ دەڵێ (هۆمەر) یەکێک پێێ دەڵێ (مل پان) یەکێک پێێ دەڵێ (ژنانی) ، یەکەم کەسیش کە بەم کارە هەڵدەستێ خێزانەکەی خۆیەتی ، ئەوان پێیان وایە کە کوڕەکەیان زوڵمی لێدەکرێت کاتێک ئەو هەموو پێداویستیانە لە (ڕێز ، سۆز ، خۆشەویستی) بۆ منداڵەکانی دابین دەکات ، بۆەیە خێزان بەهۆکاری ئەم کارە ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دەست دەکەن بە تەداخول کردن و هاندان تێکدانی ژیانی.

دانەیەک هاتبوو بۆ لام ئاماژەی بە لەپی دەستی دەکرد زوزو ئەی ووت مامۆستا بە خوا (کوڕەکەم ئائەمەنەی ماوەتەوە ) ووتم بۆ کوڕەکەت ڕێجیم دەکات ؟ ئەی ووت (نا) ڕۆژتا ئێوارە بۆ ئەو ژن و مناڵانەی ڕادەکات ،دەی دایکی من پەنگوین دوومانگی ڕێک بەناو زەریا و دەریاکاندا بە بەردەم سەدان دڕندە دا بێچوەکانی بەجێ دەهێڵێت تا پاروویەک نانیان بۆ بهێنێتەوە ، کوڕە دادەنیشێت و ئیش ناکات ، پێی دەڵێن (بێ کار و دەست و پێ سپیە) کار دەکات و دەیەوێت لەسەر پێی خۆی بوەستێێت پێی دەڵێن کوشتوویانە.

بۆ کچەکەش هەمان دۆخە ،کوڕێکی باش و بێ کێشەی بە نسیب بووە ، لەبری ئەوەی ئەو پەیوەندیە بە زیندووێتی بهێڵێتەوە ، پێێ بزانێت ، ڕێز بۆ ئەو هەموو ماندوونە بنوێنێت کەس و کاری هاوسەرەکەی بە کەس و کاری خۆی بزانێت . کەچی هەمیشە ئامۆژگاری دەکەن (زۆر مەیە بەدەم هاوسەرەکەتەوە) هەوڵ بدە ڕکێفی هاوسەر و منداڵ و هاتوچۆ لە دەست تۆدابێت ،ئێ ... لەنێوان فشاری کلتور و کۆمەڵگا و خێزان و ئیدیۆمدا ئەوەی دەبێتە قوربانی هەر کوڕ و کچەکە خۆیانن ، دواتر هەموو ئەوانی تر دەچنەوە بەلای ژیانی رۆژانەی خۆیانەوە و بەدبەختیەکە بۆ منداڵەکانیان دەهێڵنەوە.

چونکە کۆمەڵگا ، خێزان ، کلتور ، دەست بەردارت نابێت هەتا نەتکات بەبەشێک لەخۆی لە ڕاستیدا خۆش بەخت دەبیت خەڵکی لێت ناگەڕێت هەتا ژیانت تێک دەدەن ، بەد بەخت دەبیت کەس دەستت ناگرێت هەتا دەتکەن بەبەشێک لەخۆیان.

لەژیانی منداڵەکانتان وەرنە دەرەوە با بکەون ، با کێشەیان هەبێت ، با ماندوو بن ، وەک ئەو بێچه‌وانەی کە پەڕو باڵیان دەرکرد و ئیتر دەفڕن ، بەڵام تەداخولات و چاودێری زۆر ناهێڵێت منداڵەکانتان فێری ئەزموونی چارەسەری کێشەکان بن ، ئەوان ئەوکات بۆ هەموو شتێک هانا بۆ خەڵکی تر دەبەن ،بە بوکەکانتان مەڵێن (ئارد دەبێژیتەوە بۆ خۆت دەلەنگێنیت) بیانوویان پێمەگرن ، توانج و تانەیان لێمەدەن ، چۆنایەتی ژیانیان ئیتر تۆ بەرپرس نیت لێی ، خۆیان دەکەون و فێر دەبن ، وەک ئەو منداڵەی هەتا فێری ڕۆشتن دەبێت سەدان جار دەکەوێت ، لە باوەش کردن باشە بەڵام پێ گرتن دوا دەخات.

ڕێزی زاواکانتان بگرن ، ئەگەر کچەکانتان خۆش دەوێت،ژیانی کچەکانتان تێک مەدەن ،ئەگەر بەختەوەریتان دەوێت ، بۆ هەموو شوێنێک و بۆ هەموو کارێک ئەوەندە بانگهێشتیان مەکەن ، کچەکانتان بەرپرسیارێتی مێرد و منداڵی خۆیان لە ئەستۆدایە، کە وەک جاران نایانپەرژێتە سەر تۆ ، مانای فەرامۆشکردنی تۆ نیە.

(نالی) ووتەنی :-

(گەر ئاب و تابی جەننەتیی و دۆزەخیت دەوێ
بنواڕە نێو چەوانی بەشوش و برۆی عەبووس)

دەتانەوێت منداڵەکانتان بەردەوام بەشوش و دڵخۆش بن یان دڵتەنگ و حەبووس ،ئەگەر ئارامی و بەهەشت و پێکەنینتان بۆ منداڵەکانتان دەوێت کەمێک لە ژیانیان وەرنە دەرەوە ، سەیرێکی منداڵەکانتان بکەن ، هەم خۆتان هەست بە ئاسودەیی دەکەن ، هەم بوار بەوانیش دەدەن لەسەر پێی خۆیان بوەستن.

نوقتە سەری دێڕ .....
هێمن عه‌بدولقادر