ئەو باوكەی سێ كوڕەكەی خۆی كوشت.. هۆكارو چۆنییەتی ئەنجامدانی تاوانەكەی ڕووندەكاتەوە

7604 جار خوێندراوەتەوە کات11:45 بەروار10-04-2019
ئەو باوكەی سێ كوڕەكەی خۆی كوشت.. هۆكارو چۆنییەتی ئەنجامدانی تاوانەكەی ڕووندەكاتەوە
راچڵەكین-

ئەو باوكەی سێ كوڕە هەرزەكارەكەی لەشیرین خەودا كوشت، باس لەچۆنییەتی ئەنجامدانی تاوانەكەیی و هۆكارەكەی دەكات.

كاژێر 1:30ی بەرەبەیانی 7ی نیسانی 2019 باوكێك لە گوندی سەلام-ی سەر بە شارەدێی خان بەنی سەعدی سەر بەپارێزگای دیالە، چوار كوڕی دایە بەر دەستدڕێژی گولـلە لەكاتێكدا لەخەودا بوون، لەئاكامدا سێ كوڕی خۆی كوشت چوارەمی بریندار كرد.. 

باوكەكە ناوی فاروق ئەلعەزاویە و كارمەندی پۆلیسی فیدراڵیە و كوڕەكانیشی ناویان، محەمەد و حسێن و علی- ە و تەمەنیان لە نێوان 14 ساڵ بۆ 20 ساڵاندابوو.

ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی دادوەری دیالە بڵاویكردووەتەوە:" تاوانبارەكە لەبەردەم دادوەری لێكۆلەردا دانی بەكوشتنی كوڕەكانیدا ناوەو هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندووتەوە كە كوڕەكانی ئامادەنەبوون بگەڕێنەوە شارۆچكەی (مەندەلی) كە پێشتر لەوێ نیشتەجێبوون، ئەوەش ناكۆكی لەنێوان خۆیی و كوڕەكانی لێكەوتووەتەوە."

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، تاوانكارەكە وتوویەتی:" رۆژی تاوانەكە، بەیانییەكەی لەخەو هەستاوەو چووە بۆ دوكانەكەی كەهەر لەناو خانووەكەیدا بووە لە شارۆچكەی (بەنی سەعد) و چەكێكی جۆری كڵاشینكۆفی لەگەڵ خۆیدا بردووەتەوە بۆ ماڵەوەو هەر لەوێش دەسترێژی گولـلەی لەكوڕەكانی كردووە."

باوكە ( تاوانبارەكە) ئاماژەی بەوەشكردووە:" كاتێك كوڕەكانی لەخەودا بوون تەقەی لێكردوون و كوشتوونی، بەهەمان شێوە تەقەی لە كوڕێكی تری كردووە تا ئەویش بكوژێت، بەڵام بەبرینداری هەڵاتووەو دەرگای ژوورەكەی لەسەر خۆی داخستووە."

ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی دادوەری دیالە دەڵێت:" لەئێستاشدا دادگای لێكۆڵینەوەی (بەنی سەعد)ی سەربە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی دیالە، دانپێدانانی "تاوانبارەكەی" پەسەند كردووەو بەپێی حوكمەكانی ماددەی (1/406/ا) لەیاسای سزادانی عیراقی، رێوشوێنی پێویستی لەبەرامبەردا گرتووەتە بەر."